سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، داوا لە هاووڵاتییان دەکات هەر دۆسیەیەکی گەندەڵی هەیە و ئەوان زانیارییان لەسەر هەیە، پەیوەندی بە حکومەتەوە بکەن و ئاشکرای بکەن لەبەرامبەریشدا بەشێكی پارەی دۆسییەکە بۆ هاووڵاتییەکە دەبێت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە ئاشکراکردنی دۆسییەکانی گەندەڵی و گێرانەوەی پارەی گەندەڵی بۆ دەوڵەت ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.
– ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکوەزیران فەرمانی پێدانی ڕێژەیەکی داراییشی کردووە بەپێی یاسا بەو کەسانەی کە زانیاری لەسەر هەر دۆسیەیەکی گەندەڵی بدەن، ئەوەش وەک پێزانینێک بۆ ڕۆڵی نیشتمانییان و پشتگیری کردن لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی.
لەبارەی ئەوەی چۆن خەڵک زانیارییەکان بە حکومەت بدات، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، بەمزووانە لینکێکی تایبەت بۆ پەیوەندی کردن لەسەر ئەم بابەتە ڕادەگەیەنرێت، واتە ناردنی زانیارییەکان ئەلیکترۆنی دەبێت.