ئەنجومەنی سیاسی و ڕێککەوتنی ستراتیژی کلیلیی تێپەڕاندنی دۆخی چەقبەستوویی سیاسییە

170

سامان حەمەدەمین عەلى
زیاتر لە ساڵێکە چاوەڕوانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانین. ئەگەرچی حکومەتی ئێستا نەیهێشتووە بۆشاییەکی سیاسی و ئیداری دروست بێت، بەڵام بەرژەوەندیی گشتیی هەرێمی کوردستان و خەڵک و پرۆسەی سیاسی و بارودۆخی دەوروبەر وادەخوازن، کە لەم پرۆسەیەدا دەستپێشخەری و دەستوبرد بکرێت. هۆکارە سەرەکییەکەش ئامادەنەبوونی لایەنە سیاسییەکانە لە کاراکردنی پەرلەمانی کوردستان؛ بەتایبەتی ئەو لایەنانەی پشت بە هەوڵی بێگانە و ئەجندای لاوەکی دەبەستن، ئامادە نین بێنە پێشەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت.

ئەوەش گرفتێکی ترە و جیا لە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت، هەڵگەڕانەوەیە لەو پێشینە سیاسییەی کە پێشتر، دوور لە دەستێوەردانی دەرەکی، بە ئاسانی ئەو قۆناغە تێدەپەڕی و کابینەی حکومەت دروست دەکرا.

پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، بە بەراورد لەگەڵ کابینەکانی تر، ماوەیەکی درێژتری خایاند و لێکەوتەی جۆراوجۆری لێکەوتەوە؛ لێرەدا پرسیار ئەوەیە: بۆچی بەشداریی لایەنەکان هێندە سەخت بێت؟! لە کاتێکدا بەرپرسیارێتی تەنها لەئەستۆی لایەنێک نییە، بەڵکو هەر لایەنە و ڕۆڵی خۆی هەیە.

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک لایەنێکی سەرەکی و خاوەن دەنگی زۆرینە، هاوشێوەی هەموو کابینەکانی پێشوو، دەرگای واڵایە بۆ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، بەڵام هەندێک لایەن بە بیانووی لاواز و لاوەکی، گرفت و گوشار بۆ ئەو پرسە دروست دەکەن تاکو بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بخەنە پێش بەرژەوەندیی گشتییەوە.

ئەگەر ئەوەش خواستی خۆیان بێت، بەڵام لە پشت ئەوانەوە مەرامێک هەیە کە ڕۆڵی هەرێم لاواز دەکات؛ واتە دەست و مەرامی بێگانە بەسەر هەندێک لایەندا زاڵترە بۆ ئەوەی پرۆسەی گەشەپێدانی سیاسی لە ڕێگەی ئەوانەوە لە هەرێمدا پەکبخەن. بۆ ڕێگریکردن لەو پێشهاتە و درێژنەبوونەوەی ئەو گرفتە، پێکهێنانی ئەنجومەنێکی سیاسی بۆ کوردستان یان واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ستراتیژی لە نێوان لایەنەکاندا، دەبێتە هەوڵێکی باش بۆ کردنەوەی گرێ سەختەکانی بەردەم پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەزموونی مێژوویی:
پێکهێنانی هاوپەیمانی، بەرە، دەستە و ڕێککەوتنی لاوەکی و ستراتیژی لە نێوان لایەنەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا، ئەزموونێکی نوێ نییە و زۆر جار ئەو پێشهاتانە هاتوونەتە ئاراوە. بۆ نموونە؛ ئەزموونی بەرەی کوردستانی (١٩٨٧-١٩٩٢) لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا، باشترین ئەزموونی یەکڕیزی و تەبایی لایەنە سیاسییەکان بووە؛ وەک چۆن سەرۆک مەسعود بارزانی لە بەشەکانی کتێبی «بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد»دا باسی دەکات، ئەوە باشترین قۆناغ و مێژووی پێکەوەسازان و بەدەستهێنانی دەستکەوتی گرنگ بووە لە خەباتی ڕزگاریخوازی کورددا، کە دەرەنجامەکەشی هێنانەئارای حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان بوو. هەروەها ئەو ڕێککەوتنانەی بۆ پێکهێنانی کابینەکانی حکومەتی عێراق لە نێوان لایەنە کوردستانی و عێراقییەکاندا بۆ دابەشکردنی دەسەڵات و پۆستەکان کران، ئەنجامی باشیان بۆ ئەو سەردەمە هەبوو.

لە ئێستادا ئەوەی گرفتی سەرەکییە، لاوازیی ڕۆڵی هەندێک لایەنە بە ناوی ئۆپۆزسیۆنبوون و دەستتێکەڵکردنیان لەگەڵ هەندێک لایەنی تر بۆ دروستکردنی بەربەست لە بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم لەژێر ناوی هاوپەیمانێتیدا، بەڵام لە بنەڕەتدا بۆ دژایەتیکردنی حکومەت و قەوارەی هەرێمە! چونکە پێشینەی هاوپەیمانییەتییان لەگەڵ لایەنە بێگانە و عێراقییەکاندا، بەڵگەیەکی ڕاست و دروستە کە هەرێم بەرەو نائارامی دەبەن بۆ خزمەتکردنی مەرامی تایبەتی خۆیان. بەتایبەتی ڕێککەوتنێک کە لە ناچاری و لەژێر گوشاردا بێت، نابێتە ڕێککەوتنێکی ڕیشەیی و درێژخایەن.

لەلایەکی ترەوە، ئەو ڕێککەوتنانەی پێشتر لەسەر بنەمای حکومەتی نیشتمانی و بنکەفراوان دروستکران، تا ڕادەیەک نموونەی باش و گرنگ بوون بۆ پێکەوەسازان و نەهێشتنی ئەو بەربەستانەی ئێستا لە بەردەم کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمدان.

بۆیە لە ئێستادا باشترین دەرچە، کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانە لە چوارچێوەی ئەنجومەنێکی سیاسیدا کە کەسی یەکەمی لایەنەکان کۆبکاتەوە بۆ کردنەوەی گرێی گرفتەکان و چارەسەرکردنیان، یان هێنانەئارای ڕێککەوتنێکی هاوپەیمانیێتیی گشتگیر کە تێیدا هەموو لایەنەکان بەپێی بەرکەوتی هاوبەشی خۆیان لە پێکهێنانی حکومەتدا بەشدار بن، نەک دوورەپەرێز بمێننەوە؛ چونکە دەنگ و بەشداریی هەر لایەنێک هاوسەنگیی هێز یەکلا دەکاتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت. بەڵام دوورەپەرێزبوون بە ناوی ئۆپۆزسیۆنبوونەوە لەم دۆخەدا، پاشەکشەیە نەک شانازی، چونکە حکومەتی هەرێم لە ئێستادا پێویستی بە بەشداریی هەموو لایەنەکانە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە چەقبەستووەی کە هەرێمی تێکەوتووە.

گرنگیی ئەنجومەن و ڕێککەوتنی سیاسی:
ئەو ڕاستییە مێژووییە سەلمێندراوە کە لە هەرێمی کوردستاندا ئەزموونی ئۆپۆزسیۆنبوون ئەزموونێکی سەرکەوتوو نەبووە؛ هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ئێمە هێشتا قەوارەیەکی سیاسیی تەواو سەربەخۆ نین و بەشێکین لە عێراق، واتە هێشتا قۆناغی ڕزگاری و سەربەخۆییمان بەتەواوی تێنەپەڕاندووە. بۆیە ئۆپۆزسیۆنبوون بە شێوازی ئێستای، دەبێتە هۆی لاوازکردنی پێگەی قەوارەکە نەک پاراستن و گەشەپێدانی حکومەتی هەرێم. لەبەر ئەوە، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، چ زۆرینە و چ کەمینە، ئامانجی سەرەکییان یەکڕیزی، تەبایی و پێکەوەسازان بێت بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم، نەک خۆلادان لە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی بە ناوی ئۆپۆزسیۆنبوونەوە؛ چونکە دەنگ و بەشداریی هەموو لایەنەکان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمدا یەکلاکەرەوە دەبێت.

ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان:
پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک حزبێکی ڕەسەن و خاوەن مێژوویەکی درێژ لە خەبات، تێکۆشان و قوربانیدان لە پێناو مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا، لە دوایین هەڵبژاردنیشدا توانی متمانەی زۆرینەی هەرە زۆری خەڵک بەدەستبهێنێت و یەکەمین بێت لە بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ و زۆرترین کورسیی پەرلەمانی بە بەراورد بە سەرجەم لایەنەکانی تر. لەبەر ئەوە، ئەمە مافێکی تەواو شەرعی و یاسایی پارتی خۆیەتی کە بەپێی سەنگ، پێگە و قورسایی سیاسیی خۆی، کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنێت. سەرباری ئەم مافە شەرعییە، پارتی هەمیشە و لە هەموو قۆناغە مێژووییەکاندا دەرگای گفتوگۆی واڵا بووە و واڵاشە بۆ هەر حزب و لایەنێکی سیاسیی کوردستان، کە بیەوێت ڕاستگۆیانە و لە پێناو خزمەتکردنی خاک و خەڵکی کوردستاندا بەشداریی ڕاستەقینە لە پێکهێنانی حکومەتدا بکات.
مێژووی پڕ لە سەروەریی پارتی هەمیشە ئەوەی سەلماندووە کە ئەم حزبە نەک تەنها قەڵایەکی قایم، بەڵکو هەمیشە پارێزەر و قوربانیدەری سەرەکی بووە بۆ پاراستن و پێشخستنی قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی کوردستان. هاوڕێژەی ئەمەش، هەوڵ و ڕۆڵی بێوچانی پارتی لە پێناو ڕێکخستن و یەکڕیزیی ناوماڵی کورددا هەمیشە بەرز و بەرچاو بووە. پارتی دیموکراتی کوردستان وەک حزبێکی نیشتمانیی متمانەپێکراو، هەمیشە سەکۆ و چەترێکی دڵسۆز بووە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی تەواوی خەڵکی کوردستان، بە سەرجەم چین و توێژەکان و بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی، ئاینی و ئاینزاکانییەوە، و لەم کابینە نوێیەشدا بە هەمان ڕۆحیەتی نیشتمانییەوە بەرپرسیارێتیی قۆناغەکە بەرەو کەناری ئارامی دەبات.