خەبات: عەلی بانیشاری:- مزگەوتی دێرینی بنێ گوندی لە شارەدێی بامەڕنێ لە دەڤەری ئامێدی لەسەر شێوازە كۆنەكەی خۆی لەلایەن خێرخوازێكی ناوچەكەوە نۆژەندەكرێتەوە. بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەكان مێژوویی دروستكردنی مزگەوتە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 850 ساڵ لەمەوبەر. بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك دەڵێت: مزگەوتی كۆنی بامەڕنێ تاكە مزگەوتی ناوچەكەیە كە تاوەكو ئێستا دەستكاری نەكراوە و لە ڕووی لایەنی بیناسازییەوە شتێكی دەگمەنە.
بێكەس بریفكانی، بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: لەسەر ئەركی خێرخوازێكی ناوچەكە و بەسەرپەرشتی و چاودێری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك مزگەوتی بنێ گوندی لە شارەدێی بامەڕانێ سەر بە قەزای ئامێدی نۆژەن دەكرێتەوە.
پڕۆسەی نۆژەنكردنەوەی مزگەوتی كۆنی بامەڕانێ ماوەی شەش مانگە دەستیپێكردووە، بەڵام بەهۆی وەرزی بارانبارین كارەكان تەواو نەبوون. بێكەس بریفكانی دەڵێت: مزگەوتی بنێ گوندی یەكێكە لە جوانترین مزگەوتەكانی سنوورەكە كە تاوەكو ئێستا هیچ دەستكارییەك نەكرابێت، گوتیشی: ئەو كەسەی تێچووی نۆژەنكردنەوەی مزگەوتەكەی لەئەستۆ گرتووە كەسێكی ڕۆشنبیری ناوچەكەیە و سەردانی ئێمەی كردووە و ئێمەش كۆمەڵێك مەرجمان بۆ نۆژەنكردنەوەی مزگەوتەكە هەبووە، ئەویش لەلایەن خۆیەوە وەكو هەستێكی نەتەوەیی و بەرپرسیاریەتی ڕۆشنبیری و مێژوویی بە تەواوی مەرجەكانی ئێمە ڕازی بووە.
بریفاكانی دەشڵێت: وەكو بەڕێوەبەرایەتیی خۆبەخشانە سەرپەرشتی و چاودێری نۆژەنكردنەوەی مزگەوتی كۆنی بامەڕنێ دەكەین و كەسی خێرخواز كرێی ڕۆژانەی وەستا و كرێكار و پێداویستییەكان دابین دەكات.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری پارێزگای دهۆك ئاماژەی بەوەشدا، ڕۆژانە نزیكەی 10 بۆ 15 كەس لە وەستا و كرێكار و شوێنەوارناسی دانەمەزراو دەرفەتی كاریان لە پڕۆژەكە بۆ ڕەخساوە و چەندین كەسیش كە خەڵكی ناوچەكەن وەكو خۆبەخش كار لە نۆژەنكردنەوەی مزگەوتەكە دەكەن.
ڕاشیگەیاند، وەكو شوێنەواری دهۆك مەبەستیانە مزگەوتی بنێ گوندی كە شێوازێكی تەلاسازیی جوانی و دەگمەنی هەیە لەسەر شێوازی كۆنەكەی خۆی نۆژەن بكەنەوە و لە داهاتوودا لە ڕووی گەشتوگوزار و شوێنەواری ئاینی سوودی لێ وەربگرن.
بێكەس بریفكانی ئەوەشی گوت: ئەو كەسی تێچووی نۆژەنكردنەوەی مزگەوتەكەی لە ئەستۆ گرتووە بەڵێنی داوە كەسێك دابمەزرێنێت بۆ خاوێنكردنەوە و خزمەتكردنی مزگەوتەكە و پێشوازی لە میوان.
مزگەوتی كۆنی بامەڕنێ مێژووی دروستكردنی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 850 لەمەوبەر. بەوتەی بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك، یەكێك لەو بەردانەی پێشتر وەكو فەرش لە دروستكردنی مزگەوتەكە بەكارهاتووە درێژییەكەی 2.80 سانتیممەتر و ئەوەش لە ڕووی لایەنی بیناسازیی ئاینی شتێكی دەگمەنە. نۆژەنكردنەوەی مزگەوتی بنێ گوندی زیاتر لە 50%ـی كارەكانی تەواو بووە و بڕیارە هەر ئەمساڵ لە 100% كارەكانی تەواو بكرێت.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری دهۆك، دوو هەزار و 815 ناوچەی شوێنەواری تۆماركراو لە سنووری پارێزگای دهۆك هەن، لەو ژمارەیە 50 شوێنیان كەوتوونەتە سنووری دەڤەری ئامێدی.