سهرهتا وتار کوردستان…نیشتیمانێک دڵسۆزان بونیاتی دەنێن و بە چەواشەکاران تێکناشکێت
دڵشاد محەممەد ئەحمەد نەقشبەندی*
کوردستان بە دروشم بونیات نەنراوە و بە وتاربێژی گەشەی نەکردووە، مەزنیی خۆشی بە موزایەدەی سیاسیی بەدەست نەهێناوە، بەڵکو بە ئیرادەی گەلێک بونیات نراوە کە شکان ناناسێت، بە قوربانیدانی شەهیدان و بە دانایی ئەو سەرکردانەی باوەڕیان وابوو کە نیشتمان بە یەکڕیزی دەپارێزرێت، بە کارکردن ئاوەدان دەبێتەوە و بە عەزیمەت و ورە بەپێوە دەمێنێتەوە.
ئەگەر مێژوو دادپەروەر بێت، ئەوا بە پیتی زێڕین هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی دەنووسێتەوە، کە لە تاریکترین بارودۆخدا خەمی کوردستانی هەڵگرت و دانایی، ئارامگری و یەکڕیزیی ڕیزەکانی کردە ڕێبازێکی نەگۆڕ. لە هەر قەیرانێکدا، وتەکانی هەمیشە بانگەواز بوون بۆ تەبایی و هاوپشتی، لە هەر وەرچەرخانێکیشدا دیدگای ئەو لە پاراستنی کەرامەتی گەلی کوردستان، داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیرییەوە سەرچاوەی دەگرت. ئەو سەلماندی کە سەرکردایەتیکردن پۆست نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە کە بە دڵسۆزی و ئازایەتییەوە بەجێ دەگەیەنرێت.
سەرۆکی حکوومەتیش لەسەر ئەم ڕێبازە بەردەوام بوو، ئەو کە کار و دەستکەوتی کردە ناونیشانی قۆناغەکەی، کاروانی بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوەی درێژە پێدا، کاری بۆ پەرەپێدانی ژێرخان، بەهێزکردنی ئاسایش، هاندانی وەبەرهێنان و هەمەجۆرکردنی ئابووری کرد؛ چونکە لەو باوەڕەدا بوو کە هێزی کوردستان بەوە دەپێورێت کە لەسەر زەمینی واقعدا بەدی دێت، نەک بەوەی لە وتار و بەیاننامەکاندا دەگوترێت.
لە بەرامبەریشدا، هەندێک دەنگ لە هێرشکردنە سەر کوردستان و ڕێگریگرتن لە مافەکانی و مووچەی فەرمانبەرانی نەوەستاون، لە هەمان کاتداتیشدا دروشمی شەرەف، ئەخلاق، ویژدان و دەستپاکی بەرز دەکەنەوە. بەڵام ڕۆژگار سەلماندی کە تەنیا دروشم بەس نییە و ڕاستی بە کردەوە دەناسرێتەوە نەک بە قسە، مێژووش هیچ حسابێک بۆ خاوەن ژاوەژاوەکان ناکات، بەڵکو ناوی خاوەن هەڵوێستە ڕاستەقینەکان و ئەو دەستکەوتانە تۆماردەکات کە خەڵک بە چاوی خۆیان دەیبینن و هەستی پێ دەکەن.
کوردستان بە ویستی خودا بە سەربەرزی دەمێنێتەوە، چونکە پشت بە گەلێکی بەوەفا، سەرکردایەتییەکی بەبڕوا و ئیرادەیەک دەبەستێت کە کۆڵدان ناناسێت. ئەو دانایییەی کە سەرۆک مسعود بارزانی نوێنەرایەتی دەکات و ئەو کار و کۆششەی کە مەسرور بارزانی ڕێبەرایەتی دەکات، وەک گرنگترین هۆکارەکانی هێزی کوردستان و خۆڕاگری لە بەردەم تەحەددییەکاندا دەمێننەوە، تا ئەو کاتەی ئەم گەلە بەڕێزە دەگاتە ئەو پێگەیەی کە لە نێوان نەتەوەکاندا شایستەیەتی.
* پێشنوێژ و تارخوێن