بۆردومانی کۆمەڵگه‌ی زێوە؛ داستانی خوێن و لووتکەی بەرزی بیروباوەڕی پێشمەرگە بوو

639

کاروان محەمەد سینۆ
مێژووی خەباتی میللەتی کورد، پڕە لە تراژیدیا و کارەسات و قوربانیدان لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی، خەبات و قوربانییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان تۆمارێکی زیندوو و بێوێنەیە، کە تێیدا ئاگر و ئاسنی دوژمنان هەمیشە لە بەرامبەر ئیرادەی پۆڵاینی نەتەوەییماندا چۆکی داداوە.
چل و یەک ساڵ لەمەوبەر، ڕژێمی فاشیستی بەعس، لە پەلامارێکی دڕندەی ئاسمانیدا، کۆمەڵگه‌ی پەنابەرانی زێوەی خەڵتانی خوێن و خۆڵەمێش کرد؛ بەو خەیاڵەی کە دەتوانێت چرای شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و ڕێبازی نەتەوەیی بارزانی بکوژێنێتەوە. بەڵام زێوە نەبووە کۆتایی، بەڵکو بووە بڵێسە و وەرچەرخانێکی مێژوویی کە تێیدا سەلمێندرا، خوێنی منداڵان و دایکان، دەبێتە سووتەمەنی ڕووناککردنەوەی ڕێگای ئازادی و بنیادنانی کوردستان و ئەو دەستکەوتە نیشتیمانییانەی کە ئەمڕۆ ئێمە لە سایەیاندا سەربەرزین.
دوژمنی دکتاتۆر وا مەزەندەی دەکرد کە بە شەهیدکردن، ئازاردان و سووتانی ئافره‌ت و منداڵی بێتاوان، دەتوانێت ئیرادەی پۆڵایینی گەلی کوردستان تێکبشکێنێت و چۆک بە شۆڕش دابدات. بەڵام کارەساتی زێوە بووە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر بۆ هەموو جیهان کە ئیرادەی کورد بۆ مانەوە، ئازادی و تێکۆشان، لە تەواوی چەک، فڕۆکە و ئاگری کینەی دوژمنان بەهێزترە.
ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکی ئەم نیشتیمانەیە کە ساڵانە ئەم یادە بەرز ڕابگرین و مێژووی خوێناوی و پڕ لە شانازیی باوکان و دایکانمان بۆ نەوەکانی ئەمڕۆ و سبەینێ بگێڕینەوە، تا چاک بزانن کە ئەم قەوارە، ئازادی و سەرفرازییەی ئێستامان بەخۆڕایی بەدەست نەهاتووە، بەڵکو بەرهەمی قوربانیدانی سەدان کارەساتی دڵتەزێنی وەکوو زێوە، ئەنفال و کیمیابارانە.

ڕێبازی بارزانیی نەمر و بەرهەمی خوێنی شەهیدان
ئەم ئەزموونە دیموکراتییەی ئەمڕۆ لە سایەیدا دەژین (کە خۆی لە قەوارەی دەستووری و فیدراڵیی هەرێمی کوردستان، پەرلەمان و حکومەتی هەرێمدا دەبینێتەوە) هاوشان لەگەڵ شەکاوەیی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، ڕەنج و بەرهەمی ڕاستەوخۆی خوێنی ئاڵی شەهیدان و خەباتی نەپساوەی گەلەکەمانە لەژێر ئاڵای پڕ لە شانازیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی حەکیمانەی ماڵباتی بارزانی پێشڕەو و پێشەنگ.
سەرەتا لەم یادە خەمناکەدا دەبێ ئەوە بگوترێ کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە نیشتیمانییەکانمان، قەڵای پاراستنی کەرامەت و شکۆمەندی مافەکانی میللەتەکەمان و سەرجەم خەڵکی کوردستانن بەبێ جیاوازی، بۆیە پێویستە بە هەموو شێوەیەک، بە یەکڕیزی، تەبایی و دڵسۆزی، بەرگری لەم دەستکەوت و قەوارە نیشتمانییانە بکەین و بیپارێزین، چونکە ئەم قەوارەیە ناسنامەی بوونی هەموومانە.
هەمیشە پێزانینمان هەیە بۆ دانایی مسعود بارزانی کە هەمیشە وەک ڕابەرێکی نیشتیمانیی، چەترێکە بۆ یەکڕیزی ، پشت و پەنایێکە بۆ ئارامی ، قەڵغانێکە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و سەرخستنی کوردستانێکی ئاشتیخواز کە هەموو نەتەوە و ئایین و ئاینزاکان بەبێ جیاوازی تێدا دەژین.
خۆڕاگری بەرامبەر ئاگر و ئاسن
کۆمەڵگه‌ی زێوە (کە دەکەوێتە ناوچەی مەرگەوەڕی کوردستانی ڕۆژهەڵات، سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا لە شاری ورمێ)، باوەشی بۆ ئەو خەڵکە فیداکار، قوربانیدەر و دڵسۆزانەی گەلەکەمان کردبویەووە کە ڕێککەوتننامەی شوومی جەزائیریان لە ڕۆژی ٦ئادار١٩٧٥ ڕەتکردەوە؛ ئەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەی کە دژ بە مافەکانی گەلەکەمان، شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و پارتی دیموکراتی کوردستان داڕێژرابوو.
ئاوارە و پەنابەرانی نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ژیانێکی دژوار، پڕ کارەسات و سەختییان هەڵبژارد، بەڵام ئامادە نەبوون دەستبەرداری شۆڕشی ئەیلوول و بیروباوەڕی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی و کوردایەتی ببن و تەسلیم بە واقعی نسکۆ ببن. بە خۆڕاگری مانەوە و بەردەوامییاندا بە شۆڕشی ئەیلوول. ژمارەی دانیشتوانی ئەم کۆمەڵگەیە بە گشتی بە پتر لە ١٧ هەزار کەس مەزەندە دەکران.
کۆمەڵگای زێوە بە درێژایی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران، زیاتر لە نۆ (٩) جاران لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعسەوە بۆردومان کراوە، کە پێنج جاریان زیانی گەورەی گیانییان لێکەوتووەتەوە:
1) ڕێکەوتی ٢٤ئەیلوول١٩٨٠: ژمارەیەک شەهید و برینداری لێکەوتەوە و بووە هۆی ئاوارەبوونی خەڵکەکە لە ترسی بۆردومانی بەردەوام.
2) ڕێکەوتی 6ی تشرینی یەکەم١٩٨٠ لەم بۆمبارانەشدا ژمارەیکی دیکەی هاووڵاتیی بێتاوان شەهید و بریندار بوون.
3) ڕێکەوتی ٩ی حوزەیران١٩٨٥ (کارەساتە گەورەکە): کە لە (١٩)ی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بوو، کاتژمێر (٩:١٥)ی سەرلەبەیانی، بەوپەڕی دڕندەیی ئەم کۆمەڵگا خۆڕاگڕە؛ لە لایەن (٨) فڕۆکەی جەنگیی ڕژێمی بەعسەوە، لە چاوتروکانێکدا بەر ڕێژنەی بێڕەحمانەی بۆمبی ناپاڵم، ڕۆکێت و بۆمبی هێشۆیی کەوت. قوتابخانە، مزگەوت، بازار، بنکەی تەندروستی و تەنانەت کانییەکانیش کرانە ئامانج. لە ئەنجامدا (١٤١) کەس شەهید بوون (کە زۆربەیان پیر، پەککەوتە، ئافرەت و منداڵ بوون) بە بۆردومانەکانی پێشتریش (9)کەس شەهید ببوون، واتە لە ئەنجامی زنجیرە بۆردومانەکاندا بەگشتی (١٥٠) کەس لە دانیشتوانی بێتاوانی کۆمەڵگاکە شەهید بوون کە زۆربەی هەرە زۆریان لە کارەساتە گەورەکەی (9)ی حوزەیراندا بوون و (٣٧٣) کەسیش بە سەختی بریندار بوون.
4) ڕێکەوتی 1ی تمووز١٩٨٥: جارێکی تر ژمارەیەکی دیکەی شەهید و برینداری دیکەی لێکەوتەوە.
5) ڕێکەوتی ٦نیسان١٩٨٨: لەم بۆردومانەشدا کۆمەڵێک هاوڵاتی تری مەدەنی بوونە قوربانی)، چوار جاره‌کەی دیكەی بۆمبارانه‌كان هیچ زیانێکی گیانییان نه‌بوو.
هه‌ڵوێستی مەردانە و بەخشندەیی خەڵکی ناوچەکە
جێی شانازی و هەمیشە یادکردنەوەیە، لە کاتی کارەساتە گەورەکەی ٩ ی حوزەیران ١٩٨٥ دا، خوشک و برا کوردەکانی گوندەکانی دەوروبەری مەرگەوەڕ؛ بروسکە ئاسا و جوامێرانە بە هانای پەنابەرانەوه‌ هاتن. ئەوان بە دەستی خۆیان تەرمی پارچە پارچەکراوی شەهیدانیان لەژێر داروپەردوودا دەرهێنا، بریندارەکانیان گەیاندە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ، و تەرمی پیرۆزی شەهیدانیان لە گۆڕستانی (مەلا باسەک) و زێوە بە خاک سپارد. دەرگای ماڵەکانی خۆیان بۆ داڵدەدانی لێقەوماوان کردەوە، کە ئەم هەڵوێستە نیشتمانی و مرۆییەی ئەوان هەمیشە جێگای ڕێز و پیرۆزی مێژووە و هەرگیز لەبیر ناکرێ.
لە کۆتاییدا دەڵێم، ڕاستە یادکردنەوەی کارەساتی دڵتەزێنی زێوە، یاد و گێڕانەوەیەکی دڵتەزێن و تراژیدییە؛ بەڵام لە هەمانکاتدا پێویستە و زەنگێکی هۆشیارییە بۆ ئەمڕۆ و داهاتوومان؛ کە دوژمن و داگیرکەر هەرگیز دەستناپارێزێت لە کەسمان؛ تەنها چەکی بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەی یەکدەنگی و یەکڕیزیمانە. ئەم قەوارە فیدراڵییە، پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەپارێزن، ئەم پەرلەمان و حکومەتە خەڵاتێکی بەخشراو نین، بەڵکو قەڵایەکن کە بە خوێنی هەزاران شەهیدی سەرەفرازی کوردستان و زێوە و ئەنفال و کیمیاباران و سەنگەرەکانی بەرگری بونیاد نراون. پاراستنی ئەم ئەزموونە نیشتیمانییەی ئێستامان لەژێر ئاڵای پیرۆزی کوردستاندا، ئەرکێکی پیرۆزە و دەبێت بە هەموو شێوەیەک و بە یەکڕیزی بەرگری لێبکەین. سڵاو لە ئیرادەی پۆڵایینی کەسوکاری شەهیدانی زێوە، سڵاو بۆ گیانی پاکی تەواوی نەمرانی ڕێگای ڕزگاریخوازی کوردستان.
سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی سەرەفرازی زێوە و سەرجەم شەهیدانی بزاڤی ڕزگاریی خوازی کوردستان، سەروەریان بارزانی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو.