سهرهتا وتار ئەزموونی سەرۆک بارزانی قوتابخانەی دەوڵەتمەداری و یەکڕیزیی نەتەوەیی
عەبدولڕەحمان حەبەش
لە مێژووی گەلاندا، پێگەی سەرکردەکان بە ژمارەی ئەو ساڵانە ناپێورێت کە لە کاری سیاسیدا بەڕێیان کردووە، بەڵکو بەو دەستکەوتانە دەپێورێت کە بەدییان هێناوە و ئەو شوێنەوارەی کە لە کاروانی گەلەکەیاندا جێیان هێشتووە. لەم ڕوانگەیەوە، ئەزموونی سەرۆک مسعود بارزانی و سەرکردایەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان وەک یەکێک لە گرنگترین ئەزموونە سیاسییە کوردییە هاوچەرخەکان دەردەکەوێت، چونکە سەرکەوتوو بوو لە کۆکردنەوەی نێوان خەباتی نەتەوەیی، بنیاتنانی دامەزراوەکان و بەڕێوەبردنی پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان و گۆڕینی قوربانییەکان بۆ دەستکەوتی سیاسیی و دەستووری کە پێگەی هەرێمی کوردستانی لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەهێزتر کرد.
سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان سەلماندی کە کاری سیاسیی سەرکەوتوو بە دروشم بنیات نانرێت، بەڵکو بە دیدێکی ستراتیژی، یەکدەنگی لە بڕیاردان، کاری دامەزراوەیی و کرانەوە بەڕووی جیهاندا بەندە. بەم سیاسەتە، هەرێمی کوردستان بووە نموونەیەک لە ئاسایش، سەقامگیری و گەشەپێدان و هەولێریش بووە بە چەقی دیالۆگی سیاسیی و دیپلۆماسیی، پێشوازی لە شاندە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان دەکات و ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە لێک نزیککردنەوەی بیروڕاکان سەبارەت بە زۆرێک لە پرسەکانی ناوچەکە.
سەرۆک مسعود بارزانی ڕۆڵێکی تەوەرەیی هەبوو لە چەسپاندنی ئەم ئامادەییەدا، کاتێک دۆزی کوردی گەیاندە کۆڕ و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان و بە دیالۆگ و دیپلۆماسی بەرگری لێکرد، بەو باوەڕەی کە مافە نەتەوەییەکان بە کاری سیاسیی ڕێکخراو، بنیاتنانی پەیوەندییەکان و بەدەستهێنانی پشتگیری نێودەوڵەتی بەهێزتر دەبن، لە پاڵ خۆڕاگری و قوربانیدانیان.
ئەم ڕۆڵەی سەرۆک بارزانی تەنیا لەسەر هەرێمی کوردستان قەتیس نەمایەوە، بەڵکو بۆ بەشە جیاوازەکانی دیکەی کوردستان درێژبوویەوە، لە پێش هەمووشیانەوە (کوردستانی سوریا). سەرۆک مسعود بارزانی لە چەندین بۆنەدا جەختی لەسەر گرنگی یەکڕیزی گەلی کورد و پشتگیریکردنی دیالۆگی نێوان هێزە سیاسییە کوردییەکان کردووەتەوە، لەسەر بنەمای ئەو باوەڕەی کە لێکترازان دۆزەکە لاواز دەکات، لە کاتێکدا تەبایی و یەکڕیزی هێزێکی گەورەتری پێ دەبەخشێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئالەنگارییەکاندا.
لێرەشەوە، بزوتنەوەی سیاسیی کورد لە سووریا ئەمڕۆ داوای لێدەکرێت سوود لەم ئەزموونە دەوڵەمەندە وەربگرێت، نەک لە بابەتی لاساییکردنەوە، بەڵکو لە بابەتی سودوەرگرتن لە ئەزموونێک کە سەرکەوتوویی خۆی بە درێژایی دەیان ساڵ لە خەبات، شۆڕش و قوربانیدان سەلماندووە. سەرۆک مسعود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان توانیویانە کاروانی خەبات بگۆڕن بۆ پڕۆژەیەکی سیاسیی و دامەزراوەیی، کە دەستکەوتی مێژوویی بۆ گەلی کوردستان بەدەستهێنا و ئامادەیی پرسی کوردی لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی چەسپاند.
واقیعی سیاسیی کورد لە سوریا ئەمڕۆ پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی جدی هەیە و پێویستی بە تێپەڕاندنی ناکۆکی و لێکترازانەکان هەیە کە وزەی بزوتنەوەی سیاسییان بەفیڕۆداوە و تواناکانیانی بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکان لاواز کردووە. قۆناغی ئێستا پێویستی بە گوتارێکی سیاسیی یەکگرتوو، دیدێکی ستراتیژی ڕوون و پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ لایەنە جیاوازەکاندا هەیە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی گەلی کورد و داهاتووی بکات.
ئەزموونی سەرۆک مسعود بارزانی سەلماندی کە سەرکردایەتی سەرکەوتوو لەسەر بنەمای دانایی، دانبەخۆداگرتن، واقیعی سیاسیی، و سووربوون لەسەر پرەنسیپەکان بونیاد دەنرێت، لەگەڵ نەرمی نواندن لە بەڕێوەبردنی گۆڕانکارییەکاندا. ئەم وانانە سەرچاوەیەکی سیاسیی پێکدەهێنن کە بزووتنەوەی کوردی لە سووریا دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت لە بنیاتنانی پڕۆژەیەکی نیشتیمانی و نەتەوەیی یەکگرتوو و کاریگەرتردا.
داهاتووی دۆزی کورد لە سوریا بە لێکترازان یان بە پێشخستنی بەرژەوەندییە حزبییە بەرتەسکەکان دروست نابێت، بەڵکو بە یەکڕیزی، ڕێزگرتن لە فرەیی، کاری دامەزراوەیی و سوودوەرگرتن لە ئەزمونە سەرکەوتوەکانی کوردستان بەدی دێت. ئەزمونی سەرۆک مسعود بارزانی و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان بۆ زۆر کەس نوێنەرایەتی یەکێک لە دیارترین ئەو ئەزمونانە دەکات کە شایستەی خوێندنەوە و سود لێوەرگرتنن، بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە بەهێزکردنی ئامادەیی سیاسیی کورد و بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی دیدێکدا کە لەسەر بنەمای دیالۆگ، هاوبەشی و سەقامگیری دامەزراوە.