سەرۆک بارزانی خاڵی لەسەر پیتەکان دانا

183

مستەفا عەبدولکەریم قایتەوەنی
لە سەرجەم دۆسێ گەرم و سەخت و ئاڵۆزەکان و لە هەموو بارودۆخە سیاسی و ئەمنییەکاندا کە لە گۆڕەپانی عێراق و ناوچەکەدا ڕوو دەدەن لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی بنەڕەتی و کاریگەری هەبووە و تاڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بووە لە ڕاگرتنی باڵانس، ئەمەش وایکردووە کە هیچ لایەک نەیتوانێت ڕۆڵی کاڵ بکاتەوە، چونکە پێگە سیاسی و جوگرافیاکەی گرێدراوی چەند ناوچەیەکی جیاوازی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییە، بەهەر جۆرێک ڕەنگدانەوەیەکی هەبێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر بەرژەوەندی و ئارامی و ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە بە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەوە. هەرکاتێکیش بابەتەکە پەیوەست دەبێت بە چارەنووسی خودی گەلی کوردستانەوە دەنگێکی بەرز دەبیسترێت هەمیشە ئاشنا بە گوێی هەمووان کە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی دەنگ و ڕەنگی خەبات و قوربانی و خەڵک و گەلانی کوردستان دەکات کە لە ویژدانی گەلەوە هەڵقووڵێت.
لە ماوەی ڕابردوودا دوای شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەمه‌ریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە ناوچەکە هەرێمی کوردستان بە سیاسەتێکی حەکیمانەوە مامەڵەی کرد و هەرێمی کوردستانی لەو ئاڵۆزییە پڕمەترسیدارە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییە پاراست کە باڵانسی ناوچەکە پەیوەست بوو بەگرێدانی هەرێمی کوردستان بەو شەڕەوە، چونکە سنوورێکی هاوبەشی چەند سەد کیلۆمەتری هەیە.
کاتێکیش هەوڵی سیاسی و دیپلۆماسی و نێوەندگیریی نێودەوڵەتی دەستیپێکرد بۆ گفتوگۆی ئەمه‌ریکا و ئێران، دووربینی و حەکیمیی (سەرۆک بارزانی)، زیاتر وەدیار کەوت کە چەند لێزانانە سیاسەتی کردووە لە ڕابردوودا، بۆیە دووربینییەکانی سەرۆک بارزانی و ئەو ئاڵنگارییانەی لە ناوچەکە ڕوویان دا تەواو یەکانگیر و هاوسەنگ بوون لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە، ئەمەش نیشانەی سیاسەتی ڕاست و دروستە کە لە دنیای سیاسەتدا بە کەسانی شارەزا و خاوەن ئەزموون دەکرێت. هەر له‌ چوار چێوەی ئەو گۆڕانکارییانە و دەستنیشانکردنی تۆم باراک بە نێردەی سەرۆکی ئەمه‌ریکا بۆ کاروباری عێراق پڕوپاگەندەیەک بڵاو کرایەوە بە ڕادەستکردن و دانانی چەکی گرووپە میلیشیا چەکدارەکانی عێراق هێزەکانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە لە چوارچێوەی یەکە سەربازییە دروستکراوەکانی دیکەی عێراقدا ڕێک دەخرێن.
هەر لەمبارەیەوە سەرۆک مەسعود بارزانی، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە لە ئانوساتی خۆیدا بوو کۆتایی بەو هەموو قسەوقسەڵۆکانە هێنا کە لێرە و لەوێ دەکران. وەکوو پەیامەکەدا هاتبوو: ماوەیەكە بەهۆی ئەو بارودۆخە سیاسییە تایبەتەی هاتووه‌تە ئاراوە، هەندێك لایەن باس لە چەكی پێشمەرگە دەكەن و لەوبارەیەوە لێكدانەوەی هەڵە و بۆچوونی ناڕاست دەخەنەڕوو. لێرەدا پێویستە هەموو لایەك ئەوەیان لەبیر بێت كە پێشمەرگە لەدایكبووی خوێن و ڕەنج و فرمێسكی گەلی كوردستانە.
چەكی پێشمەرگە، پارچەئاسن و جبەخانە و ئامرازی شەڕکردن نییە. چەكی پێشمەرگە مێژوو و فیداكاری و كەرامەت و بیروباوەڕیەتی. چەكی پێشمەرگە ئەو سۆز و پابەندبوونەیە كە هەمیشە بۆ گەل و خاك و نیشتمانەكەی هەیەتی.
پەیامەکەی سەرۆک و ڕابەری گەلی کوردستان وەڵامێکی یەکجار بەهێز و گونجاو و پڕ بەپێست بوو وەک کورد دەڵێت(سەرۆک بارزانی)، “خاڵی خستە سەر پیتەکان” بەو پەیامە جارێکی تر بەگوێی هەموو لایەکی چرپاند پێشمەرگە هێزێک نییە بە بڕیاڕێک دروست بووبێت و بە بڕیارێکیش هەڵبوەشێتەوە، بەڵکوو لە هەناوی گەلێکەوە لەدایکبوو و بووه‌ فرمێسک و خوێن و ئاڵای کوردایەتییان هەڵکرد.
پەیامەکەی سەرۆک بارزانی، تەنیا هەڵوێستێکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو وەک پێشمەرگەیەکیش دەنگی هەڵبڕی کە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە بە چەندین وێستگەی جیاواز و سەختدا ڕۆڵی لە کاروانی خەباتی کوردایەتیدا گێڕاوە. وەک لە بەیاننامەکەی سەرۆکدا هاتبوو پێشمەرگە بەتەنیا هێزێکی سەربازی نییە، بەڵکوو ناسنامەی بەرگری و خۆڕاگری و قوربانی و مێژووی گەلی کوردستانە، لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت هەرکات ڕابەر و مەرجەعی گەلی کوردستان پەیام و دەنگی هەبێت تەواوی پڕوپاگەندە و تەنانەت هەوڵەکانی نەیارانیش لەباردەچن و دەرگا لەسەر تەواوی پلانگێڕییەکانیش دادەخرێن، چونکە سەرۆک بارزانی، بەڕوونی بە یار و نەیاری گوت: پێشمەرگە لە دڵ و دەروون و ویژدانی گەلی کوردستاندایە و هێمای پاراستنی کەرامەتی گەلی کوردستانە و دەیان ساڵە قوربانی دەدەن بۆ خەڵک و خاک و ئاوی کوردستان.
– (خەبات) کردوویەتی بە کوردی