ئومێدی كورد به‌ كابینه‌كه‌ی عه‌لی زه‌یدی

82

نەبەز عەزیز رۆستایی
پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێکی چارەنووسسازدا، متمانەی بەخشیوە بە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو و ١٤ وەزارەت لە کۆی ٢٣ وەزارەتی کابینەکەی. هەرچەندە زەیدی توانی متمانەی زۆرینە؛ بۆ وەزارەتە سیادی و خزمەتگوزارییە گرنگەکانی وەک( دەرەوە، دارایی، نەوت، کارەبا) بەدەستبهێنێت، بەڵام شکستهێنان لە یەکلاکردنەوەی ٩ وەزارەتی تر ( بەتایبەت ناوخۆ و بەرگری) ئەمەش نیشانەی قووڵیی ململانێ سیاسییەکانە.
عەلی زەیدی، کە لە پارێزگای زیقارەوە هاتووە و لە دایکبووی ١٩٨٦ـە، وەک کەسێکی تەکنۆکرات و شارەزا لە بواری یاسا و دارایی دەردەکەوێت. کاندیدکردنی لەلایەن “چوارچێوەی هەماهەنگی” پاش کشانەوەی جەمسەرە کۆنەکان وەک مالیکی و سوودانی، ئاماژەیە بۆ ویستێکی ناوخۆیی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان لە ڕێگەی کارەکتەرێکی تەکنۆکرات و دامەزراوەیی.
پشتیوانیکردنی زەیدی لەلایەن کوردەوە، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، هەڵوێستێکی مافخوازی قەوارەی هەرێمی کوردسان و پاڵپشتی کردنی عێراقێکی فیدڕاڵی ڕاستەقینە و بەشداری کردنە لە بڕیاری سیاسیی و سیادی عێراقی فیدڕاڵ، پاڵپشتی کورد لەم کابینەیە، لە چەند خاڵێکدا دەبینرێتەوە:
1- شەریکێکی سەرەکی لە بڕیاری سیادی:
بەوپێیەی وەزارەتەکانی دارایی و دەرەوە متمانەیان پێ دراوە، کورد وەک جاران پێگەیەکی بەهێزی دەبێت لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوە و بودجەی عێراق.
2- چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکان: پشتیوانیی پارتی بۆ زەیدی ئاماژەیە بۆ هەبوونی لێکتێگەیشتن لەسەر پرسی ( مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، یاسای نەوت و گاز و جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠). داهاتووی کورد بەندە بەوەی زەیدی تا چەند دەتوانێت لەژێر فشاری هێزە شیعیەکاندا پابەندی بەڵێنەکانی ببێت بەرامبەر بە هەولێر.
3- هاوسەنگی ئەمنی:
بەهۆی ئەوەی وەزارەتە ئەمنییەکان ( ناوخۆ و بەرگری) هێشتا دەنگیان پێنەدراوە، کورد لە دۆخێکی چاوەڕوانیدایە. بۆ کورد گرنگە ئەو وەزارەتانە بە کەسانێک پڕبکرێنەوە کە بڕوایان بە هەماهەنگی بێت لەگەڵ پێشمەرگە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناکۆکەکان. پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزێکی سەرەکی و بڕیاردەر، بە دیدگایەکی پراگماتیکییانە دەڕوانێتە داهاتووی عێراق لەژێر سایەی حکومەتی زەیدی دا:
١. گواستنەوە لە دەسەڵاتی کەسییەوە بۆ دەسەڵاتی دامەزراوەیی:
ئاماژە بە ئاراستەی سیاسیی پارتی پێی وایە داهاتووی عێراق تەنها بە “بنیاتنانی دامەزراوەی ڕەسەن” سەقامگیر دەبێت ( وەک لە بەرنامەی حکومەتەکەدا هاتووە). لە دیدگای سیاسیی پارتییەوە، عێراق پێویستی بە سەرۆک وەزیرانێکە کە وەک “بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو” ڕەفتار بکات نەک وەک جەمسەرێکی سیاسی تایفەگەرانەیی، ئەمەش هاوتایە لەگەڵ پاشخانی ئەکادیمی زەیدی.
2- چەسپاندنی پرەنسیپی “شراکەت، تەوافوق، هاوسەنگی”:
پارتی پێی وایە واچاکە هیچ پێکهاتەیەک پەراوێز نەخرێت. دیدگای پارتی پشتگیری لە حکومەتێک دەکات کە بتوانێت هاوسەنگی لە نێوان جەمسەرە هەرێمییەکان ( ئێران و وڵاتانی عەرەبی) دروست بکات و عێراق لە ململانێی تاییفی دوور بخاتەوە.
3- ڕووبەڕووبوونەوەی چەکە بێسەروبەرەکان:
یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکان لە دیدی پارتییەوە بۆ داهاتووی عێراق، بوونی چەکە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت. پارتی چاوەڕوانە زەیدی بتوانێت هەیبەتی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە، چونکە بەبێ کۆنترۆڵکردنی گروپە چەکدارەکان، هیچ پرۆژەیەکی ئابووری و وەبەرهێنان لە عێراقدا سەرناگرێت.
4- گۆڕانی ئابووری و گەنجان:
بەوپێیەی زەیدی خۆی نوێنەرایەتی نەوەی گەنج دەکات، پارتی هیوای وایە ئەمە ببێتە سەرەتایەک بۆ گۆڕینی سیستەمی ئابووری عێراق لە ئابوورییەکی ڕەیعییەوە بۆ ئابوورییەکی فرەچەشن کە کەرتی تایبەت و گەنجان تێیدا ڕۆڵی سەرەکی بگێڕن.
لەكۆتاییدا حکومەتەکەی عەلی زەیدی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە. ئەگەرچی کورد و چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی دەکەن، بەڵام دروستبوونی ئۆپۆزسیۆن( وەک فراکسیۆنی حقوق) و ململانێ لەسەر وەزارەتە ئەمنییەکان، دەریدەخەن کە ڕێگای بەردەم زەیدی بە گوڵ نەچێندراوە. داهاتووی عێراق و هیواکانی کورد بەندە بەوەی زەیدی تا چەند دەتوانێت “سەربەخۆیی” بڕیارەکانی بپارێزێت و نەبێتە قوربانی ململانێی جەمسەرە گەورەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی.