سهرهتا وتار ڕۆڵی مەسرور بارزانی لە کاروانی ئاوەدانی و خۆڕاگریی هەرێمی کوردستاندا
سیروان گەردی
مێژووی گەلان پڕە لەو وێستگانەی کە تێیدا سەرکردەکان لە کاتە سەختەکاندا دەبنە پایەی ڕاگرتنی قەوارە و پاراستنی دەستکەوتەکان. لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆڵی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک سیمبولی خۆڕاگری و بزوێنەری سەرەکیی کاروانی ئاوەدانی لە قۆناغێکی هەستیاردا دەردەکەوێت، کە تێیدا گەشەپێدانی مرۆیی و بنیاتنانی ژێرخان وەک دوو هێڵی تەریب بەیەکەوە بەڕێوە دەچن.
کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، لە ساتەوەختێکی تژی لە قەیرانی ئابووری، تەندروستی (کۆڕۆنا) و فشاری سیاسیی ناوخۆیی و هەرێمایەتیدا دەستی بەکارەکانی کرد. ستراتیژیەتی دڵنیایی و خۆڕاگری، ڕەتکردنەوەی چۆکدانان لەبەردەم قەیرانەکان و سووربوون لەسەر پاراستنی شکۆی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، متمانەی بە کۆمەڵگەی کوردی بەخشییەوە و ڕێگەی خۆش کرد بۆ وەرچەرخان بەرەو قۆناغی گەشەپێدان.
لە تێڕوانینی مەسرور بارزانی دا ئاوەدانیی راستەقینە لە بنیاتنانی مرۆڤەوە دەست پێدەکات. لەم سۆنگەیەوە، کەرتی پەروەردە و پرسی گەنجان گرنگییەکی تایبەتی پێدراوە: لە سێکتەری پەروەردە و خوێندنی باڵادا؛ کۆششەکان چڕکراونەتەوە بۆ نۆژەنکردنەوە و بنیاتنانی قوتابخانەی نوێ، گۆڕینی پرۆگرامەکانی خوێندن بەپێی پێداویستییەکانی سەردەم و بەستنەوەی زانکۆکان بە بازاڕی کارەوە، کە هەنگاوی زۆر دەستی پێکردووە بەتایبەتی بڕیاری دەستکاری خۆماڵی بە رێژەی ٧٥٪، کە بە دڵنیاییەوە لە کابینەی داهاتوو بەرهەمی دەبینرێت و پێویستی بە هەنگاو و بیرۆکەی دیكهشهوه بۆ گەشەی زیاتر.
لە سێکتەری تواناسازیی گەنجاندا؛ ڕەخساندنی دەرفەتی کار لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی پڕۆژە بچووک و مامناوەندییەکان و ڕەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ گەنجان تا ببنە سەرکردە و داهێنەر لە کەرتی گشتی و تایبەتدا کە ئەمەش کاری گەورەی بۆ کراوە، بەرهەمەکەی پێویستی بە چاوێریکردن و گەشەپێدانی زیاتر هەیە.
سەرەڕای پڕۆژەکانی دیکە (ڕێگاوبان، دروستکرنی پۆند، پێشخستنی کشتوکاڵ و پیشەسازی و…هتد)، یەکێک لە دیارترین و گرنگترین هەنگاوە ستراتیژییەکانی ئەم دواییەی حکوومەت، ڕاگەیاندنی «پڕۆژەی ڕووناکی» بوو بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ هاووڵاتیان. ئەم پڕۆژەیە تەنیا چارەسەرکردنی کێشەیەکی مێژوویی نەبوو، بەڵکو بازدانێکی گەورە بوو لە مۆدێرنکردنی سیستەمی وزە، کەمکردنەوەی بارگرانیی سەرشانی خەڵک و دابینکردنی وزەیەکی بەردەوام بۆ کارگە و پڕۆژە پیشەسازییەکان کە بڕبڕەی پشتی ئابووریی کوردستانن.
هەروەها لە چوارچێوەی پلانی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و نەهێشتنی پشتبەستن تەنیا بە نەوت، کەرتی گەشتوگوزار وەک یەکێک لە پایە سەرەکییەکان سەیر کرا. بە هۆی گرنگیدانی ڕاستەوخۆی سەرۆکی حکوومەتەوە، کوردستان بووەتە ناوەندێکی گرنگی گەشتیاری لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی:
– ڕاکێشانی وەبەرهێنەری بیانی و ناوخۆیی بۆ دروستکردنی هاوینەهەوار و ناوچەی گەشتیاریی مۆدێرن.
– ئاسانکاری لە پێدانی ڤیزای ئەلیکترۆنی و گەشەپێدانی گەشتوگوزاری شوێنەواری و سرووشتی، کە ئەمەش هەزاران دەرفەتی کاری بۆ گەنجان ڕەخساندووە و زیاتریش دەڕەخسينێت. مەسرور بارزانی سەلماندی کە پەرەپێدان و خۆڕاگری دوو چەمکی لێکدانەبڕاون. ئەو نیشانی دا کە ئاوەدانی لە کوردستان تەنیا بە کۆنکرێت و شەقام ناپێورێت، بەڵکوو لە ڕێگەی دابینکردنی کارەبای بەردەوام( پڕۆژەی ڕووناکی)، گەشەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار و وەبەرهێنان لە توانا و پەروەردەی گەنجاندا، پایەکانی داهاتوویەکی گەش و سەقامگیر بۆ هەرێمی کوردستان دادەڕێژرێت