سه‌رۆك بارزانی ڕابه‌رێكی حه‌كیم له‌ ناوچه‌كه‌دا

165

عیرفان داوودی
لە سەردەمێکدا کە سەدای تۆمەتبارکردن بە خیانەت بەرز بووەتەوە و زمانی تۆمەتبەخشین زاڵ بووە بەسەر گوتاری زۆربەی سیاسییەکاندا، ناوی مەسعود بارزانی، وەك نموونەیەكی جیاواز دەردەكەوێت؛ كە لە ژاوەژاوی باو ناچێت و لەگەڵ شەپۆلەكانی هەڵكشان و هەڵچوونیش ناڕوات. بارزانی، پیاوێكە وای كردووە، وشەكانی بەهەند وەربگیرێن، هەڵوێستەكانی هاوسەنگ بن و هەندێك جاریش، ئارامی و بێدەنگی لە هەزاران لێدوان كاریگەرترە.
كورد بە گشتی و ڕێبازی بارزانی بەتایبەتی، لەلایەن هەندێك بەرپرس، لە ناوەوە و دەرەوەی عێراقەوە، ڕووبەڕووی لێشاوێكی گەورەی تۆمەت و برینداركردن بوونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، نە لەسەر ئەم سەركردەیە و نە لەسەر هاوكارانی لە سەركردایەتیدا، وەك نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، تۆمار نەكراوە، بۆ ئاستی وەڵامدانەوەی هاوشێوە دابەزیبن، یان بەخراپە وەڵامی خراپەیان دابێتەوە. بەڵكو وەڵامەكانیان هەمیشە سەنەگەی لەسەر هێوركردنەوە، گفتوگۆ و ڕێزگرتن لە بەرانبەر بووە، تەنانەت لە سەختترین بارودۆخەكانیشدا. ئەمەش بەڕێكەوت نییە، بەڵكو ڕێبازێكی ڕەگداكوتاوە لە قوتابخانەی بارزانیی نەمرەوە؛ ئەمەش سیاسەتێكە كە پێی وایە، سەركردایەتیكردن نمایشكردنی هێز نییە، بەڵكو توانای دانبەخۆداگرتنە، داناییش بە توندیی گوتار ناپێورێت، بەڵكو بە قووڵیی دیدگاوە. مەسعود بارزانی، هیچ كاتێك ئەو سەركردەیە نەبووە، كە بەدوای دژایەتیكردندا بگەڕێت، بەڵكو هەمیشە پیاوی هاوسەنگییەكان بووە و دەبێت، دەزانێت عێراق بەهەڵكشان بنیات نانرێت، بەڵكو بە لێكتێگەیشتن بنیات دەنرێت.
ئەگەر هەندێك كەس لەسەر ئەوە ڕاهاتبن، سەكۆكان بۆ هەڵدانی تۆمەت بەكاربهێنن، ئەوا ئەم سەركردەیە، پێی باشە واز لە مێژوو بهێنێت، ئەركی دەمبۆری جێبەجێ بكات. مێژووش بە سرووشتی خۆی، لایەنگری دەنگی بەرز ناكات، بەڵكو لایەنگری جێگرترین هەڵوێست دەكات. لێرەوە وێنەی (باوكی ڕۆحی) كورد دەردەكەوێت، كە هەرگیز بەوە نەناسراوە، زمانی ڕق و كینە بەكاربهێنێت، بەڵكو هەمیشە دەستی بە گوتاری برایەتییەوە گرتووە، تەنانەت لەگەڵ ئەوانەشدا، كە لەگەڵیان ناكۆك بووە.
ئەزموونەكان سەلماندوویانە، سیاسەت گۆڕەپانی ئەوانە نییە، كە دەنگیان زیاتر بەرز دەكەنەوە، بەڵكو گۆڕەپانی ئەوانەیە، كە لە كاتی زریانەكاندا، خۆڕادەگرن. لەم سۆنگەیەوە، دەكرێت بڵێین، قوتابخانەی سیاسیی بارزانی، نموونەیەكی دەگمەنی لە عێراقدا پێشكەش كردووە: نموونەی ئەو سەركردەیەی، كە بە قەبارەی وەڵامەكانی ناپێورێت، بەڵكو بە قەبارەی ئارامییەكەی دەپێورێت.
ئەوەی ئەم ڕێبازە جیا دەكاتەوە، تەنها وەڵامنەدانەوەی خراپییەكان نییە، بەڵكو پێداگرییە لەسەر، هێشتنەوەی دەرگەی گفتوگۆ بەكراوەیی، هەرچەندە ناكۆكییەكان ئاڵۆزیش بن. ئەمەش پەیامێكی قووڵە، ناوەڕۆكەكەی ئەوەیە، سەركردەی ڕاستەقینە، بەدوای پڵماندندا ناكەوێت، بەڵكو بەسەریدا سەردەكەوێت.
لە سەردەمێكدا، كە ئێمە لە هەموو كاتێك زیاتر، پێویستمان بە هێوركردنەوە و یەكڕیزیی هەیە، ئەم ئەزموونە بەشایەنی تێڕامان دەمێنێتەوە، كە بریتییە لە: بەهێز بیت، بەبێ ئەوەی توند بیت، ئارامگر بیت، بەبێ ئەوەی لاواز بیت و بە مێشكێكی سارد و دڵێكی فراوانیشەوە، سەركردایەتی گەلەكەت بكەیت.
مێژوو بەم شێوەیە دەنووسرێتەوە… بە دانایی، نەك بە ژاوەژاو.
و: ڕەمزی میرەكانی
سەنەگە: (تەركیز)، دەمبۆری: (حوكم)، پڵماندن: (ئیستفزاز).