سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و ئاڵوگۆڕە بازرگانی و ئەمنییەکانیان تاوتوێ کرد.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عەباس عێراقچی، وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا چەندین پرسی گرنگ و جێی بایەخی هاوبەشیان تاوتوێ کرد.
بەگوێرەی بڵاوکراوەی میدیا ئێرانییەکان، لە گفتوگۆکەدا تیشک خرایە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، شانبەشانی تاوتوێکردنی دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی ناوچەکە.
تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکە تایبەت بوو بە بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕە ئابووری و بازرگانییەکان، لەگەڵ پەرەپێدانی هەماهەنگییە ئەمنییەکانی نێوان هەردوولا.
٠ لەم چوارچێوەیەدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئاسایشی سنوورە هاوبەشەکان و یەکخستنی هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی هەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی ئێران تیشکیان خستە سەر بارودۆخی گشتیی ناوچەکە و هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بایەخدانی وڵاتانی ناوچەکە بە بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەیی، بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی ئارامیی هەموو لایەک بکات.