داهاتووی كورد لە سایەی زانستدایە

143

د. نەسرەدین ئیبراهیم گۆلی*
توێژینەوە هاوچەرخەکان و بە تایبەتی لە بوارەكانی سایكۆلۆیا و كۆمەڵایەتی و بایۆلۆجی سەلماندوویانە كە مرۆڤ بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە و بە شێوەیەكی بایۆلۆجی مەحكومە بەو بەكۆمەڵایەتیبوونەی خۆیەوە و ئەو ڕەفتارە جیاوازانەی كە مرۆڤ پێی هەڵدەستێ‌ سەرچاوەیەكی بایۆلۆجی هەیە و لەوانەش ڕەفتارە ئەخلاقییەكانی.
ئێمەی مرۆڤ لەو كاتەی كە بۆ یەكەم جار سەرمان هەڵداوە لە گرووپی بچووكدا بە یەكەوە دەژیاین. بەو شێوەیە خۆمان دەپاراست و هەر كاتێك كە یەكێك لە ئەندامانەكانی گرووپەكە ڕێگەی خۆپەرستی و خۆبەزلزانینی هەڵبژاردبایە و لە گرووپەكەی خۆی جیا دەبوویەوە و پەرتەوازەیی لە نێو گرووپەكەدا ڕوویدابایە یان ئەو تاكە خیانەتی لە گرووپەكەی خۆی بكردبایە بە تەنیا دەمایەوە و لە لایەن گرووپەكانی ڕكابەر یان گیانەوەرانی دڕندە لە نێو دەچوو، بەڵام ئەو كاتانەی كە پابەندی یاسا و ڕێسایە ئەخلاقی و كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگەکەی خۆی دەبوو و جیناتی هاوكاری و هاودۆستی و هاوسۆزی لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرت و ئەو جیناتەیان بۆ نەوەكانی دواتری خۆیان دەگواستەوە. بەو شێوەیە لە ڕووی بایۆلۆجییەوە ئەو جیناتە تایبەتانەی هاوكاری و یەكگرتن و هاوسۆزی لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكە دەگوازرایەوە و بەردەوامی بە مانەوەی خۆی دەدا و لە میانەی زاوزێ‌ زاڵتر دەبوو و ئەوە بەو واتایە دێت كە ئەو خەسڵەتە كۆمەڵایەتییانەی مرۆڤ هەر لە سەرەتاییترین ساتەكانی ژیانی مرۆڤایەتی هەوێنی پاراستن و مانەوەی توخم و نەژادی مرۆڤ، ئەو نەژادەی كە هەموو مرۆڤەكان لەخۆدەگرێ‌ و هیچ نەژادێكی دیكەی مرۆڤ بوونی نییە و بەكارهێنانی وشەی نەژادەكانی دیكە هەڵەیەكی زانستییە و مرۆڤەكان تەنها یەك نەژادن و ئەویش مرۆڤە و ئەو خەسڵەتە تا ئێستاش هێشتا بە بەهێزیەی خۆی ماوەتەوە, ئەو نموونە مێژووییە ئێستا ش بوونی هەیە.
بۆیە بۆ نموونە لە ناو كوردیش هەر كاتێك كە كورد یەكدەنگ و یەكهەڵوێست و یەكگرتوو بووە توانیویەتی دەستكەوتی كۆمەڵایەتی و سیاسیی هەبێ‌، بەڵام هەر كاتێك كە تاك یان لایەنێك ڕێگەی پەرتەوازەبوون یان خیانەت یان خۆپەرستانەی پشتكردن لە كۆمەڵگەی كوردستانی هەڵبژاردبێ‌ ئەو كاتە تووشی نەهامەتی هاتووە و زۆر لەو دەستكەوتانەی كە بە قوربانیدان و گیانفیدایی دەستكەوتوون لە دەستمانداون. لەم گۆتارەدا دەرفەت نییە باس لە هەموو ئەو خیانەتانە بكرێن كە تاخمێکی كورد بە هۆی خۆبەزلزانین یان نەزانینی هەندێ‌ كەس تووشی چ كارەساتێك بووە و بەداخەوە زۆرن ئەو كارەساتە دڵتەزێن و ناخۆشانەی كە بەسەر ئەو میللەتە هاتوون.
بە واتایەكی دیكە بە پێی توێژینەوە هاوچەرخەكان ئەخلاقی مرۆڤ بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ بەرهەمی هەڵبژاردنی سروشتییە (natural selection)، ئەو هەڵبژاردنە سروشتییەی، کە لە ماوەی پێنج ملیۆن ساڵەی كە مرۆڤ بە گۆڕانكارییەكاندا تێپەڕیوە تاوەكو گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی ئێستا و بەناوی مرۆڤی ژیری ژیر (homo sapiens sapiens) ناسراوە، بە شێوازێك دروست بووە كە هاوكاری یەكتری بكەین و یەكترمان خۆش بوێت و لە كاتی تەنگانەدا بە هانای یەكترەوە بچین. مێژووی كورد بە شانازییەوە زۆر نموونەی لەو جۆرەشی تێدایە كە خەڵكی ناوچەیەكی كوردستان لە تەنگانە و شەڕدا بە هانای خەڵكی ناوچە و پارچەیەكی دیكە چوونەتەوەو نموونەشی؛ چوونی پێشمەرگە بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر بە هانای كۆماری مهابادەوە و هەروەها لە جەنگی تاریكپەرستانی داعش و پەلاماریان بۆ سەر كۆبانی سوپای كوردستان ڕۆڵیان لە پاراستنی ئەم شارەدا گێڕا و زۆر نموونەی دیكە. چونكە لەو حاڵەتانەدا كورد لە ڕووی ئەخلاقییەوە خۆی پابەند زانیوە كە بە هانای ئەو كوردانە بچن كە لە تەنگانەدان و پێویستییان بە برا كوردەكانی دیكە هەیە.
ئێمەی مرۆڤ بە شێوەیەكی سروشتی بە ئەخلاقین، پێویست بەوە ناكات كە كەس پێمان بڵێ‌ كە دەبێ‌ كاتێك منداڵێك برسییەتی و دەگریێ‌ ئێمە بە شێوەیەكی بایۆلۆجی شەپرزە دەبین، ئەگەر كەسایەتیمان ئاسایی و سروشتی بێ‌ لەو حاڵەتەدا هەست بە ناڕاحەتی دەكەین و ئێمە خۆمان بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی تووشی دڵگرانی و هەستێكی ناخۆش دەبین و چاوەڕێی ئەوە ناكەین كە كەس فێرمان بكات چونكە ئێمەی مرۆڤیش خۆمان هەست بەوە دەكەین كە برسییەتی ناخۆش و خراپە و یان كاتێك مرۆڤ بەدەست نەهامەتییەوە دەناڵێنێ‌ خراپە.
كەواتە بەپێی هەڵبژاردنی تاكی كورد، وەك هەر بوونەوەرێك، كاتێك كوردێك لە پارچەیەكی دیكەی كوردستان دەچەوسێندرێتەوە پێویست ناكات یەكێك پێمان بڵێ‌ دەبێ‌ ئێمەی كورد چی بكەین یان چی نەكەین یان دەبێ‌ ئێمەی كورد لە باشووری كوردستان بە هانایانەوە بچین، بەڵكو خۆمان بە شێوەیەكی بایۆلۆجی و لە سەر بنەمای مرۆڤدۆستی و كوردپەروەرییەوە هەست بەو مەینەتییە دەكەین و ئەگەر مرۆڤێكی ئاسایی و لە ڕووی سایكۆلۆژییەوە دروست و ئاسایی بین بەشێوەیەكی ڕەوشتیانە هەموو هەوڵێك دەدەین كە ئەو تاكە كوردە لەو مەینەتییە ڕزگار بكەین.
كاتێك كوردێك خیانەت لە میللەتی خۆی دەكات و دەبێتە ئامرازێك بەدەست نەیاری كوردەوە و لە دژی مافە نەتەوەیی و بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانی میللەتی كورد دەوەستێ‌ پێویست ناكات كە كەسێك پێمان بڵێ‌ ئەوە هەڵەیە و نابێ‌ بكرێ‌ و دەبێ‌ بكەرەكەی سزا بدرێت، بەڵكو ئێمە بەشێوەیەكی بایۆلۆجی هەست بە خراپیی ئەو ڕەفتارە دەكەین چونكە لەڕووی ئەخلاقییەوە وا بنیاتنراوین كە شتی هەڵە هەڵەیە و دەبێ‌ بكەرەكەی سزا بدرێت ئەگینا ئەگەری زۆرە كە بە دووبارەكردنەوەی ئەو ڕەفتارە زیان لە خۆی و میللەتەكەی بدات و خۆشی لە ناوبچێ‌ و ببێتە قوربانیی ڕەفتارە هەڵەكەی خۆی و ئەوە ئەو “دادپەروەرییە گەردوونی”ـیەیە كە پسپۆرانی وەك د. مەجید محەمەدی، مامۆستای زانكۆكانی ئەمریكا لە بواری كۆمەڵناسیدا، بەكاریدەهێنێ‌ وەك تۆڵەسەندنەوەی گەردوونی لە كەسێك بە هۆی هەڵەیەك، جا چ بەئەنقەست بێ‌ یان نە، و بەتایبەتی، ئەگەر بەئەنقەست بێ‌ و بە هۆیەوە خەڵكانێكی زۆر زیانیان بەركەوێ‌ و كەسانێكی بێگوناح ببنە قوربانیی ئەو ڕەفتارە خۆپەرستانەیەی ئەو كەسە. چونكە سروشت خۆی لە سەر بنەمای هەندێ‌ یاسا دامەزراوە و هەر لادانێك لەو یاسایانە بێ‌ وەڵام نامێنێ‌ و خودی سروشت لە ئاكامدا دژی ئەو ڕەفتارە دەوەستێ‌ و كەسی لادەر لە یاساكان بە تووندترین شێوە سزا دەدات بەپێی یاساكانی سروشت لای دەدات. ئەوە هەمان ئەخلاقی سروشتە، كە تۆڵەسەندنەوەی سروشتی و گەردوونی بەشێكە لەو سزادانە، واتە دەبێ‌ ئەو خیانەتكارە باجی خیانەتەكەی بدات. لێرەشدا زانست دووبارەبوونەوەی مێژووی سەلماندووە و ئەو كەسانە مەحكومن بە شكست و نەمان و لەناوچوون، چونكە سروشت و بایۆلۆجی خۆیان سەنگی مەحەكن. و نموونەشیان گرتنی جەلاد و ئەنفالچیی بەناوبانگی نوگرە سەلمان، عەجاج تكریتییە، كە لەو ماوەیەدا دادگەییكرا و فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، كە بكوژی سەدان منداڵ و ئافرەتی بێتاوانی كوردستانە لە ساڵانی دەسەڵاتی رژێمی دڕندەی بەعس و سەدامی گۆڕبەگۆڕ و بە زەلیلی و سەرشۆڕی ڕووبەڕووی چەندان شایەتحاڵی كورد بوویەوە، چونكە مێژوو ون نابێ‌ و خوێنی كەس بە فیڕۆ ناچێ‌ بە تایبەتی كە بێتاوان بێ‌. ئەو تواناییە لە جینەكانماندا ئاخێنراوە.
ریچارد داوكینز، زانای بایۆلۆجی لە بەریتانیا، سوود لە چەمكێكی ئەڵمانی وەردەگرێ‌ ئەویش (zeitgeist)ـە كە بریتییە لە كۆمەڵەك بیركردنەوە، بڕوا، كولتوور و تێڕوانینی مرۆڤەكان لە قۆناغێكی دیاریكراوی مێژووییدا. وەكچۆن ئەو بیركردنەوەیە و تێڕوانین و بڕوایانە لە ماوەی سەدان ساڵدا گۆڕانیان بەسەردا دێت، ڕەوشتی مرۆڤەكانیش گۆڕانی بەسەردا دێت. لەوانەیە سەد ساڵ بەر لە ئێستا كۆیلەداری كارێكی ئاساییبوو، بەڵام ئێستا؟ چەند دەه ساڵ بەر لە ئێستا ئافره‌تان مافی دەنگدانیان نەبووە بەڵام ئێستا ئەو شتانە دوور لە ڕەوشت هەژمار دەكرێن و ڕێگەیان پێنادرێت بۆیە چارەسەر كراون. ئەو گۆڕانكارییانە بەرهەمی گفتوگۆیە فەلسەفی و ئەدەبی و پێشكەوتنە لە نەستی بەكۆمەڵی مرۆڤایەتین. چونكە مرۆڤایەتی بە گشتی بەرەو پێشكەوتنە و زانست هەنگاوەكانی ئەم پێشكەوتنە چركە بۆ چركە خێراتر دەكات.
لە لۆژیكدا بنەمایەك هەیە بەناوی “بنەمای ڕوانگەی مرۆڤی” كە ئاماژەیەكە بۆ خۆگەورەدیتن و لەسەرووتر زانینی مرۆڤ، كە گومانێكی هەڵەی لا دروست كردبوو كە ئەم جیهانە لە پێناو مرۆڤ دروستبووە، ڕێك وەك ئەوەی كە ماسییەك لە نێو دەریادا بڵێ‌ كە ئەو دەریایە لە پێناو من دروستبووە، لە كاتێكدا كە ڕێك پێچەوانەیەتی، و ئەوە مرۆڤ و ماسییە كە دوای ملیۆنان ساڵ گۆڕان خۆیانیان لەگەڵ ژینگەدا گونجاندوەە. گۆڕینی ئەو بیرۆكەیە لای مرۆڤ بەرهەمی دەستكەوتە زانستییەكانە. لەوانەیە ساڵانی داهاتوو ئەوە بسەلمێنرێ‌ كە ژیان لە كاكێشان و گەردوونی دیكەشدا بوونی هەیە و زەوییەكەمان یەكێكە لەو شوێنە خۆش بە شانسانەی كە ژیانی تێیدا هەڵكەوتووە.
ئەو ڕوانگەیە هانمان دەدات كە ئێمەی مرۆڤ لە چوارچێوەی مۆدێلی لۆكالی و ناوچەیی (parochial)، وەك داوكینز بەكاریهێناوە، بێینەدەر و بەرەو مۆدێلی زانست هەنگاو بنێین، چونكە ئێمە بالق بووینە و پێگەیشتووین و كاتی گۆڕان و ڕاگۆزەر هاتووە، و كاتی مۆدێلی زانستە. هەمان ئەو بیرۆكەیەی كە لە تیۆریی زانای ئەمریكیی بواری سایكۆلۆژی، گۆردۆن ئەلپۆرت (Gordon Allport, 1897-1967)یشدا، كە بەناوی تیۆریی سەربەخۆیی ئەركایەتی پاڵدەرەكان ناسراوە، بەدی دەكرێت، و داكۆكی لە تێپەڕاندنی قۆناغەكان و پاڵدەرەكان لە قۆناغە جیاوازەكانی ژیان و سەربەخۆیی هەر یەكە لەم قۆناغانە لە ژیانی مرۆڤدا دەكات.
یەكێك لە تایبەتمەندییە دیارەكانی مۆدێلی زانست ئەوەیە كە زانیارییەكانی نوێ‌ و هەنۆكەیین و لە سەر بنەمای گۆڕانكارییە نوێیەكان دەجولێ‌ و ڕێك دەخرێ‌ و خۆی بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیك چاكسازی لە خۆیدا دەكات چونكە لە سەر بنەمای ڕاستییەكان دەجولێ‌ و شتە كۆن و ماوەبەسەرچووەكان لە دوای خۆی بە جێ‌ دەهێڵێ‌. ئێمەی كوردیش دەبێ‌ هاوتەریب لەگەڵ زانست نوێبوونەوە بەخۆمانەوە ببینین. دەبێ‌ ئەو بوێرییەمان هەبێ‌ كە لە چوارچێوەی مۆدێلە كۆنەكە دەربچین و بێینە ناو مۆدێلی زانست و واقیعە نوێیەكان، ئەو مۆدێلەی كە شایستەی تاكی كوردە لە سەدەی بیست و یەكەم. وەك دیارە دۆخی جیهان و ناوچەكە گۆڕانی مەزنی بەسەردا هاتووە، و ئەو گۆڕانە مەزنانەش بەش بە حاڵی خۆی كوردیش دەگرێتەوە. كورد لەو قۆناغە دەرچووە كە تەنها لە چوارچێوەی مۆدێلە كۆنەكانی سایكۆپۆلێتیك و جیۆپۆلێتیكدا قەتیس كرا بێ‌. هەر لە 1991 ـەوە هەلومەرجەكان گۆڕاون و بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا و بەتایبەت دوای جەنگی تاریكپەرستانی داعش، كە بە قارەمانێتی پێشمەرگەی خۆنەویست و سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی جەنابی سەرۆك بارزانی كۆتاییپێهات، هاوكێشەكان زۆر گۆڕانیان بەسەردا هاتووە. ئەگەر چی قۆناغەكانی خەباتی كورد بەشێكن لە مێژووی پرشنگداری خەباتی كورد، بەڵام قۆناغی ئێستاش خۆی لە خۆیدا وەرچەرخانێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و سایكۆلۆژییە لە خەباتی میللەتێكی گیانفیدا و خۆڕاگری وەك كورد. لە ئێستادا كورد ناوێكی دیارە لە گۆڕەپانی سیاسیی ناوچەكەدا و نكۆڵی لە ڕۆڵی ناكرێت. ئەگەر جاران پێشمەرگەی قارەمان یان شانە نهێنییەكانی نێو شارەكان چالاكییەكی لەشكەرییان لە دژی حكومەتی دیكتاتۆری بەعسی ئەنجام دەدا تاوەكو لە ڕاگەیاندنەكانی هەرێمی و ناوچەیی و جیهانیدا دەنگی بدابایەوە و ناوی بهێنرابایە، ئەوەتا ئەمڕۆ لە سایەی خەبات و قوربانیدانی ڕابردووی ئەو میللەتە و پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای ڕاگەیاندن و پەیوەندیكردن و لە سایەی زانستدا كورد لە جیهان و ناوچەكەدا ناو و ژمارەیەكی دیارە و بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سەر ئاستی زۆر باڵا لە وڵاتان و كۆڕبەند و كۆبوونەوە و ڕێوڕەسمە هەرێمی و ناوچەیی و جیهانییەكان بوونیان هەیە و بانگەهێشت دەكرێن.
لە ماوەی ئەو 4 ملیار ساڵەی كە ژیان لە بەكتریایەكی بچووك سەریهەڵداوە هزاران جۆری گیانەوەری وەك دەیناسۆر و مامووت و نەهەنگی زه‌به‌لاح و … هتد، بە گۆڕینی ئەو بەكتریایە و لە ماوەی ملیارها ساڵ هاتوونەتە سەر زەوی و جەنگاون و ژیاون و هەندێكیان لەنێوچوونە و هەندێكیان هێشتان ماون بە بێ‌ ئەوەی بۆ چركە ساتێكیش هەست بكەن كە چین و كێن و لە كوێ‌ دەژین، ئەوەی بە ناوی زانستیی “خود”(self) ناسراوە. تەنها جۆرێك لەو گیانەوەرانە، واتە مرۆڤەكەی ئامۆزای بۆنابۆ و شەمپانزییەكان، دەزانێ‌ كە لە چییەوە دروستكراوە و دەزانێ‌ كە جەستەی لە ئەتۆم و گەردیلە و ئەویش لە كوارك و ئەلێكترۆن و … هتد، دروستبووە و ئەوەش واتا “ناسینی خود”، و ئەو جۆرە زانیارییە لە جیهانی بووندا وێنەی نەك تەنها نەبووە، بەڵكو تەنانەت نزیكیشی نەبووەتەوە و دەركی پێنەكراوە. پرسیارێك كە لێرەدا لە مێشكی ئێمەدا گەڵالە دەبێ‌ ئەوەیە كە: ئایا مرۆڤ چۆن گەیشتە ئەو ئاست و تێگەیشتنە ؟ بە جادوو؟! بێگومان وەڵام نەخێرە. ئەو ئاستەی تێگەیشتن تەنها و تەنها لە ڕێگەی میتۆد و ڕێبازی زانستی ڕوویداوە، و ئەو میتۆدە و ڕێبازە پەیوەست و تایبەت بە هۆز یان نەتەوە و وڵاتێك بە تەنها نییە، و ئەگەرچی نكۆڵی لەو ڕاستییە ناكرێت كە میللەتانی ڕۆژئاوا ڕۆڵێكی بەرچاویان لەو بوارەدا هەبووە و سەدان زانای ڕۆژئاوایی سەدان داهێنانیان پێشكەشی شارستانیەتی مرۆڤ كردووە و مرۆڤایەتی و پێشكەوتنی ئەم قۆناغەی مێژوو قەرزداری ڕۆژئاواییەكانن، بەڵام لە بیرمان نەچێ‌ كە كوردیش لەو ناوە بێبەش نییە لەم ڕووەوە. ئەو كاتەی كە پێش هەزاران ساڵ مرۆڤی كورد لە شاخە بەرزەكانی زاگرۆس جێگیر بوو و دەستی بە خۆماڵیكردنی گیانەوەرانی بەكەڵكی وەك مەڕ و بزن و ئەسپ و دانەوێلە بوو و بناغەی زمانێكی دانا كە دواتر بووە بناغەی زۆر زمانی دیكەی ناوچەكە و جیهان، لە خۆیدا بەشێكە لە دانانی بناغەی شارستانیەتی مرۆڤایەتی و ئەوەی كە لە ئێستادا زانست پێیگەیشتووە، و ئەزموونی هەرێمی كوردستان پێشانیداوە ئەگەر دەرفەت و بوار بە تاكی كورد بدرێ‌ و لە جەنگ و ماڵوێرانی و ڕاگواستن و ئەنفالە بەدناوەكە و كیمیاباران بە دوور بێ‌ دەتوانێ‌ نموونەی تاكێكی بەرهەمدار و داهێنەر بێ‌ وەك هەموو نەتەوەكانی دیكە.
توێژەری بواری مێژوو جەلیل عەباسی لە پەرتووكی خۆی بەناوی ( ژوانی یەسنا: هەنگاوێك بۆ دۆزینەوەی بەشێك لە جوگرافیای ونبووی ئاڤێستا)/بەشی یەكەم، 2018 لە لاپەڕەی 50 زۆر بە جوانی وەسفی ئەو مێژووە پرشنگدارەی كورد دەكات و دەڵێ‌:” كورد وەك بەشێك لە مرۆڤایەتی، پێش هەموو بەشەكانی دیكە ئەقڵی بەسەر ژیاندا شكاوە و دەستی داوەتە كار و كۆشش بۆ بەڕێوەبردنی خۆی و گەشەپێدانی نیشتیمان و كۆمەڵگەكەی و بناغەی ژیانی شارستانی دامەزراندووە”. دەبێ‌ كورد لەم قۆناغەدا خۆی بناسێ‌ و لە توانایی و هێزی خۆی تێبگات و دانی پێ‌دابنێ‌ و شانازی بەو ڕابردووە پرشنگدارە بكات و پشت لە كولتووری سەپاوی ئێستای خۆی كە هیچ وێكچوونێكی لەگەڵ سایكۆلۆژیای مێژوویی كەسایەتی كورد نییە بكات.
زانست تەنها ڕێگە و كەرەستەیەكە دەرفەتمان پێدەدات كە لە سنووورەكانی ڕەمەك دەربچین، چونكە زانست تەنها كۆمەڵێك لە زانیاریی كەڵەكەبوو نییە بەڵكو شێوازی ژیان و دەرفەتێكە كە ڕێگەمان پێدەدات كە لە خەونێكی گران رابین. ئێمەی مرۆڤ تەنها گیانەوەرێك بووین كە لە میانەی هەزاران جۆری دیكەی گیانەوەران توانیمان چاوەكانمان بكەینەوە و خۆمان ببینین، و دەبێ‌ لە یادی نەكەین كە گەردوون و كەكەشان هیچ قەرزداری مرۆڤ نییە و وەك خۆی و لەسەر بنەماكانی خۆی بەڕێوەدەچێ‌، بەڵام نابێ‌ نائۆمێد ببین، بەڵكو بەهای ڕاستەقینەی مرۆڤ لەوەدایە كە لە ماوەی ژیانی خۆیدا، كە بێگومان لە چاو تەمەنی گەردووندا زۆر كەمە، ڕووبەڕووی ڕاستییەكا ببینەوە و هەوڵ بدەین لێیان تێبگەین.
لەو بارەوە ریچارد داوكینز لە بارەی زانستدا مانیفێستێكی كۆتایی هەیە كە دەڵێ‌:” زانست شیعری ڕاستییەكان و لووتكەی دەستكەوتی مرۆڤ، و تاجێكی سەر سەرمانە”. لەوانەیە كە ئێمەی مرۆڤ لەم گەردوونە لەبن نەهاتووەدا تەنها بین بەڵام تایبەتمەندییەكی تایبەتمان هەیە و ئەویش ئەوەیە كە ئێمەی مرۆڤ تەنها گیانەوەرێكین كە بوێری ئازادیمان هەیە كە بووكەشووشەكانی ڕابردوومان وەلا بنێین و لە قۆناغی پڕ لە ترس و دڵەڕاوكێی منداڵێتی بێینەدەر و كاتی ئەوە هاتووە كە بە چاوی كراوە بڕوانینە ئاسمانی ڕاستەقینە و بگەینە ئەو ڕاستییەی كە بە ڕاستی ئێمە لە ئێستادا گەورە بووینە و منداڵەكەی دوێنێ‌ نین و ئەوە بەرهەمی زانستە.
بەهەمان شێوە و لەسەر هەمان بنەما كوردیش لە قۆناغی ئێستای مێژوودا “منداڵ”ـە بێ‌ خاوەنەكەی جاران نییە.
ئێستا لە سایەی گۆڕانكارییە كولتووری و سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكانی هەرێمی و ناوچەیی تەنها لە باشووری كوردستان دەیان زانكۆ هەن كە بوونەتە سەرچاوەی زانست و پێگەیاندنی هەزاران قوتابی كە چەكی زانستیان پێیە و ئەمە دەستكەوتێكی كەم نییە، ئەو كاتەی كە لە شۆڕەشەكانی ڕابردووی كورد، بۆ نموونە لە كۆماری مهاباد و لە ئاكامی شۆڕەشی ئەیلول و بەدیهاتنی بەیاننامەی 11ی ئاداری 1970 داوای خوێندن و زانست بە زمانی كوردی دەكرا و هەموو ئاواتەكان دانانی دامەزراوە پەروەردەییە زانستییەكان بوو، ئێستا بە هەزاران سەنتەری لەو جۆرە لە هەموو ئاستەكان هەن كە هیوا و ئومێدی ئەوەن كە تاكێكی كورد پەروەردە بكەن كە لە سەر بنەمای زانستی هاوچەرخ پەروەردە بكرێن و كەسایەتییەكی پێگەیشتوو بنیات بنێن كە لە جیاتی ملكەچی بۆ دیكتاتۆرەكان و داگیركەران سروودی ئازادی و زانست بخوێنن و فێری یەكەمین پیتی زانست بن كە ئەویش پیتی “پرسیاركردن”ـە وەك هەوێنی گەیشتن بە زانیارییەكان و مۆنتاژكردنی ئەو زانیارییانە بۆ داهێنان لە ژیانی تاكی و كۆمەڵایەتیدا، و لە ئاكام بەختەوەریی كۆمەڵگەی كوردەواری. چونكە میللەتی كورد بۆ بەختەوەریی تاكی و كۆمەڵایەتی و سیاسیی خۆی چاوی لەو سەنتەرانەیە كە بە پێشكەشكردنی ئەو زانستەی كە(Update) و هاوچەرخكراوە، بۆ ئێمەش ئەو دەستكەوت و داهێنان و ڕێگەیانە بێننەدی كە بەرەو بەختەوەری و ئاسوودەیی و ئاسایشی سایكۆلۆژی و كۆمەڵایەتیمان دەبەن. زانكۆكانمان بناغەی داهاتووی كوردستانن. وەك چۆن ژیان سەرچاوەی ئەخلاقە، وەهاش ئەخلاق سەرچاوەی زانستە، و زانست فێری مێژوومان دەكات و فێرمان دەكات لەگەڵ وڵاتان و نەتەوە و دۆست و نەیاران چۆن هەڵسوكەوت بكەین و چۆن خۆمان لە زیانەكانیان بپارێزین و چۆن بەرژەوەندییەكانی خۆمان بپارێزین و نەهێڵین ببنە قوربانیی نەیاران و ناحەزان، و چۆن ڕێز لەوانە بگرین كە ڕێزمان لێدەگرن، و دان بە بوون و مافەكانمان دەنێن، و وانە لە مێژوو وەردەگرن و دەست لە ڕق و قینە هەڵدەگرن و بۆ لۆجیك و ئەقڵ دەگەڕێنەوە، و ئەوە ئەو ئەنجامەیە كە ئێمە چاوەڕوان دەكەین لە داهاتوودا بێتەدی و زانست تێیدا ڕۆڵێكی مەزنی دەبێ‌.
*پرۆفیسۆری یاریدەدەر/ زانكۆی زاخۆ.