خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- هونەرمەند غەفوور عەبدوڵڵا، ساڵی ١٩٥٧ لە شاری سلێمانی لەدایكبووە، یەكەم كاری لە درامای (ژیان) بوو ساڵی ١٩٧٧ لە دەرهێنانی هونەرمەند جەلیل زەنگەنە، نزیكەی لە ٩٠ كاری هونەری بەشداریكردووە، لە ساڵی ١٩٧٦ەوە ئەندامی كۆمەڵەی هونەرە جوانەكانی كورد – مەڵبەندی گشتیی سلێمانییە، ئێستاش بەڕێوبەری هونەری كۆمەڵەی هونەرە جوانەكان و لێپرسراوی ئەرشیفی كۆمەڵەیە، سێ كتێبی ئەرشیفی نووسیووە، كەسەرجەم كارە هونەرییەكانی لەدرووست بوونی كۆمەڵەوە لە ساڵی ١٩٦٩ تا ساڵی 2022 تۆمار كردووە، وەك: (شێوەكاری، میوزیك، ئەدەب، شانۆ) سێ خەڵاتی ئاڵتونی بەدەستهێناوە، خەڵاتی (ئاڵتوونی فیستیڤاڵی ئەسفەهانی نێودەوڵەتی) 2004،خەڵأتی ئاڵتوونی بەڕێوبەرایەتی شانۆیی سلێمانی 2008، خەڵاتی ڕێزلێنان و درعی هونەرمەندی موبدع 2023 لە شاری بەغداد. لە زۆربەی فیستیڤاڵەكانی ناوخۆ و دەرەوە بەشداربووە.
چۆن سەیری بواری سینەماو فیلمی كوردی دەكەت؟
لەڕووی كامێرا و سیناریۆ و هەندێك ئەكتەرەوە تا ئاستێک پێشکەوتووە، بەڵام هەندێك رێگری هەیە پێویستی بەچارەسەر، وەك: كەمی بودجە و لاوازی چیرۆك، بەڵام گەنجانی كوردستان عەشقیان بۆ سینەما هەیە ئەمەش مژدە بەخشە.
ئەو نوێگەریانەی لەڕەووتی هونەری سینەما و فیلم هەن تاچەند لەگەڵ كولتوورەكەمان گونجاوە؟
لە دراما و فیلمی كوردی هەندێك نوێگەری لە شێوازی فیلمسازی و گفتوگۆیی ڕاستەوخۆ و ئازادی زیاتر لە پیشاندانی ژیان، ئەمانە هەندێكجار گونجاوە لەگەڵ گۆڕانی كۆمەڵگە، بەرهەمی باش ئەوەیە ناسنامەی كوردی لەدەست نەدات و ئازادی هونەری هەبێت و كێشە ڕاستتە قینەكان بخاتە ڕوو.
نواندنی تەنز ئامێز لەشانۆ و دراما تاچەند توانیویەتی ببێتە دەنگی شەقام و هۆشیاری لایەنی پەیوەندیدار؟
زۆر جار وەك دەنگ و ڕەنگی شەقام كاری كردووە، چونكە دەتوانێت بە شێوەیەكی خۆش و ناخۆش ئەو گرفت و هەستە بگوازێتەوە كەخەڵك لەژیانی ڕۆژانەیان هەیانە، تەنز بووە بە ئامڕازێك بۆ ئاشكراكردنی گەندەڵی و نادات پەروەری.
هونەر نەبۆتە هۆی بژێوی ژیانی ئەكتەرەكان؟
لەهەموو شوێن هونەر بۆتە سەرچاوەیەكی باش بۆ بژێوی ژیانی هونەرمەندان، بەڵام بەداخەوە لای خۆمان بووە سەرچاوەی پەیداكردنی بژێوی ژیان، ئەمەش وادەكات ئەكتەر نەتوانێت بە و عەشق و خولیایەی هەیەتی كار بكات، چونكە كاركردن لەهونەر عەشقە، لای ئێمە ئەو عەشقە مردووە.
ئەوانەی بەنواندن خەندە دەخەنە سەر لێوی بینەر و دڵخۆشی دەبەخشن، لە ناخەوەش وان یان بۆ دڵخۆشی هەوادارانیان درۆ لەگەڵ ناخی خۆیان دەكەن؟
زۆرجار ئەو كەسانەی خەندە دەخەنە سەر لێوی خەڵك لەناخی خۆیاندا دڵخۆشنین، هەندێكین دڵخۆشن، هەندێكیشیان خەندە و گاڵتە بەكار دەهێنن بۆ ئەوەی خەمی ناخی خۆیان بشارنەوە.