ڕۆشنا عەلی
ئەگەر ڕاپرسییەک لەنێو قوتابیاندا ساز بکەین و تەنیا دوو بژاردەیان بدەینێ: قوتابخانە یان پشوو؟ وەڵامەکە بێگومان پشووە.ئەم وەڵامە یەکلاکەرەوەیە تەنیا ئارەزوویەکی سادە نییە، بەڵکو ئاوێنەیەکە کە واقیعێکی قووڵتری پەروەردەیی پێشان دەدات. هۆکارەکە تەنیا لە چوارچێوەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکاندا قەتیس نابێت، کە لە پشوودا بێ سانسۆر دەکەونە بەردەستیان. ڕاستە ئەوان بەشێکن لە وێنەکە، بەڵام کێشەکە قووڵترە وڕەگی لە جیاوازیی نێوان دوو ژینگەدا داکوتیوە.
ئارەزووی زۆری قوتابی بۆ پشوو، وەک زەنگێکی ئاگادارکردنەوە وایە کە پێمان دەڵێت: ژینگەی ماڵەوە هێشتا گەرموگوڕتر، ئارامتر و خۆشەویستترە لە چاو ژینگەی قوتابخانە. ئەم ڕاستییە تاڵە لە دیمەنێکی ڕۆژانەدا بە ڕوونی ڕەنگ دەداتەوە: بەیانیان، قوتابیان بە هەنگاوێکی قورس و لەسەرخۆ ڕوو لە دەرگای قوتابخانە دەکەن، وەک ئەوەی بەرەو ئەرکێکی ناچاری بچن. بەڵام کاتێک زەنگی کۆتایی لێدەدرێت، هەمان قوتابی بە ڕاکردن و پەرۆشییەوە بەرەو دەرەوە هەڵدێت. ئەم دیمەنە بەسە بۆ ئەوەی تێبگەین کە قوتابخانە زیاتر وەک ئەرک وشوێنی پابەندبوون سەیر دەکرێت نەک وەک ماڵی دووەم.
پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدایە: بۆچی قوتابخانە، وەک ناوەندێکی پەروەردەیی، نەیتوانیوە ببێتە ئەو پەناگە سەرنجڕاکێشەی کە قوتابی هەست بە ئارامیی دەروونی و جەستەیی بکات؟ تەنانەت ئەو حەز و پەرۆشییەی کە جاران بۆ یەکەم ڕۆژی دەوام هەبوو، وردە وردە کاڵ بووەتەوە. ئێستا زۆر قوتابی بە بیانووی ئەوەی وانە ناخوێنرێت خۆیان لە یەکەم ڕۆژیش دەدزنەوە.
جێی سەرنجە ئەم دیاردەیە تەنیا قوتابخانە حکومییەکان ناگرێتەوە؛ بەڵکو لە قوتابخانە ناحکومییەکانیشدا بە هەمان شێوە ئامادەیی هەیە. سەرەڕای ئەوەی لەوانەیە ژینگە و خزمەتگوزارییان باشتر بێت، بەڵام ڕۆحی پەروەردەیی هێشتا نەیتوانیوە ببێتە جێگرەوەی گەرمیی ماڵەوە.
لە کۆتاییدا، کێشەکە ئەوە نییە کە قوتابی حەزی لە پشووە، چونکە ئەمە سروشتییە وقوتابی هەموو دنیا حەزێكی ئاسایی هەیە بۆ ڕۆژانی پشوو بۆنموونە لە وڵاتی چین لەبەر ئەوەی قوتابی ماوەی مانەوەی لە قوتابخانە زۆرە وەك پشوویەكی جەستەیی و دەروونی حەزەكانییان دەردەبڕن لە وڵاتی فنلەندا بۆگوزارشتكردن لە خولیاكانیان حەزیان لە پشووە كە دەرفەتی زیاتریان دەداتی . کێشەکە ئەوەیە کە قوتابخانە نەیتوانیوە خۆی بکاتە بژاردەیەکی دڵخوازلە لای ئێمە هەرچەندە كاتی دەوام و ماوەی مانەوە لە قوتابخانەكانی ئێمە زۆر كورتە.
بۆیە تا ئەو کاتەی سیستەمی پەروەردە جەخت لەسەر فێرکردنی وشک و تاقیکردنەوەی بێزارکەر دەکاتەوە و فێربوون وەک چێژ و ئەزموونێکی زیندوو پێشکەش ناکات، قوتابی هەر بە پەرۆشییەوە چاوەڕێی زەنگی کۆتایی وهاتنی پشووی درێژەو هەندێك ڕۆژانی ناپشووش لەم سیستەمەی پەروەردەی ئێمەدا لەلایەن خودی قوتابییانەوە دەكرێتە پشوو كە بە كۆمەڵ قوتابخانە چۆڵ دەكەن بە تایبەت كاتێك یەك ڕۆژی پشوو دەكەوێتە ناوەڕاستی هەفتەوە یان دەسپێكی دەوامی وەرزێك دەكەوێتە ناوەڕاستی هەفتە، لێرەوە ماوەتەوە بڵێم ئەركی هەموو پەروەردە كارێكە لەم هۆكارانە بكۆلێتەوە كوێی قوتابخانە بۆتە لاشە خراپەكەی قوتابی حەزی پێناكات لەبەر چاو بگیرێت و كاری لەسەر بكرێت ،چونكە ئەم خولیایە بۆ پاڵدانەوە كاریگەرییەكەی زۆرە لە ئایندەدا دیوە خراپەكەی بەدەردەكەوێت.