خەبات: عەلی بانیشاری:- هەڵەبجە نزیكەی 10 بەرهەمی جۆراوجۆری ناوخۆ ڕەوانەی بازاڕەكانی عێراق و وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپا دەكات. سەرۆكی لقی هەڵەبجەی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان دەڵێت: پلانمان هەیە بەرهەمی ناوخۆی تەواوی كوردستان هەناردەی بازاڕەكانی جیهان بكرێت. دەشڵێت: كارگه‌كانی هەڵەبجە باشترین بەرهەمیان هەیە و هەندێك لە بەرهەمەكان لە پێداویستیی ناوخۆ زیادە و ڕەوانەی شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكرێت.

جەزا ڕەزا، سەرۆكی لقی هەڵەبجەی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان بە (خەبات)ـی ڕاگەیاند: بە هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و یەكێتیی هەناردە و ناردنكاران لە ئێستادا بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی پارێزگای هەڵەبحە لە تەواوی وەرزەكاندا ڕەوانەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و دەرەوەی وڵات دەكرێت. هەڵەبجە زەیتی زەیتوون و بەرهەمە شیرەمەنییەكان و دۆشاوی تەماتە و هێلكە و هەنار و چەند بەرهەمێكی ڕەوانەی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و شارەكانی عێراق دەكات، بەشێك لەو بەرهەمانەش هەناردەی وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپا دەكات.

بەگوتەی جەزا ڕەزا، كارگە و كێڵگەكانی پارێزگای هەڵەبجە كە پێكهاتوون لە كارگەی دۆشاوی تەماتە، كارگەی زەیتی زەیتوون و بەرهەمە شیرەمەنییەكان، كێڵگە پەلەوەرییەكان، سێ كێڵگەی بەرهەمهێنانی هێلكە كە لەسەر ئاستی عێراق كێڵگەی زۆر گەورەن، باشترین بەرهەم هەناردە دەكەن. سەرۆكی لقی هەڵەبجەی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان دەڵێت: كارگه‌كانی هەڵەبجە توانیویانە زیاتر لە 1000 هەلیكار بۆ دانیشتووانی پارێزگای هەڵەبجە و دەرەوەی سنووری پارێزگاكە بڕەخسێنن. دەشڵێت: تەنیا كارگەیه‌كی شیرمەنی نزیكەی 400 هەلیكاری بۆ خەڵكی ڕەخساندووە.

بەپێی ئامارەكان لە پارێزگای هەڵەبجە دەیان كارگەی گەورە و مامناوەند و بچووك هەن كە بەرهەمی جۆراوجۆریان هەیە. جەزا ڕەزا باسی لەوەش كرد، هەڵەبجە دۆڵەمەندە بە كشتوكاڵ و لەڕووی كەرتی گەشتیارییەوە بەرەوپێچشوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە. ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان كار لەسەر ئەوە دەكات ئەگەر بارودۆخی ناوچەكە گونجاو بێت بەرهەمی ناوخۆی تەواوی كوردستان هەناردەی بازاڕەكانی جیهان بكرێت. جەزا ڕەزا ڕاشیگەیاند: بەهۆی جەنگەوە چوونی پێنج شاندنیان بۆ وڵاتانی ئەڵمانیا و بەریتانیا و پۆڵەندا و ئێران هەڵوەشاوەتەوە.

لقی هەڵەبجەی یەكێتیی هەناردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان لە مانگی تشرینی دووەمی 2022ـەوە موڵەتی لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، بەڵام تاوەكو ئێستا پارێزگای هەڵەبجە ڕەزامەندییان نەداوە لەسەر كردنەوەی ئۆفیسی لقی یەكێتییەكە لە پارێزگاكە. لەوبارەیەوە لقی هەڵەبجەی یەكێتیی هەناردە و ناردنكاران گوتی: لە مانگی تشرینی دووەمی 2024ـەوە بە نووسراوی فەرمی داوای كردنەوەی لقەكەمان لە ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە كردووە، بەڵام تاوەكو ئێستا وەڵام نەدراوینەتەوە، سەرەڕای ئەوەی چەند جارێك پێیان گوتووین لە زووترین كاتدا ئۆفیسەكەتان بۆ دەكەینەوە. جەزا ڕەزا گوتیشی: لە ژێر ڕێنمایییەكانی وەزارەتی ناوخۆ كارەكانمان بەردەوامە و چالاكیمان هەیە و نەكردنەوەی ئۆفیسی لق نەبووەتە ڕێگر لە بەردەم ئیشوكارەكانماندا، لقی هەڵەبجەی یەكێتیی هەناردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان نزیكەی 200 ئەندامی هەیە. یەكێتییەكە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و كەركووك و هەڵەبجە پێنج لقی هەیە.