خەبات: عامر فەرحان:- لە پارێزگای هەڵەبجە، لە نێوان چیا سەرکەشەکان و سروشتە دڵڕفێنەکەیدا، بیرۆکەیەکی جیاواز لەدایکبووە کە تەندروستیی جەستە و ئارامیی دەروونیی خانمان پێکەوە گرێ دەدات. گرووپی پیادەڕەوی هەوری کە کەمتر لە ساڵێکە دامەزراوە، خزمەتێکی بەرچاوی بە خانمانی شارەکە کردووە.
کەوسەر فاتیح سەرپەرشتیاری گرووپی پیادەڕەوی هەوری لە لێدوانێکدا تایبەت بۆ خەبات ئاماژەی بەوە کرد: هۆکاری دامەزراندنی ئەم گرووپە ئەوە بوو هەستم کرد لە پارێزگای هەڵەبجەدا، گرووپێکی پیادەڕەوی تایبەت بە خانمان نییە کە بە تەواوی ڕێکخراو، فەرمی و جێگەی متمانە بێت تا هەمووان بتوانن بە دڵنیاییەوە بەشداریی تێدا بکەن؛ بۆیە بڕیارم دا گرووپی هەوری دابمەزرێنم کە تایبەتە بە خانمانی تەمەن سەروو 18 ساڵ، بەو مەرجەی کێشەیەکی قورسی تەندروستییان نەبێت، دەشڵێت: ئامانجمان ئەوەیە زۆرترین خانمان بەشداربن لەگەڵمان و هاوکات هۆشیاریی ژینگەییش بڵاو دەکەینەوە، بۆ ئەوەی هەر تاکێک لای خۆیەوە پارێزگاری لە دار و درەختەکان بکات، هاوکات پەرە بە ئاستی کۆمەڵایەتی و متمانەبەخۆبوونی خانمان دەدەین، ئامانجەکانمان هەم دەروونی، هەم جەستەیی و هەم ژینگەیین؛ نامانەوێت لە دۆخێکی چەقبوستوودا بمێنینەوە و پلانەکانمان کورتخایەن نین.
خاوەنی گرووپی پیادەڕەوی هەوری بۆ خەبات ڕوونی کردەوە: لە ئێستادا وەرزشکردن زیاتر لەناو هۆڵەکان یان لە ماڵەوەدا قەتیس بووە، بەڵام ئێمە ویستمان ئەم ستایلە بگۆڕین تا خانمان هەم ئاشنای ناوچەکەی خۆیان بن و هەم لە هەوایەکی پاکدا وەرزش بکەن؛ چونکە سرووشت کاریگەرییەکی سەیری لەسەر مێشک و دەروونی مرۆڤ دروست دەکات. بۆ ئەوەی کەشەکەش دووبارە نەبێتەوە و کەس بێزار نەبێت، هەموو شەممەیەک شوێنی پیادەڕەوییەکانمان دەگۆڕین؛ جارێک لە هەورامانین، جارێک لە شارەزوور و جارێک لە سلێمانی و … هتد.
کەوسەر فاتیح جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەڕێوەبردنی گرووپێکی گەورەی خانمان و پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان دروستکردنی کەشێکی ئارام و جێبەجێکردنی یاساکانی گرووپەکە کارێکی ئاسان نییە، هەربۆیە من پێش دەستپێکردنی هەر پیادەڕەوییەک، هەموو ئەندامان کۆدەکەمەوە و یاساکانیان بۆ ڕوون دەکەمەوە، پێیان دەڵێم پێویستە چاومان لە یاساکان بێت، زیان بە باخ و موڵکی خەڵک نەگەیەنین و ژینگە پیس نەکەن، ڕاستە ڕاگرتنی ئەم هاوسەنگییە قورسە، بەڵام سوپاس بۆ خوای گەورە، بەهۆی تێگەیشتوویی و بەڕێزیی ئەندامەکانمانەوە، توانیومانە کەشێکی پڕ لە چێژ و دڵنیایی دروست بکەین و کارەکانمان بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدەین.