خەبات: تریفە ئازاد:- لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و شاری هەولێر بەتایبەتی، نرخی مریشكی زیندوو بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیووە، ئەم بەرزبوونەوەیە کتوپڕە.

بۆ قسەکردن لەسەر لایەنی فەرمی و تەکنیکی بابەتەکە، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (خەبات) ڕایگەیاند: هۆکارگەلێکی زۆر و فرەڕەهەند هەن بۆ گرانبوونی نرخی مریشکی زیندوو لە بازاڕەکاندا، ئەم دیاردەیە تا ڕادەیەک ساڵانەیە؛ چونکە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و گۆڕانی کەشوهەوا، پرۆسەی بەرهەمهێنانی مریشک تووشی گۆڕانکاری و ئاستەنگ دەبێتەوە، لە ئێستاشدا کە بەرەو وەرزی گەرمایەکی توند دەچین، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کێڵگە پەلەوەرییەکان دروست کردووە.

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ زیاتر ڕوونی کردەوە و گوتی: لە ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق، كێڵگەكانی بەخێوکردنی مریشک بەهۆی بەرزیی پلەکانی گەرماوە کێشەی گەورەیان بۆ دروست بووە، زۆربەی ئەو كێڵگانە ئامێری پێشکەوتووی فێنککەرەوەیان نییە، وای کردووە کە خاوەن کێڵگەکان نەتوانن وەک پێویست جوجکە دابنێنەوە، لە ئەنجامدا ئاستی بەرهەمهێنان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

لەسەر ئاستی نرخەکانیش لە کێڵگەکاندا، ناوبراو ئاشکرای کرد: بەم هۆکارانە، نرخی یەک کیلۆ مریشکی زیندوو لە كێڵگەكانی بەخێوکردنەوە لە ۲٥۰۰ دینارەوە بەرزبووەتەوە بۆ ۳۰۰۰ دینار.

لەلایەکی ترەوە، بازاڕی فرۆشتنی مریشکی زیندوو بەدەست کەمبوونەوەی کڕیار و سستبوونی جووڵەی بازرگانییەوە دەناڵێنێت، شەماڵ، کە خاوەنی دووکانی مریشکفرۆشییە، لەبارەی ڕەوشی بازاڕ و کاریگەری ئەم گرانییە بۆ (خەبات) دوا و گوتی: گرانبوونی کتوپڕی نرخی مریشک کاریگەرییەکی زۆر خراپی خستووەتە سەر کاری ڕۆژانەی ئێمە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، نرخەکان زۆر لە دابەزیندا بوون، خەڵکێکی زۆر دەهاتنە کڕینی مریشک و ڕۆژانە ئێمە وەک مریشکفرۆش هیچ بەرهەمێکمان نەدەما و تا نیوەڕۆ هەمویمان دەفرۆشت.