دڵشاد محەمەد ئەحمەد نەقشبەندی*
لە سەردەمێكدا كە قەیرانەكان خێرا دەبن و هۆشدارییەكانی ململانێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گەورەتر دەبن، ئەزموونی هەرێمی كوردستان وەك نموونەیەكی جیاواز دەردەكەوێت، كە لەسەر دەستگرتن بە سەقامگیری و ڕەتكردنەوەی پەلكێشبوون بۆ نێو گێژاوی جەنگەكانەوە موكڕە. لەناو جەرگەی ئەم ئاراستەیەشدا، سەركردەی كورد مەسعود بارزانی وەستاوە، كە چەندین جار جەختی كردووەتەوە، ڕێگەی كورد هەرگیز ڕێگەی دوژمنكاری نەبووە، بەڵكو ڕێگەی ئاشتی و هاوبەشیی و پێكەوەژیان بووە.
گەلانی ناوچەكە بۆ چەندان دەیەی درێژ، بەدەست جەنگ و ئاڵۆزییەكانەوە ناڵاندوویانە و باجێكی گرانیان لە خوێن و وێرانكاری داوە، گەلی كوردیش، یەكێك بووە لەو گەلانەی كە زۆرترین تاڵاوی ڕكابەری و ئاوارەیی چەشتووە. بۆیە هیچ سەیر نەبوو، ئاشتی ببێتە بژاردەیەكی ستراتیژی و كولتوورێكی چەسپاو لەلای كۆمەڵگەی كوردی و سەركردایەتییەكەیدا. ئەو گەلەی كە ئازاری بینیووە، باش دەزانێت، سەقامگیری كەشوفشێكی سیاسیی نییە، بەڵكو پێویستییەكی مان و نەمانە، بۆ بنیاتنانی داهاتوو.
چەندان ساڵە، كوردستان هەوڵ دەدات هاوكێشەیەكی ڕوون بچەسپێنێت: ئاسایشی ناوخۆ، پێكەوەژیانی كۆمەڵایەتی و كرانەوە بەڕووی هەموواندا. ئەم ئەزموونە لەسەر بیرۆكەی ململانێ یان فراوانخوازی بنیات نەنراوە، بەڵكوو لەسەر بنەمای پاراستنی مرۆڤ، بەهێزكردنی گەشەپێدان و بنیاتنانی دامەزراوەكان بووە. هەر بۆیە كوردستان بووەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ هەزاران خێزانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان، ئەوانەی لەدەست وێرانكارییەكانی جەنگ هەڵاتوون، بۆ ئەوەی لەم خاكەدا ئەو ئارامییە بدۆزنەوە، كە لە شوێنەكانی دیكە لەدەستیان دابوو.
گوتاری سیاسیی كورد، وەكوو ئەوەی سەرۆك مەسعوود بارزانی لە چەندین بۆنەدا دەریبڕیووە، لەسەر بنەمایەكی جێگیر بەرپا بووە: ڕەتكردنەوەی گۆڕینی كوردستان بۆ گۆڕەپانی ململانێ. ئەو خاكەی كە زۆر مەینەتی بینیووە، ناكرێت ببێتە سەكۆیەك بۆ جەنگی ئەوانی دیكە، یان گۆڕەپانێك بۆ یەكلاكردنەوەی تێكەولێكە هەرێمییەكان. ئەو سەقامگیرییەی كە بەدیهاتووە، بە ڕێكەوت نەبووە، بەڵكوو لە دەرەنجامی دیدگایەكە، باش دەزانێت، بنیاتنان پێویستی بە هێمنییە، گەشەپێدان پێویستی بە ئاسایشە و گەلانیش ناتوانن لەژێر دەنگی بۆردومان و دووكەڵی جەنگەكاندا، ببووژێنەوە.
لە كاتێكدا كە گرژییەكان لە ناوچەكەدا ڕوو لە هەڵكشانن، پاراستنی ئەم نموونەیە، دەبێتە بەرپرسیاریەتییەكی هاوبەش، چونكە بەئامانجگرتنی سەقامگیری، تەنها زیان بە كوردستان ناگەیەنێت، بەڵكوو هەڕەشە لە داهاتووی تەواوی ناوچەكە دەكات. ئاسایش بەش بەش نابێت و ئاشتیش ناتوانێت تەنها ناوخۆیی بێت، بەڵكو پێویستییەكی هەرێمیی و نێودەوڵەتییە.
كوردستان هەوڵی جەنگ نادات، ناشیەوێت ببێتە بەشێك لەو ململانێیانەی، كە خزمەتی گەلانی ناوچەكە ناكەن. بەڵكوو هەوڵ دەدات، ببێتە پردێك بۆ پەیوەندی، هاوكاری و نموونەیەك بۆ ئەگەری بنیاتنانی سەقامگیری، لەناو گەردەلوولەكاندا. داهاتوو بە چەك دروست ناكرێت، بەڵكو بە قوتابخانە، زانكۆ، نەخۆشخانە و پڕۆژەكانی گەشەپێدان دروست دەكرێت، كە دەرگەكانی ئومێد بەڕووی نەوەكانی داهاتوودا دەكەنەوە.
هەڵبژاردنی ئاشتی، لاوازی نییە، بەڵكو دلێرییەكی سیاسی و ڕەوشتییە، كە پێویستی بە دیدگایەكی دووربین و باوەڕێكی قووڵ، بە بەهای ژیان هەیە. لە سەردەمێكدا كە دەنگی چەك بەرز دەبێتەوە، كوردستان هەر بە دەستگری پەیامەكەی خۆی دەمێنێتەوە: ڕێگەی بنیاتنان، تاكە ڕێگەیە بەرەو داهاتوویەكی ئارام و سەقامگیر.
لە كۆتاییدا، پەیامەكە هەر بەڕوونی دەمێنێتەوە: كوردستان ئاشتی دەوێت… نەك جەنگ. سەقامگیری دەوێت… نەك پشێوی. داهاتوویەكی دەوێت كە تێیدا نیشتمانەكان بە ژیان، كار و هاوكاری بنیات بنرێن، نەك بە ململانێ و وێرانكاری. لە سەردەمی جەنگەكاندا، دەنگی ئاشتی، هەر بە باشترین دەنگە دەمێنێتەوە، كە شایستەی بیستن بێت.
*پێشنوێژ و وتارخوێن.
و: ڕەمزی میرەكانی