خەبات: تریفە ئازاد:- نەسرەت سۆفی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەبات)ی ڕایگەیاند: «ئێمە وەكوو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەر لەو ڕۆژەی كە سوێندی یاساییمان خوارد وەكوو ئەندامانی پەرلەمان، هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نەبووینە كە پەرلەمانی كوردستان كارا نەبێت و دەستەی سەرۆكایەتی نەبێت.
ئێمە لەو ڕۆژەوە بەو نیەتەوە چووین كە بڕگەی یەكەم كە سوێندی یاسایی دەخۆین، بڕگەی دووەم هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتییە، بەڵام بە داخەوە لایەنی تر، بە تایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەگەڵ ئەوەدا نەبوون كە جارێ سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، وەكوو یەک پاكێج سەیریان كرد. ئێمەش دەرفەتێكمان پێدان بۆ ماوەیەكی كاتی بوو، نەدەكرا لە ماوەی مانگێك زیاتر دوابكەوێت، بەڵام بە داخەوە ئەوە نزیك دەبینەوە لە دوو ساڵ پەرلەمانی كوردستان بێ دەستەی سەرۆكایەتییە، ئەوەش لە لایەن هێزێكی سیاسیی كوردستانەوە، ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی كوردستانە، بۆ ئەوەی داخوازی و دەستكەوتەكانی خۆی پێ بەدی بهێنێت، كە ئەمەش دوورە لە هەموو پڕەنسیپە دیموكراسییەكان، دوورە لە عورفی سیاسی و یاسایی.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان گوتیشی: «ناكرێت تۆ پەرلەمان، کە شوێنی باڵاترین دەسەڵاتی یاسایی پەرلەمانی كوردستانە و ئەو شوێنەیە كە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەنگیان پێداوە، بە هەند و بارمتە بگریت بۆ ئەوەی داخوازییەكانی خۆتی پێ جێبەجێ بكەیت. ئێمە دەڵێین سەرەتا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان هەڵدەبژێرین بۆ ئەوەی پەرلەمان بكەوێتە سەر ڕێڕەوی كاری خۆی و ئەو بۆشاییە یاساییەی كە هەیە كۆتایی پێ بێت، دواتر دێنە سەر هەنگاوەكانی تر كە سەرۆكایەتیی هەرێم و پێكهێنانی كابینەیە و كاری لەسەر دەكرێت، پاش ئەوەی كە پەرلەمان كاری خۆی كرد و حزبەكان دەكەوتنە گفتوگۆ و دانوستاندن بكەن لە بارەی پۆستەکانەوە. بەڵام بە داخەوە یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕۆڵێكی زۆر نێگەتیڤ و خراپی بینیوە بۆ ئەوەی پەرلەمانی كوردستان بەم ئاقارەدا بڕوات.
ناوبراو تەئکیدیشی کردەوە: «ئێمە وەكوو پارتی دیموكراتی كوردستان قەت لەگەڵ ئەوەدا نەبووینە، پێمان وایە دەبێت پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێت و ڕۆڵی خۆی ببینێت، چونكە خەڵكی كوردستان دەنگی بە ئێمە داوە، ئێمەش نوێنەری ئەو خەڵكەین بۆ ئەوەی لە پەرلەمانی كوردستان یاسا دەربكەین. ئێمە وەكوو پارتی بەیانی ئامادەین بچینە هۆڵی پەرلەمان و دەست بە كارەكانی خۆمان بكەین، بەڵام ئەم چەقبەستووییەی ئێستا و نەبوونی پەرلەمانێكی كارا كاریگەریی لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان دەبێت. ئەگەر وا نەبووایە، كەسێكی وەک شاسوار نەیدەتوانی بێت و دابنیشێت و ئەم قسانە بكات و باس لە هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكات. ئەمانە پەیامی ناڕاستەوخۆ و نامۆن، ناكرێت تۆ باسی ئەوە بكەیت كە سەرۆكی حكوومەتت هەبێت و بڵێیت حكوومەت هەڵدەوەشێنمەوە و تێكی دەدەم؛ ئەمانە هەمووی دەنگی ناشازن، ئەمە بێڕێزیكردنە بەرامبەر بە سەروەری و شكۆی هەرێمی كوردستان و بێڕێزیكردنە بەرامبەر بە خانەوادەی شەهیدانی كوردستان، بەداخەوە ئەم جۆرە لێدوانانە بگاتە ئەو ئاستە.
بۆیە هیوادارین یەکێتی بگەڕێتەوە، هەنگاوی یەکەم بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان بنرێت و دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرێت و دەست بە كارەكانی خۆمان بكەینەوە، دواتر هەنگاوەكانی تری بەدوادا بێت و كابینەیەكی نوێ پێكبهێنرێت بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵكی كوردستان بكات و لەم نائارامییە سیاسییە ڕزگاری بکەین كە كاریگەریی لەسەر هەموو لایەنەكانی ژیان كردووە.
بۆیە دووبارە تەئکید لەوە دەكەمەوە ئێمە وەكوو فراكسیۆنی پارتی ئامادەین بەیانی بچینەوە پەرلەمان و دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرێت، بەڵام بە داخەوە یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان نایەت، ئێمە چەندین جاریش پێمان گوتن، بە داخەوە پەرلەمانی كوردستانی وەكوو بارمتەیان بەكار هێناوە بۆ ئەوەی دەستكەوت و مەنسەبی زیاتر بەدەست بهێنێت، ئەمەش كاریگەریی لەسەر سەرجەم كایە و پێگەی هەرێمی كوردستان كردووە، هیوادارین ئەم دۆخە كۆتایی پێ بێت.
ڕۆبینا تیاری، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە پێكهاتەی مەسیحییەكان، لە لێدوانێكی تایبەت بە (خەبات) گوتی «گرنگیی مانەوەی قەوارەی هەرێم لە كاراكردنەوەی پەرلەمان و كابینەی نوێدایە. قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی كوردستان، بەرهەمی خەبات و قوربانیی چەندین دەیەی گەلانی كوردستانە. لەم قۆناغە هەستیارەدا كە ناوچەكە و عێراق بە گۆڕانكاریی خێرا و ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبن، پاراستن و بەهێزكردنی ئەم قەوارەیە ئەركێكی نیشتمانیی لەپێشینەیە. كلیل و مەرجی سەرەكیش بۆ پاراستنی ئەم قەوارەیە، ڕێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستانە و چالاككردنەوەی دامەزراوە شەرعییەكانە، بەتایبەت (پەرلەمان) و پێكهێنانی (كابینەی نوێی حكوومەت).
1. پەرلەمان؛ چەق و شەرعییەتی دەسەڵات.
پەرلەمانی كوردستان تەنها دەزگایەكی یاسادانان نییە، بەڵكو سیمبولی سەروەری و نوێنەرایەتیكردنی ئیرادەی گەلی كوردستانە.
یاسادانان و چاكسازی: كاراكردنەوەی پەرلەمان ڕێگە خۆش دەكات بۆ دەركردنی ئەو یاسایانەی كە ڕەوتی چاكسازی خێرا دەكەن و دامەزراوەكان نیشتمانی دەكەن.
بەهێزكردنی پێگەی دەستووری: بوونی پەرلەمانێكی چالاك، باشترین وەڵامە بۆ هەر هەوڵێك كە بیەوێت پێگەی یاسایی هەرێم لاواز بكات.
2. كابینەی نوێ؛ بزوێنەری خزمەتگوزاری و سەقامگیری
پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی كارا و گشتگیر، نەك تەنها چەند بۆشاییەكی كارگێڕی پڕ دەكاتەوە، بەڵكو هێز دەبەخشێتەوە بە دامودەزگای حكوومەت.
ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵێنگارییە ئابوورییەكان: كابینەی نوێی بەهێز دەتوانێت بەردەوامی بدات بە هەوڵەكانی چارەسەركردنی كێشەی بودجە و مووچە لەگەڵ بەغدا و ئابووریی هەرێم هەمەچەشن بكات.
چەسپاندنی حوكمی یاسا: كابینەی نوێ دەتوانێت بەردەوامی بە بەرنامەی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و دژایەتی گەندەڵی بكات، ئەمەش بنكەی جەماوەریی قەوارەی هەرێم بەهێزتر دەكات.
3. پاراستنی قەوارەی هەرێم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا
كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كاتێك پاڵپشتی لە هەرێمی كوردستان دەكات كە ببینێت دامەزراوە دیموكراتییەكانی، بە تایبەت پەرلەمان، بە ڕێكوپێكی كار دەكەن و هەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیاندا دەكرێن و حكوومەت پێكدەهێنرێت. شەرعییەتی ناوخۆیی، بنەمای سەرەكییە بۆ بەدەستهێنانی داكۆكی و دۆستایەتیی دەرەكی. مانەوە و گەشەكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان بەستراوەتەوە بە هەبوونی پەرلەمانێكی كارا. تێپەڕاندنی ناكۆكییە سیاسییەكان و كاركردن بۆ بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان، تەنها ڕێگایە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی بەهێز و پارێزراو لە ناوچەكەدا بمێنێتەوە.
خسرۆ عەزیز (یاساناس): «گرنگیی مانەوەی قەوارەی هەرێم لە ڕوانگەی یاسایی و دەستوورییەوە؛ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان وەك پێكهاتەیەكی فیدراڵی لە دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥دا (ماددەی ١١٧)، بەستراوەتەوە بە هەبوونی دامەزراوەی یاسادانان و جێبەجێكردنی كارا. كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی نوێ تەنها پرۆسەیەكی سیاسی نییە، بەڵكو زەروورەتێكی یاساییە بۆ چەسپاندن و پیادەكردنی ئەو دەسەڵاتانەی كە دەستوور بە هەرێمی بەخشیوون.
١- پیادەكردنی سەروەریی یاسایی و تایبەتمەندێتی دەستووری (ماددەی ١٢١)
بڕگەی یەكەم لە ماددەی ١٢١ی دەستووری عێراق، مافی تەواوی بەخشیوەتە هەرێمەكان بۆ پیادەكردنی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن.
لە ڕووی یاسادانانەوە: كاتێك پەرلەمان كارا دەبێت، دەتوانێت یاسای تایبەت بە هەرێم دەربكات یان هەموار بكاتەوە. بەپێی دەستوور ئەگەر دژایەتییەک هەبێت لە نێوان یاسایەكی هەرێم و یاسایەكی فیدراڵیدا (لەو بابەتانەی ناكەونە ناو دەسەڵاتە تایبەتییەكانی حكوومەتی فیدراڵ)، یاسای هەرێم لەپێشترە بۆ جێبەجێكردن.
بۆیە نەبوونی پەرلەمانێكی كارا ئەم مافە دەستوورییە لەباردەبات.
لە ڕووی جێبەجێكردنەوە: پێكهێنانی كابینەیەكی نوێ كە خاوەن متمانەی یاسایی بێت، دەسەڵاتی جێبەجێكردنی تەواو دەداتە هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری ناوخۆیی بەپێی بنەما دەستوورییەكان.
٢- گۆڕینی یاسا كاتییەكان بۆ یاسای هەمیشەیی و سەقامگیر
هەرێمی كوردستان لە چەندین سێكتەری گرنگدا (وەك وەبەرهێنان، باج، كارگێڕی و دارایی) پێویستی بە نوێكردنەوەی بەردەوامی یاساكانی هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانكارییە ئابووری و سەردەمییەكاندا بگونجێت.
كاراكردنەوەی پەرلەمان ڕێگە خۆش دەكات بۆ دەركردنی ئەو یاسا ستراتیژییانەی كە ڕەهەندی نیشتمانی و درێژخایەنیان هەیە.
كابینەی نوێی حكوومەتیش دەتوانێت پڕۆژەیاسا فەرمییەكان پێشكەش بە پەرلەمان بكات بۆ ئەوەی ببنە دەقێكی یاسایی چەسپاو، ئەمەش سەقامگیریی یاسایی نەك كاتی دەبەخشێتە قەوارەی هەرێم.
٣- پاراستنی دەسەڵاتی دارایی لە چوارچێوەی یاسای بودجەدا
یەكێك لە گرنگترین پێوەرەكانی مانەوەی قەوارەیەكی دەستووری، سەربەخۆیی یان ڕێكخراوەیی داراییەكەیەتی.
پەرلەمانی كارا تەنها لایەنی یاساییە كە مافی پەسەندكردنی یاسای بودجەی گشتیی هەرێمی هەیە.
پەسەندكردنی یاسای بودجە لەلایەن پەرلەمانەوە و جێبەجێكردنی لەلایەن كابینەی نوێوە شەرعییەتی یاسایی دەداتە كۆكردنەوەی داهاتە ناوخۆییەكان و شێوازی خەرجكردنیان، ئەمەش ڕێگری دەكات لەوەی ناوەندەكانی بڕیار لە بەغدا تانە لە سیستەمی دارایی هەرێم بدەن.
٤- شەرعییەتی نوێنەرایەتیكردن لە دادگا و ناوەندە فیدراڵییەكاندا
لە ڕوانگەی یاسای دەستوورییەوە هەرێمی كوردستان پێویستی بە نوێنەرایەتیی فەرمی و بەهێز هەیە لەو ئەنجومەن و دامەزراوە فیدراڵییانەی كە لە بەغدا بڕیار لەسەر چارەنووسی دەستكەوتەكانی هەرێم دەدەن. كابینەیەكی نوێ و پەرلەمانێكی كارا نوێنەرایەتییەكی یاسایی بێگەرد و تەواو پێكدەهێنن كە دەتوانێت لەبەردەم دادگای باڵای فیدراڵیدا داكۆكی لە دەقە دەستوورییەكانی تایبەت بە هەرێم بكات و تانە لەو یاسا فیدراڵییانە بدات كە پێشێلی مافەكانی گەلی كوردستان دەكەن.
پاراستن و مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بەندە بە هێزی ڕەهایی دامەزراوە یاساییەكانیەوە. كاتێك پەرلەمان كارا دەبێتەوە و كابینەی نوێ متمانە وەردەگرێت، چوارچێوەیەكی یاسایی تۆكمە و داڕێژراو دروست دەبێت كە بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانن لە ڕووی دەستوورییەوە پشتگوێی بخەن. ئەم یەکگرتنە یاساییە قەوارەی هەرێم لە چوارچێوەی دەقە دەستوورییەكاندا وەك قەوارەیەكی خاوەن سەروەریی ناوخۆیی دەهێڵێتەوە.
د. هاوكار یاسین (مامۆستای زانكۆ): «قەوارەی هەرێمی كوردستان بە خوێنی سەدان هەزار شەهیدی كوردستان دروست بووە، قەوارەی هەرێمی كوردستان بە خەبات و تێكۆشانی بارزانیی نەمر دروست بووە، قەوارەی هەرێمی كوردستان بە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مەسعود بارزانی دروست بووە، بە ڕەنج و خەبات و تێكۆشانی خەڵكی كوردستان دروست بووە؛ بەرهەمی پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن و پرۆسەی دیمۆکراسییە، هیچ هێزێك و كەسێك بۆی نییە باسی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكات. ڕاستە دوژمنانی قەوارەی هەرێمی كوردستان ساڵانێکە ئەم پیلانەیان داڕشتووە لە ڕێگەی چەند بەكرێگیراوێكەوە تاوەکو ئەم قەوانە چەندین جار لێ بدەنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەم جۆرە دەربڕینانەیان، دەكەونە بەر ڕقی خەڵكی كوردستان و پێشمەرگەكانی كوردستان.
جەختیشی کردەوە: «هەرێمی كوردستان هەرێمێكی دامەزراوەییە و خاوەنی دامەزراوەی خۆیەتی وەك پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان. ئێستا هەرێمی كوردستان خاوەن پێگەی خۆیەتی لە نێو وڵاتانی دونیادا، هەرێمێكی دانپێدانراو و باوەڕپێكراو و دیمۆکراتییە لەسەر ئاستی جیهان و وڵاتانی دونیادا.
قەوارەی هەرێمی كوردستان توانی ڕووبەڕووی دڕندەترین تیرۆریستانی داعش ببێتەوە و لەبری زۆربەی وڵاتانی دونیا ئەو شەڕە بكات و داعش لاواز و لەناو ببات.
بۆیە ئەوانەی باسی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەكەن، كەسانی بەكرێگیراو و بووكەڵەی دەستی ناحەزانی كوردستانن و دەچنە زبڵدانی مێژووەوە. دەبێت ئەو ڕاستییە بزانرێت كە قەوارەی هەرێمی كوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبێت و تۆكمەتر دەبێت. هەرێمی كوردستان دامەزراوەیەكی دەستووری و یاساییە، ئەوانەی چاویان بەم هەرێمە هەڵنایەت، تەنها دوژمنانی خەڵكی كوردستانن. خەڵكی كوردستان بە هەموو چین و توێژ و پێكهاتە جیاوازەكانەوە ئەم قەوارەیە دەپارێزن، بە خوێن و گیان خۆیان لە پێناویدا دەكەنە قوربانی.» ناوبراو زیاتر گوتی: «سەرەڕای چەندین كۆسپ كە دروستكرا بۆ لاوازبوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان، وەك بڕینی قوت و مووچەی خەڵكی كوردستان، بەڵام لەم هەنگاوەشدا سەركەوتوو نەبوون. دەستبردن بۆ وشكبوونی ئابووریی هەرێمی كوردستان، لەمەشدا سەركەوتوو نەبوون. پەنابردنە بەر چەندین سكاڵای نایاسایی، لەم هەنگاوەشدا سەركەوتوو نەبوون. گۆڕین و پەیڕەوكردنی چەندین یاسا لە پەرلەمانی عێراق دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان، لەمەشدا هەر هەرەسیان هێنا. ئێستا دەیانەوێت لە ڕێگای چەند كەسانێكەوە كە یەک ڕۆژ بەم قەوارەیە ماندوو نەبووینە، لەم لاوە ترسنۆكانە باسی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكەن. لەمەودوا دەبێت بەپێی یاسای ئاسایشی نیشتمانی، هەر كەسێك باسی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان بكات، ڕووبەڕووی دادگا بكرێتەوە و بە یاسای خیانەتی نیشتمانی دادگایی بكرێت.