سهرهتا وتار خۆڕاگریی لەبەردەم گێژاوی مێژوو و ئاڵنگارییەکانی ئێستادا
عارف ڕوشدی
لە قووڵایی مێژووەوە، پەیوەندییەکی ئەزەلی و دانەبڕاو لەنێوان گەلی کوردستان، خاکی کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردایەتیدا هەیە. ئەم سێ کوچکە پیرۆزە، بناغەی ناسنامەیەکی کۆنینەیان داڕشتووە، کە لەسەر بنەماکانی لێبووردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بونیاد نراوە. هەرێمی کوردستان، وەک قەوارەیەکی دەستووری و مێژوویی، بەرجەستەکەری ئەم ناسنامە و بەهایانەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم ڕاستییە پتەوە هەمیشە ڕووبەڕووی هەوڵی سڕینەوە و لاوازکردن بووەتەوە، چ لەلایەن هزری شۆڤێنیانەی ناوەندگەرای بەغداوە، چ لە ڕێگەی ئەو دەنگە ناوخۆییانەوە، کە لەبری پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەیان، بەداخەوە دەبنە ئامرازی جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکی.
مێژووی هاوچەرخی کوردستان پڕە لە وێستگەی شکۆدار کە تێیدا ئیرادەی گەل خۆی وەک وەڵامێکی شۆکهێنەر و یەکلاکەرەوە بەسەر هەموو پیلانگێڕییەکاندا سەپاندووە. پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧، هەرچەندە ڕووبەڕووی گوشارێکی گەورەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بووەوە، بەڵام لووتکەی خواست و ئیرادەی نەتەوەیی بوو بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی.
دوابەدوای ئەمەش، کاتێک هێزی پەلاماردەر هەوڵی داگیرکاری و شکاندنی شکۆی هەرێمی کوردستانی دا، هێزی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەل، جارێکی دیکە سەلماندیان کە خاکی کوردستان گۆڕستانی داگیرکەرانە. ئەمە جگە لەوەی کە لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا، کوردستان وەک قەڵغانێکی پۆڵایین، نەک تەنیا خۆی، بەڵکو هەموو جیهانی ئازادی لە وەحشیگەریی و دڕندەیی ئەم ڕێکخراوە تیرۆیستییە پاراست و داستانێكی کەم وێنەی لە بەرگریکردن لە بەها مرۆڤایەتییەکان تۆمار کرد.
خۆڕاگریی گەلی کوردستان تەنیا لە بەرەکانی جەنگدا قەتیس نامێنێت، بەڵکو لە ڕەهەندە کولتووری و نەتەوەییەکانیشدا بە ڕوونی ڕەنگ دەداتەوە. ئەو ڕابوونە نەتەوەییەی کە لە بۆنەکانی وەک جەژنی نەورۆزدا بەدی دەکرێت، کاتێک ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە هەر چوار پارچەی نیشتمان و لەلایەن ڕەوەندی کوردییەوە لە سەرانسەری جیهاندا بەرز ڕادەگیرێت، پەیامێکی ڕوونە، كە گیانی کوردایەتی زیندووە و بە هیچ گوشار و ئابلوقەیەک ناکوژێتەوە. هەروەها، ئەو پشتیوانییە فراوانەی گەلی باشووری کوردستان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، نموونەی هەرە بەرچاوی یەکگرتوویی و هاوخەباتیی نەتەوەییە، کە سنوورە دەستکردەکان ناتوانن لێکیان داببڕن.
لەم نێوەندەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شانبەشانی بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە دەرەکییەکان، لە خەباتێکی بێوچاندایە بۆ پاراستنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی. سەرەڕای گوشار و ئابلوقەی بەردەوامی حکوومەتی بەغدا و هەوڵە نەزۆكەكانی هەندێک پەرلەمانتاری (خۆبەدەستەوەدەری كوردزمان) کە بەداخەوە بە زمانی کوردی قسە دەکەن، بەڵام دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان کار دەکەن، هەرێمی کوردستان لە گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەردەوامە. دابینکردنی «قوت و بژێوی» و مووچەی مووچەخۆران، لە سایەی ئەم هەموو ئاستەنگانەدا، جەنگێکی ڕۆژانەیە کە حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەوپەڕی پێداگرییەوە تێیدا بەردەوامە.
لە کۆتاییدا، پێویستە ئەو کەسانەی لە هەوڵی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستاندان، لەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە تێبگەن کە گەلی ئازادیخواز و ژیاندۆستی کوردستان، بە ڕابەرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی وەک سیمبولی خۆڕاگری، ئەو هێزە لەبن نەهاتووەن کە لە هەموو هەوڵە لەرزۆک و پیلانگێڕییەکی ئەوان بەهێزترن. ئەو ڕووداوە مێژووییانە، بەڵگەی زیندووی ئەو ڕاستییەن کە ئیرادەی گەل و خۆشەویستیی نیشتمان، قەڵایەکن کە هیچ دوژمن و نەیارێک ناتوانێت زەفەری پێ ببات.