فەرەیدوون سامان
ئاساییشی زمان لە ئاساییشی نەتەوە کەمتر نییە، وەک ئاساییشی خۆراک، سەربازی، سنوور، ئاساییشی ئابووری، ژینگە، بۆ هەر نەتەوەیەک گرنگە، واتە ئاساییشی زمان بەشێکی گرنگی ئاساییشی نیشتمانییە، زمان وەک ئامرازیکی ئالۆزی پەیوەندی نیوان مرۆڤەکان لە سەرتاپای جیهاندا بەکار دەهینرێت، بابەتەکی پر بایەخە بۆ تاوتوێکردنی ئەنترۆپۆلۆژیا، هەندێ لە ئەنترۆپۆلۆژیستەکان وێڕای پەیوەستبوونیان بە بەراوردی فۆرمە زمانەوانییەکان هەوڵدەدەن کە تێبگەن، کە زمانی نەتەوەیەکی تاوتوێکراو دەتوانێت چ هۆشیارییەک لەبارەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی یان سیاسییەکانی ئەو نەتەوەییە بخاتەڕوو، بەو چەشنەی کە دەیبینیت.
ئەنترۆپۆلۆژیستەکانی وەک کلۆد لیڤی شتراوس هەوڵیانداوە سوود لە ڕەهەندە زمانەوانییەکان وەربگرن بۆ ئەوەی لەوە تێبگەن کە مرۆڤەکان بە چ شێوەیەک لەبارەی پێگەکانی ژیانیان بیریان کردۆتەوە.
ئاشکرایە زمانی کوردی به چه‌ند قۆناغی گرینگی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسی‌دا تێپه‌ڕیوه، هه‌ر کام له‌م قۆناغانه به پێودانگی زانستیی و سیاسیی خۆیان توانیویانه ببن به خاڵی وه‌رچه‌رخانێکی مێژوویی و ئه‌م زمانه له مه‌ترسیی نه‌مان و ئاسمیلەبوون رزگار بکه‌ن و له هوروژمی شه‌پۆلی سیاسه‌تی پاکتاوی کو‌لتووریی ده‌وڵه‌تانی پێوه‌ندیدار به کێشه‌ی کورده‌وه بیپه‌ڕێننه‌وه و بیگه‌یێننه که‌نارێکی ئارام، به‌ڵام ئه‌مه به مانای سه‌قامگیریی هه‌میشه‌یی و کۆتایی قه‌یرانه‌کانی ئه‌م زمانه نه‌بووه و نییه. به‌م پێیه ئه‌گه‌رچی ئێستاکه لە هەرێمی کوردستان و لە عیراقی دوای ٢٠٠٣، زمانی کوردی له خه‌می نەمان ڕه‌خساوه، به‌ڵام سه‌رلێشیواوی و فرەمه‌رجه‌عیی و پاشاگه‌ردانییه‌کی له ڕادەبە‌ده‌ری پێوه دیاره، ئه‌م دۆخه قه‌یراناوییه بووه به ئاوێنه‌ی باڵانوێنی ژیانی ئاخێوه‌ره‌کانی و هه‌روه‌ها هزر‌ی به‌رهه‌م هێنراوه‌که‌شی. بۆ نموونەش داواکاری بۆ خوێندنی پەروەردەیی زارە کوردییەکان لە دەڤەرە جیاوازەکانیدا وەک لە ناوچەکانی بادینان و هەورامان و کوردانی فەیلی، ئەویش بێ گەڕانەوە بۆ مەرجەعە یاسایی(وەک پەرلەمانی کوردستان) و زانستییەکان وەک(وەزارەتی پەروەردەو ئەکادیمیای کوردی).
دوای ڕاپه‌ڕین و له ژێر کاریگه‌ریی ململانێی سیاسیی و ئابووریی و فه‌رهه‌نگیی نێوان حیزبەکانی باشووری کوردستان و تەنانەت ئەجیندای وڵاتانی ئیقلیمی بۆ مەبەستی لێکترازانی زمانەکەمان و هەوڵدان بۆ ناسینی ئەو زار‌و بنزارە کوردییانە وەک زمانێکی سەربەخۆو جیاواز لە زمانی کوردی، دواتریش بوو به هۆی هه‌ڵتۆقاندنی ده‌یان ده‌زگا و ڕێکخراوی سه‌یر بۆ زمان و ئه‌ده‌ب و چاپەمەنی، وه‌رگێڕانێکی به لێشاو هه‌موو ڕووبه‌ری زمان و هزر‌ی داگیرکرد، که به داخه‌وه له غیابی میکانیزمێکی زانستیی و چاوه‌دێریی پێویستدا تا ئێسته‌ش به‌رده‌وامه و کوردستانیشی به خراپترین شێوه ته‌نیوه‌ته‌وه. ڕاستییه‌کی تاڵ که بووه‌ته هۆی زمان‌بێزیی به‌شێکی به‌رچاو له خوێنه‌ران و هۆگرانی زمانی کوردی.
بەڵام ئایا زمانی کوردی سەرباری پانتایی بەرفراوانی و دابەشبوونی جوگرافی بەسەر چەند دەوڵەتێکدا و ڕێگە پێنەدانی لە بواری پەروەردە و فێرکردن و تەنانەت حاشالێکردنی لەلایەن نەتەوە سەردەستەکانەوە، هێشتا سەلامەتە و هەڕەشەی لەسەر نییە؟ یان له ڕۆخی چاڵی مان و نه‌ماندایه و ئه‌و سنووره‌ی به‌ره‌و پانتاییه‌کانی ژیانی هه‌میشه‌یی به‌زاندووه، مه‌ترسییه سه‌ره‌کییه‌کانی سه‌ر ئه‌و زمانه له سه‌رده‌می سۆسیال میدیا و جیهانگیرییدا کامانه‌ن، چۆن ده‌توانین زمانی کوردی له‌و هەموو هەڕەشە و مه‌ترسییانه دوور بخه‌ینه‌وه، لە کاتێکدا کارەکتەری کورد لەسایەی هەبوونی دەسەڵاتێکی لۆکا‌ڵی و هەبوونی چەندان داوودەزگای ئەکادیمی و پەروەردەیی و بنکە و ناوەندی رووناکبیری بۆ خۆی بەشێکە لەو مەترسییانە، هاوکاتیش چۆن داتوانین ئەو زمانە بکەین بە ناسنامەی نەتەوەیەک و به‌ره و گه‌شه کردن و به‌خشینی توانای رووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندییه نوێیەکانی سه‌رده‌می مۆدێرنێتەی ببه‌ین و له باری فۆرم و ناوه‌ڕۆکه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ندی بکه‌ین. چۆن ده‌توانین توانستەکانی ئه‌م زمانه بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ زانست و دیارده مودێرنه‌کاندا فراوانتر بکه‌ین؟
لە سه‌دساڵی رابردوودا و هه‌ر به که‌ڵک وه‌رگرتن له چه‌مکی ناسیۆنالیزم، ده‌وڵه‌ته دیکتاتۆر و فاشیسته‌کان له ژێر ناوی پاراستنی گشتێتیی نه‌ته‌وه و نیشتماندا، نه‌ته‌وه و کو‌لتوور و ئایینه‌کانی دیکەیان سه‌رکوت و ته‌نانه‌ت قڕ کردووه، (وه‌کو قڕکردنی کوردانی باکوور له‌لایه‌ن دەوڵەتی تورکیا، و پاکتاوکردن و کوشتنی به کۆمه‌ڵی پرۆسەی ئه‌نفالی کورد لەلایه‌ن عیراقه‌وه)، ناسیۆنالیزمی نەتەوەی سەردەست هاوکات گوتاری پاراستن و په‌ڕاندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه و کولتووره بنده‌ست و ستەم لێکراوه‌کانی مێژوویشه له هه‌ڕه‌شه‌ی سرینه‌وه و مه‌رگ و فه‌رامۆشی.
بە واتایه‌کی دیکە هه‌م لایه‌نی سه‌رکوتکه‌ر کرده‌وه نامرۆییه‌کانی خۆی به که‌ڵک وه‌رگرتن له هزر‌ی ناسیۆنالیستی و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌یی پاساو ده‌دات، هه‌م لایه‌نی سه‌رکوتکراو به په‌نابردنه به‌ر ورووژاندنی هزر و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی داکۆکی له بوونی خۆی و مانه‌وه‌ی خۆی ده‌کات. به‌ڵام به پێی زۆربه‌ی ئه‌زموونه مێژووییه‌کان، ئه‌م گوتاره که ده‌ورێکی گرینگی له ڕووداوه‌کانی لانیکه‌م دوو سه‌ده‌ی ڕابردووی ژیانی سیاسی مرۆڤدا بووه، دوای راپه‌ڕاندنی ئه‌رکه بنه‌ماییه‌که‌ی، ناتوانێت هاوکات گوتاری به‌ڕێوەبردن و گه‌شه‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگەش بێت.
بێگومان چ زمان به ئامرازی پێوه‌ندیی نێوان مرۆڤه‌کان بزانین، چ به دیارده‌یه‌کی مێژوویی دابنێین یان وه‌کو سیستەمێک له ئاماژه‌کان بیبینین و به شێوه‌یه‌کی هه‌نووکه‌یی سه‌یری بکه‌ین، ناتوانین خۆمان له‌و ڕاستییه بشارینه‌وه که زمان و هزر‌ی مرۆڤ به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ گرێدراوی یه‌کترن. به واتایه‌کی دی زمان ئامرازی هزر کردنه و هزریش بنه‌مای زمانه.
گوتاری ناسیۆنالیزم و هزر‌ی نه‌ته‌وه‌ی سەردەست هەڕەشەی راستەوخۆن لەسەر چارەنووسی زمانەکەمان، لەکاتێکدا دەبوو گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی کۆڵه‌گه‌ی سه‌ره‌کی رزگارکردنی ئه‌م زمانه بووا‌ن و له ژێر په‌نجه نەگریسه‌کانی سڕینه‌وه‌ی کو‌لتووریی ئه‌و حکومه‌ته دیکتاتور و پاوانخوازانه‌ی که سه‌رده‌مانێک خه‌ونیان به دروستکردنی یەک نه‌ته‌وه و یه‌ک زمانه‌وه ده‌بینی. به‌ڵام ئێستاکه به ئاشکرا و به ته‌واوی په‌یکه‌ری ئه‌م ئاواته نامرۆڤانه‌یان ڕووخاوه و ئه‌م حکومه‌تانه به ناچار ئاراسته‌ی سیاسه‌ته‌که‌یان گۆڕیوه بۆ سیاسه‌تی برایه‌تی ڕواڵه‌تیی و ڕازی کردنی ڕووکه‌شییانه. پێیان خۆش بێت یان نا ئێسته کورد یه‌کێکه له ئه‌کته‌ره کاریگه‌ره‌کانی ناوچه‌که و زمانی کوردیش یه‌کێکه له‌و زمانه زیندووانه‌ی که ته‌نانه‌ت له غیابی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردیش‌دا، ڕووبه‌رێکی سیاسی و کو‌لتووریی به‌رین و به‌رفراوانی هه‌یه و حاشای لێناکرێت.
ده‌رکـــه‌وتــه ئـایدیـۆلـۆژیـکه‌کــه‌ی گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی، هێشتا قه‌ناعه‌تی به‌م وه‌رچه‌رخانه مێژووییه نه‌هێناوه و هه‌ر له ڕه‌هه‌ندی دووانه‌ی مه‌رگ و ژیانه‌وه سه‌یری زمانی کوردی ده‌کات و به‌م پێیه‌ش تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ئه‌گه‌ر و دۆخه‌کانی گه‌شه‌ی زانستیی لێوه‌ر‌گرتۆته‌وه و رێگه‌ی بۆ هه‌ر چه‌شنه ده‌ستێوه‌ردانێکی نازانستیی خۆش کردووه، ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانانه‌ی که به دروشمی ڕه‌سه‌نایه‌تی و پاراستن و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی زمان و کتێبخانه‌ی کوردی پاساو ده‌درێن. به گشتیی دوو گرووپ خاوه‌ندارێتی ئه‌م ده‌ستیێوه‌ردانه ئایدیۆلۆژیک و نازانستییه ده‌که‌ن:
یه‌که‌م: ئه‌وانه‌ی تا ئێسته‌ش ئاگاداری ئه‌م ڕاستییه نین و به شێوازه‌کانی ڕابردوو هێشتا هه‌ر پاراستنی زمان به ئه‌رکی خۆیان ده‌زانن، دووهه‌میش ئه‌وانه‌ی به ته‌واوی ئاگادارن، به‌ڵام ئه‌م دۆخه‌یان پێخۆشتره و شکۆی ده‌ستکرد و نانی خۆهه‌ڵواسین به‌م زمانه‌دا به ئاسانی ڕاده‌ستی پرۆسه‌ی به پسپۆڕیی بوون و زانستیی کردنه‌وه‌ی زمانی کوردی ناکه‌ن. به داخه‌وه نموونه‌یان که‌م نییه سەرباری ئەوەی کە زمانی کوردی زمانی فەرمی هەرێمی کوردستانە، بەڵام هێشتا نامە ڕەسمییەکانی بەشێک لە فەرمانگەکانی حکومەت بە زمانی عەرەبی دەنووسرێن و بەڕێوە دەچن، ئه‌وانه‌ش که هێشتا گرفتی سه‌ره‌کییان له نووسینی کوردی‌دا هه‌یه، کتێبی فێرکاریی زمانی کوردی بڵاو ده‌که‌نه‌وه یان له ژیر ناوی وه‌رگێڕاندا به گژ ده‌قه گه‌وره‌کاندا ده‌چن و بەڵام سه‌ره‌تاییترین مه‌رجه زانستییه‌کانیش ڕه‌چاو ناکه‌ن، کرده‌وه‌یه‌ک که ئه‌گه‌رچی ڕواڵه‌تی خۆی به بیری نه‌ته‌وه‌یی میکیاج ده‌کات، به‌ڵام له ئه‌نجامدا گه‌وره‌ترین زیان هه‌ر له‌و زمانه ده‌دات که سه‌ره‌کیترین کۆڵه‌که‌ی ناسنامەی نه‌ته‌وه‌ییە.
پرسی ئایدیۆلۆژیی یه‌کێکه له‌و مه‌ترسییانه‌ی ده‌توانێت پێوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی نێوان هزر و زمان تووشی دابڕان بکات. ئایدیۆلۆژی وه‌کو ده‌زگایه‌کی هزر‌ی سیاسیی پێشتر داڕێژراو و به پیرۆزکراو، ئاراسته‌ی گه‌شه‌ی زانستیی زمان ده‌گۆڕێت و سیسته‌مێکی چه‌قبه‌ستوو و قه‌تیسکراو له نیشانه‌کان به‌رهه‌م ده‌هێنێت، که ده‌روازه‌کانی زمان له سه‌ر گه‌شەکردن و نوێبوونه‌وه داده‌خات. له‌وه‌ها ساته‌وه‌ختێکدا به دووپات بوونه‌وه‌ی دروشمگه‌لی وه‌کو «هه‌رچی بێت هه‌ر کوردی بێت» زمان ده‌بێت به به‌ستێنی ته‌راتێنی ناشاره‌زایی و له ئه‌نجامدا ده‌قی لاواز و نه‌زۆک به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
زمان یه‌کێکه له هه‌ستیارترین دیارده‌کانی ئه‌م باسه و کاتێک له‌م سۆنگه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێت ده‌روازه‌کانی به ڕووی نوێگه‌ری و زانست و هه‌روه‌ها زمان و فه‌رهه‌نگه‌کانی تریشدا داده‌خرێت و ئاخێوه‌ره‌کانی به‌رانبه‌ر به دونیای ده‌ره‌وه‌ی خۆیان لاڵ و بوغزاوی بار دێن. بێگومان ئه‌م ڕوانیێنه نووسینی خراپ، وه‌رگێرانی خراپ و له ئه‌نجامدا هزر‌ی خراپ به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
کاتی ئه‌وه هاتووه که زمانی کوردی له کۆت و به‌ندی ئایدیۆلۆژی ڕزگار بکرێت، ئه‌مه به واتای ئه‌وه نییه که ڕاکێشانی سه‌رنجی دانیشتووانی ئه‌م زمانه بۆ لای فێربوونی زمان و پاراستنی شوناسی خۆیان، به که‌ڵک وه‌رگرتن له هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی پێویست نه‌بێت؛ به دڵنیاییه‌وه ئه‌م ئه‌رکه تا کاتێکی نادیار هه‌ر له ئه‌ستۆی گوتاری ناسیۆنالیزمه، به‌ڵام ئه‌م گوتاره لێره به‌دواوه مافی ده‌ستێوه‌ردانی نییه و ده‌بێت سنووره‌کانی زانستی بوونی زمان بپارێزێت. مامه‌ڵه‌ی زانستیی له‌گه‌ڵ زمان واته ئیتر ده‌یان که‌ناڵی ڕاگه‌یاندن بۆیان نییه ڕۆژانه و به دڵی خۆیان زمان بشێوێنن، یان ده‌یان ده‌زگا و ڕێکخراوی حیزبی مافی ئه‌وه‌یان نییه له ڕقی یه‌کتر و به بێ هیچ چاوه‌دێرییه‌کی زانستی به لێشاو کتێبی بێ که‌ڵک و بێ خوێنه‌ر بڵاو بکه‌نه‌وه، هه‌ڵس و که‌وتی زانستیی له‌گه‌ڵ زمان واته هه‌ر که‌س به پێی هه‌ستی کرچ و کاڵی نه‌ته‌وه‌یی و له غیابی بونیاده پێویسته‌کانی خوێندنه‌وه و خۆ بارهێنان و خۆ په‌روه‌رده کردنی زانستیدا، خۆی به ژیدەری زمان نا‌زانێ و به وه‌رگێڕانی سه‌قه‌ت و نووسینی لاواز و پڕ هه‌ڵه ده‌س ناخاته نیو ڕۆحی ماندووی ئه‌م زمانه‌وه، واته ئیداره کردنی فه‌رمیی زمان له لایه‌ن که‌سایه‌تیی و ده‌زگا زانستیی و به ئه‌زموون و پێوه‌ندیداره‌کان و به‌ڕێوەبردنی بڕیاره‌کانیان، واته موتوربەکردنی ڕاسته‌وخۆی زمان له زانست و ده‌سکه‌وته پۆزه‌تیڤه‌کانی شۆڕشه زمانناسییه مه‌زنه‌کانی مێژوو و کردنه‌وه‌ی هه‌موو لقه زانستییه‌کانی پێوه‌ندیدار به زمانه‌وه له دڵی زمانی کوردی‌دا و هه‌روه‌ها کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌کانی ئه‌م زمانه به ڕووی هه‌موو زمانه زیندووه‌کانی دونیا به دوور له هه‌ر چه‌شنه ڕق و نه‌فره‌تێک و ته‌نیا به مه‌به‌ستی دانوستان و گه‌شه‌ی پێوه‌ندییه ئینسانییه‌کان و ده‌وڵه‌مه‌ند کردنی زمانه‌که‌مان.
دەرکردنی گۆڤارێکی زمان‌ناسی وەرزی بە ناوی(گۆڤاری زمان و زار)،وەک پرۆژەیەکی زمان‌ناسی نەتەوەسازی، لە بەراییدا هەڵبژاردنی ئەم ناونیشانە(زمان و زار) خۆی لە خۆیدا هەڵگری دەلالەتێکە، کە بەداخەوە هێشتا زمانی کوردی زمانێکی ستاندارد و یەکگرتوو نییە، ئەگەرچی لە باشوور و ڕۆژهەڵات(زاری کرمانجی ژیری) و لە باکوور و ڕۆژاواشدا(کرمانجی ژووروو) لە غیایی ئەو زمانە ستانداردە ڕۆڵی زمانی پێوەر دەبینن، هەڵبەتە هۆکارەکان زۆرن، کەم و زۆریش قسەیان لەسەر کراوە، بەڵام ئامانجی سەرەکی ئەم پرۆژەیە درووست‌کردنی سەکۆیەک بوو بۆ وتووێژ لەگەڵ زمان‌ناسان و ڕووناکبیرانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و تەنانەت دیاسپۆراشدا بە هەموو ئاخێوەری زار‌و بنزارەکان، بە جیاوازی هزر و بیرکردنەوەیان، تا هەوڵبدەین لۆجیکانە پێشنیار و ڕەخنەکان بپەژرێنین و ڕاسپاردەی گونجاویش بخەینە بەردەم یەکتر، بەتایبەت لەم ساڵانەی دوایی بەشێک (با کەمیش بێت) لەو ڕۆناکبیرانە بێ ئەوەی بە خۆیان بزانن ناڕاستەوخۆ خزمەتیان بە ئەجیندای وڵاتانی نەتەوەی سەردەست کردووە، کە لە هەوڵی ئەوەدا بوون زارەکانیان وەک زمانێکی جیاواز لە زمانی کوردی بناسێنن، لێرەدا پرسەکە هەر زمان نییە بەقەد ئەوەی دەسەڵاتی نەتەوەی سەردەست چۆن لە رێگەی توانستە ماددی و میدیا زەبەڵاحەکانیان بەشێک لە و پێکهاتە ئایینیانەی وەک ئێزیدی و شەبەک هەروەها ئیتنیکییە کوردییانەی وەک لەک و لوڕ و زازاکی و هەورامی، لە ڕێی سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن و هەولدان بۆ جوداکردنەوەیان لە نەتەوەی کورد، کارکردن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچە کوردستانییەکان بکەن، وەک لە باشوور(ناوچە کێشە لەسەرەکان).











