عارف ڕوشدی
هەرێمی کوردستان بەرهەمی قوربانیدانێکی گەورە و خەباتێکی خوێناویی گەلێکە، کە ماندوونەناسانە ڕووبەڕووی دڕندەترین شێوازەکانی چەوساندنەوە و کۆمەڵکوژی بووەتەوە و هەرگیزیش كۆلی نەداوە. هەزاران ڕۆڵەی تێکۆشەری ئەم نیشتمانە، لەپێناو ئازادی و سەرفرازیدا گیانی خۆیان بەخت کردووە و هەزاران هاونیشتیمانی دیكەش زیندەبەچاڵ و ئەنفال و كیمیاباران كراون، بە لایەنی كەمیشەوە هیچ هاووڵاتییەك نییە زەرەرمەندی دەستی ڕژێمە دیكتاتۆرهكانی عێراق نەبووبێت، بۆیە ناکرێت دەستکەوتە ستراتیژییەکانی ئەمڕۆ، کە بریتین لە دامەزراوە یاسایی و خزمەتگوزارییەکانی وەک پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی كوردستان، بکرێنە قوربانیی خواست و ململانێی سیاسیی سنوورداری ئەم حزب و ئەو لایەن و چەند گرووپێك.
ئەم قەوارەیەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای میراتێکی گرانبەها بنیات نراوە، میراتێک کە بە خوێنی هەزاران شەهید و فرمێسکی دایکان و ئازاری ئەنفالکراوان نەخشێنراوە، بۆیە جێگەی داخێکی قووڵە کە ئەمڕۆ ببینین ئەم میراتە پیرۆزە، لەپێناو کێشمەکێشی سیاسیی بچووک و بەرژەوەندیی تەسکی حزبیدا پشتگوێ دەخرێت.
پەکخستنی پەرلەمان و دواخستنی پێکهێنانی حکوومەت تەنیا کێشەیەکی ئیداری و یاسایی نییە، بەڵکو پێشێلکردنی ئامانجی ئەو هەموو قوربانیدانەیە. وەفاداریی ڕاستەقینە بۆ خوێنی شەهیدان، لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان و کاراکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکاندا بەرجەستە دەبێت، نەک لە قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکاندا. پێویستە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بەئاگا بێتەوە و درک بەوە بکات کە مێژوو ڕەحم بەوانە ناکات کە دەستکەوتە مێژووییەکانی گەلەکەیان دەکەنە سووتەمەنیی ململانێی کاتیی خۆیان.
ڕاستە حزبە سیاسییەکان كارەکتەری سەرەکیی گۆڕەپانەکەن، بەڵام جەماوەر و خەڵکی ئەم هەرێمە، کۆڵەگەی ڕاستەقینە و هێزی بنەڕەتیی دەسەڵاتەكەن و دەبێ خواست و داواكارییەكانیان لەبهرچاو بگیرێت. لەم سۆنگەیەوە و لە بەرانبەر دواکەوتنی دەستبەکاربوونی دامەزراوە نوێیەکانی هەرێمدا، کاتی ئەوە هاتووە کە جەماوەری نیشتمانپەروەر چیتر بێدەنگ نەمێنێت و خاڵ بخاتە سەر پیتەکان. ئەرکێکی هەنووکەیی و پیرۆزە کە هەموو لایەنە سیاسییەکان بخاتە ژێر باری بەرپرسیارێتیی مێژووییەوە.
پێویستە گوشارێکی شێلگیر و بەردەوام دروست بکرێت، بە تایبەت بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان وەک هەنگاوی یەکەم و دەروازەی چارەسەری کێشەکان. هەر لایەنێک بە هەر بیانوویەک ڕێگر بێت لەم پرۆسەیە، دەبێت بە ئاشکرا وەک «بەرپرسیاری یەکەمی دۆخەکە» بە خەڵک بناسێنرێت و باجی هەڵوێستە نانیشتمانییەکەی بدات.
نابێت ئەوەیش لەبیر بکەین کە ناوچەکە لە کەشێکی سیاسیی و ئەمنیی ناهەموار و پڕ لە مەترسیدایە. هەڕەشەی «مان و نەمان» بە شێوەیەکی جددی لەسەر سەروەری و قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە، بۆیە دەبێ لایەنە وڵاتپارێزەکان هەستیاریی قۆناغەکە بەهەند وەربگرن، ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلا بنێن و بە کردەوە بیسەلمێنن کە پاراستنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و پێش ئەوەی دەرفەت لەدەست بچێت، دەبێ مشووری بخورێت.