لە کتێبخانەی حەیدەری لە شاری هەولێر، دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ کۆڕێکی فەرهەنگی بە ناونیشانی (کتێبخانەی حەیدەری (١٩٨٠- ١٩٨٥)؛ لە دامەزراندنەوە تا داخستن) بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە نووسەران و ڕۆشنبیران وخوێنەران بەڕێوەچوو.

لە کۆڕەکەدا مومتاز حەیدەری باسێکی وردی مێژووی دامەزراندنی کتێبخانەی حەیدەری و قۆناغە جیاوازەکانی کاری ئەو ناوەندە فەرهەنگییە کرد و تیشکی خستە سەر ڕۆڵی بەرچاوی لە پەرەپێدانی بزووتنەوەی فەرهەنگی و بڵاوکردنەوەی کتێب لە هەولێر.

هەروەها ئاماژەی بەو هەوڵ و ئاستەنگانە دا کە لە ماوەی ساڵانی ١٩٨٠ تا ١٩٨٥ بۆ پاراستن و بڵاوکردنەوەی کتێب و فەرهەنگ دران،بەڵام لە ساڵی ١٩٨٥ کتێبخانەکە لەلایەن ڕژێمی بەعس داخرا و چاڵاکییەکانی وەستان.

کۆڕەکە بە گفتوگۆ و پرسیار و وەڵام لەنێوان ئامادەبووان و مومتاز حەیدەری کۆتایی هات و گرنگی پاراستنی میراتی فەرهەنگی و بەڵگەنامەکردنی مێژووی ناوەندە فەرهەنگییەکانی کوردستان دووبارە خرایە بەر باس.