عارف ڕوشدی
ئەنفال تەنیا ڕووداوێکی مێژوویی نییە، بەڵکوو برینێکی قووڵ و ساڕێژ نەبووە لەسەر جەستە تاك بە تاكی گەلی ئێمە و لە هزری نەتەوەی کورددا. یادکردنەوەی ئەم کۆمەڵکوژییە تەنیا فرمێسک ڕشتن و ماتەمگێڕی نییە، تەنیا بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەم كارەساتە تراژیدییە نییە، بەڵکوو دەبێت ببێتە وێستگەیەک بۆ خۆناسینەوە، وانە وەرگرتن و بەهێزکردنی ئیرادەی مانەوە و بەرگری، بەرخودان و هەڵستانەوەیەكی دیكە، كە وڵات بەرەو سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی و ئیداری ببات.
لە مێژوودا ئەو گەلانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە، وەک جوو، ئەرمەن و کۆسۆڤۆیییەکان، کارەساتیان کردە هاندەرێک بۆ پتەوکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانییان. ئەوان گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە تاکە هۆکاری مانەوە و پاراستنیان، بوونی قەوارەیەکی سیاسیی سەربەخۆیە، کە تێیدا کەرامەتیان پارێزراو بێت و ماف و خواستەكانیان دەستەبەر بكات، بۆیە لە خەباتێکی هەمەلایەنەی سیاسی، دیپلۆماسی و کولتووریدا، توانییان بە مافی چارەی خۆنووسین شاد ببن و لە وڵاتێکی سەربەخۆدا بژین، توانیان ببنە بەشێک لە کاروانی شارستانیەتی جیهان و چیتر ڕێگە نەدەن مێژووی خوێناوییان دووبارە بێتەوە.
بەڵام بەداخەوە، سەرەڕای گەورەیی کارەساتی ئەنفال، هێشتا لەنێو کۆمەڵگەی سیاسیی کوردستاندا، ڕەوتێکی سازشکاری لادەر و خۆنەناس بوونی هەیە کە لە گۆماوی گومڕایی و تێکشکاویی دەروونی ڕزگاری نەبووە. ئەم ڕەوتە، بە شێوەیەکی ئاگایانە یان نائاگایانە، لە هەوڵدایە وزەی کۆمەڵگه لە ململانێی لاوەکی و بێهودەدا بەفیڕۆ بدات و لە چوارچێوەی پیلانی هاوبەشی دوژمناندا، خەڵک ماندوو بکات. ئەمە لە ڕێگەی هەڵمەتی چەواشەکاری و پڕوپاگەندەی ژەهراوییەوە، لەمپەر لە بەردەم پڕۆژەی نەتەوەسازی و خواستی ژیانێکی ئازاد و سەرفرازانەی نەتەوەیەکی ستەملێکراودا دروست دەکات. ئامانجیان ئەوەیە کە ورەی تاک بە تاکی کورد بڕووخێنن و وا نیشانی بدەن کە چارەنووسی ئێمە هەر ژێردەستەییە.
لەگەڵ ئەوەشدا، هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستان وەک تاکە قەوارەی دەستووری کوردی، بڕوای گەلەکەمان بە مافە ڕەواکانی پتەوتر بووە. ئاستی هۆشیاریی نەتەوەیی بەرزتر بووهتەوە و خەڵکی کوردستان لە پیلان و گەمە سیاسییەکان بەئاگاترن. گەلی ئێمە خاوەنی ویژدانێکی زیندووە کە لێوانلێوە لە کەرامەتی نەتەوەیی و خۆشەویستی بۆ ژیان. ئەمە وایکردووە کە ئەو ڕەوتە خۆبەدەستەوەدەرە نوشستی بهێنێت و بەرەو هەڵدێری مێژوویی هەنگاو بنێت، چونکە هیچ هێزێک نییە بتوانێت ئیرادەی گەلێک تێک بشکێنێت کە بڕیاری داوە بە سەربەرزی بژی.
یادی ئەنفال دەبێت ببێتە چرایەک بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگەی ئایندەمان؛ ڕێگەی یەکڕیزی، بەهێزکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و کارکردن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیژییەکان. خوێنی شەهیدانی ئەنفال ئەمانەتێکە لە ئەستۆی هەمووماندا و وەفاداری بۆیان، تەنیا بە یەکگرتوویی و خزمەتکردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان دەبێت.
سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان، ڕیسوایی و نەفرەتی هەمیشەیی بۆ ئەنفالچییە گۆڕبەگۆڕەکان و هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ لەسەر هەمان ڕێبازی خیانەت و خۆفرۆشی بەردەوامن.