سهرهتا وتار لە نێوان لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد و کۆڕەوی ساڵی 1991
د. ئەحمەد حەمەدئەمین
خوێندنەوەیەکی زانستی بۆ دوو وێستگەی وەرچەرخان لە مێژووی هاوچەرخی کورد دا
مێژووی نەتەوە زیندووەکان تەنها کۆمەڵێک ڕووداوی ڕابردوو نییە، بەڵکوو نەخشە ڕێگەیەکە بۆ تێگەیشتن لە ئێستا و داڕشتنی پاشەڕۆژدا. ئەمڕۆ کە یادی (٧٩) ساڵەی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕێیانی و (٣٥) ساڵەی کۆڕەوە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ دەکەینەوە، تەنها یادکردنەوەی دوو کارەسات نییە، بەڵکوو خوێندنەوەی دوو وەرچەرخانی ستراتیژییە لە گۆڕانی ناسنامەی نەتەوەیی و سیاسیی کورددا.
وانەکانی کۆماری میللی کوردستان و لە سێدارەدلنی پێشەوا (١٩٤٧)
لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد دا، تەنها کۆتاییهێنان بە قەوارەیەکی سیاسیی نەبوو، بەڵکوو وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە چەمکی سەرکردایەتیدا، لەبەر ئەوەی لە ڕوانگەی زانستی سیاسییەوە، پێشەوا مۆدێلێکی نوێی لە شەرعییەتی سیاسیی دامەزراند؛ مۆدێلێک کە تێیدا پێگەی سەرکردە لە چوارچێوەی خێڵ و ناوچەگەرییەوە گۆڕا بۆ سەرکردەی نەتەوەیی، کە ئامادەیە لەپێناو پرەنسیپەکاندا گیانی فیدا بکات.
ئەم ئەزموونە لە هەلومەرجێکی جیۆپۆلیتیکی ئاڵۆزی سەرەتای جەنگی سارددا بوو، کە تێیدا بەرژەوەندیی زلهێزەکان و کێشەی نەوت بوونە قوربانیی کۆمارە ساواکە، بەڵام گرنگیی زانستیی ئەم وێستگەیە لەوەدابوو کە پێشەوا تەنها شۆڕشێکی چەکداری نەکرد، بەڵکوو لە ڕێگەی دروستکردنی سوپا، ئاڵا، سیستەمی پەروەردە و چاپەمەنی هەوڵی دامەزراوەسازیدا، کە دواجار بوونە بناغەی ناسنامەی دەوڵەت – نەتەوە بۆ نەوەکانی دواتر.
کۆڕەوی ١٩٩١؛ لە تراژیدیای مرۆییەوە بۆ بڕیاری نێودەوڵەتی
کۆڕەوە ملیۆنییەکەی بەهاری ١٩٩١، کە (٣٥) ساڵ بەسەریدا تێدەپەڕێت، لە مێژووی هاوچەرخدا گەورەترین ڕاپەڕینی مەدەنی و مۆدێلێکی دەگمەنی بەرگریی خۆڕسک بوو. ڕووداوێك بوو لە ڕووی سۆسیۆلۆژییەوە، قۆناغی یەکگرتنی تەواوەتی جەماوەر و شۆڕش بوو، كە تێیدا گەل بڕیاریدا چیتر لەژێر سایەی ستەمکاریدا نەژیت.
لە ڕووی دیپلۆماسی و یاسای نێودەوڵەتییەوە، کۆڕەو وەرچەرخانێکی جیهانی دروستکرد. توانی ویژدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بهەژێنێت و ببێتە هۆکاری دەرچوونی بڕیاری (٦٨٨)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. ئەم بڕیارە لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بایەخێکی مێژوویی هەیە، چونکە بۆ یەکەمجار مافی مرۆڤ و پاراستنی کەمینەکان خرایە پێش پرەنسیپی سەروەریی دەوڵەت، ئەمەش ئەو زەمینە یاساییە بوو کە دواجار قەوارەی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.
خاڵی هاوبەشی ئەم دوو بۆنەیە
هەرچەندە هەردوو ڕووداوەکە لە ڕووکەشدا بە ئازار و شکست دەردەکەون، بەڵام لە ڕاستیدا بزوێنەری شۆڕشەکانی دواتر و هەوێنی بەدەستهێنانی مافە سیاسییەکان بوون. چونكە لە لایەك قازی محەمەد بە دادگاییکردنەکەی دۆزی کوردی لە کێشەیەکی نێوخۆییەوە گەیاندە ناوەندە جیهانییەکان، لە لایەكی دیكەشەوە کۆڕەو بە هەمان شێوە کوردی لە چوارچێوەی کێشەی ناوخۆیی عێراق دەرهێنا و کردیە پرسێکی نێودەوڵەتی. بەمەش ئەم دوو وێستگەكە سەلماندیان ناسنامەی نەتەوەیی کورد، لە ڕێگەی تێکەڵکردنی قوربانیدانی سەرکردە و خۆڕاگریی جەماوەرەوە پارێزراوە.
هاوکێشەی سیاسیی نێوان دوو وێستگەکە
لەبەر ڕۆشنایی زانیاریی نێو سەرچاوەكان دەگەینە ئەو ئەنجامە سیاسییە قووڵەی، كە ئەگەر کۆماری میللیی کوردستان لە ١٩٤٦ دا بووبێتە قوربانیی قۆناغی بونیادنانی بلۆکبەندییەکانی سەرەتای جەنگی سارد، ئەوا دامەزراندنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ١٩٩١دا بووە بەرهەمی هەڵوەشانەوەی بلۆکبەندییەکان و سەرەتای سیستەمی نوێی جیهانی. بەمەش ئەم ڕاستییە جیۆپۆلیتیکییە پێمان دەڵێت: کورد هەرچەندە خاوەن ئیرادەیەکی پۆڵایین بووە، بەڵام کەلێنی دەرفەتە نێودەوڵەتییەکان هەمیشە فاکتەری یەکلاکەرەوە بووە لە گۆڕینی ئاراستەی مێژووەکەیدا.
ئەنجام
دەتوانرێت بوترێت كە نابێت ئەم دوو یادە تەنها لە چوارچێوەی گریان و شیوەنی مێژووییدا بێمننەوە، بەڵکوو دەبێت وەکوو وانەیەکی زانستی و سیاسی بۆ داڕشتنەوەی وتاری یەکگرتووی نەتەوەیی و پاراستنی دەستکەوتەکان سوودیان لێ وەربگیرێت، چونكە مێژوو سەلماندوویەتی گواستنەوەی دۆزی کورد لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕییەوە بۆ شەرعییەتی نێودەوڵەتی بەرهەمی ئەو خوێن و فرمێسکانەیە كە لەپێناو بە دەستهێنانی مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بەخشیویەتی.