خەبات – ڕەنجبەر بەرزنجی
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهار و سەرهەڵدانی گژوگیا بەهارییەکان، خەڵکانێک چ بۆ مەبەستی کەسابەت و چ بۆ پێویستیی تایبەتیی خۆیان، سەردانی ناوچە شاخاوییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکەن، بەڵام زۆرجار بەهۆی چەند هۆکارێکەوە، دەبنە قوربانیی ڕووداوەکانی مین و تەقەمەنی. بە شێوەیەک و بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی هەولێر، لە ماوەی (١٠) ساڵی ڕابردوودا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پارێزگای هەولێر (٨٩) کەس بوونەتە قوربانیی ڕووداوەکانی مین، کە لەو ڕێژەیەدا ٩٠٪ـی ڕووداوەکان بەهۆی کۆکردنەوەی گژوگیا بەهارییەکانەوە بووە.
پێنج هاووڵاتی بوونەتە قوربانی
عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی پارێزگای هەولێر، لە میانی چەند پرسیارێکی «خەبات»دا ڕایگەیاند: «بەداخەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران (٥) هاووڵاتی بوونەتە قوربانیی ڕووداوەکانی مین و تەقەمەنی، کە بەداخەوە یەکێک لە قوربانییان گیانی لەدەست داوە و چوار کەسی دیکەیان بریندار بوونە. ئەگەر بەگشتیش قسە لەسەر ڕووداوەکان بکەین و ئامارێکی ماوەی (١٠) ساڵی ڕابردوو وەک نموونە وەربگرین، ئەوا لە ماوەی ئەو (١٠) ساڵەدا (٨٩) کەس بەهۆی ڕووداوەکانی مین و تەقەمەنییەوە بوونەتە قوربانی، کە دەتوانین بڵێین لەو ڕێژەیەدا ٩٠٪ـی ڕووداوەکان بەهۆی کۆکردنەوەی گژوگیا بەهارییەکان بووە لەم وەرزەدا».
هۆکاری ڕووداوەکان
هەر لە میانی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی هەولێر لەبارەی ساڵانە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوانە ڕایگەیاند: «لە ڕاستیدا دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنانە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە: هۆکاری ئابووری و هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهاری و فرۆشتنەوەیان لە بازاڕ و ڕەچاونەکردنی ڕێنمایی و پەیامەکانی هۆشیاری و خۆپاراستن لە مین، کە بەشێوەی بەردەوام بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مینی هەولێر لە ڕێی تیمەکانی هۆشیارکردنەوە، خەڵکی لە مەترسییەکانی مین ئاگادار کردووەتەوە، بەوەی بە هیچ شێوەیەک نزیکی ناوچە مەترسیدارە مینڕێژکراوەکان نەبنەوە. بەداخەوە زۆربەی ئەم کەسانە شارەزای تەواوی ناوچەکەشن و لەلایەن تیمەکانی هۆشیارکردنەوە، ڕێنماییی تەواویان دەربارەی ناوچە مەترسیدارەکان وەرگرتووە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنمایی و پەیامەکانی خۆپارێزییەوە، سەرکێشی بە گیانی خۆیانەوە دەکەن».
ناوچە مەترسیدارەکان کوێن؟
هەر لە درێژەی قسەکانیدا، عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری مینی هەولێر، ڕایگەیاند: «هەموو ئەو شوێنانەی کە بە سێگۆشەی سوور و نیشانەڕێژکراون و هێما و تابلۆی ئاگادارکردنەوەیان بۆ دانراون، بە ناوچەی مەترسیدار بە مین و تەقەمەنی هەژمار دەکرێن و نابێت بە هیچ شێوەیەک هاووڵاتییان لێیان نزیک ببنەوە. لای خۆمانەوە و لە ڕێگەی ئێوەوە، داوا لە هەموو هاونیشتمانیانمان دەکەین کە بەر لە دەرچوون بۆ دەرەوەی شار، جا بە مەبەستی گەشت و سەیران بێت یان کۆکردنەوەی گژوگیا بەهارییەکان، تکایە پرسیار لە کەسانی شارەزای ناوچەکە بکەن و بۆ پاراستنی سەلامەتیی خۆتان و خانەوادەکانتان، لەو شوێنانە دوور بکەونەوە کە بە ناوچە مەترسیدارەکان لە قەڵەم دەدرێن و نیشانەڕێژکراون. هەروەها، لە کاتی بینینی مین یان هەر تەنێکی نامۆ و گوماناوی، هەوڵی دەستکارییکردنی مەدەن و بە هیچ شێوەیەک لێی نزیک مەبنەوە. پێویستە لەو کاتەدا ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی دەزگای مین بە ژمارە (١٨٢)، کە بەشێوەی خۆڕایی لە خزمەت هاونیشتمانیاندایە».