لە ڕۆژئاواوە بۆ هەولێر.. کورد یەک جەستەیە

184

کاروان محەمەد سینۆ
پشتگیری کوردانی ڕۆژاڤا بۆ هەرێمی کوردستان جێگای ڕێز و پێزانینە
لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی ناڕەوای مووشەکی و درۆنی دەبێتەوە، کوردانی ڕۆژاڤای کوردستان بە هەڵوێستێکی نەتەوەیی و نیشتمانیی یەکگرتوو، ڕژاونەتە سەر شەقامەکان بۆ دەربڕینی پاڵپشتیی بێسنووریان بۆ هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی. ئەم خۆپێشاندان و ئاهەنگانەی ئەوان؛ پەیامێکی ڕوون بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناحەزان ئاراستە دەکەن کە “کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان بێت، یەک جەستە و یەک دەنگە.” ئەمەش هەڵویستیکی نیشتیمانپەروەرانە و جوامێرانەی ئەوانە کە لە مێژوودا تۆمار دەکەن.
دوینێ خۆپێشاندەرانی عامۆدا و ئەمڕۆ لە شارەکانی قامیشلۆ، حەسەکە و ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژاڤا، بە بەرزکردنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و وێنەکانی سەرۆک بارزانی، بە توندی ئەو هێرشە تیرۆریستییانەیان سەرکۆنە دەکان کە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە ئامانج. چالاکوانانی ڕۆژاڤا لە لە ڕۆژنامە و پەیج و سۆشیالمی و کۆڕ و کۆبوونەوەکانیاندا، بەردەوام جەختیان کردەوە کە هەر مووشەکێک ئاڕاستەی هەولێر یان دهۆک بکرێت، وەک ئەوە وایە ئاڕاستەی ماڵی هەموو کوردێک لە ڕۆژاڤا کرابێت، چونکە سەرکەوتنی دۆزی کورد تەنها لە یەکگرتن و یەکڕیزی و یەک دەنگیدایە.
بەردەوام لە ڕاپۆرتە مەیدانییەکانی میدیاکانی ڕۆژاڤادا هاتووە، کە جەماوەری نیشتمانپەروەری ئەو پارچەیەی کوردستان، سەرۆک مەسعود بارزانی وەک تەنها مەرجەعی باڵا و متمانەپێکراوی کورد دەبینن. لای ئەوان، بارزانی تەنها سەرۆکی پارتێکی سیاسی نییە، بەڵکو ڕابەرێکی خەمخۆرە کە لە هەموو قەیران و تەنگانەکانی ڕۆژاڤادا، باوەشی بۆ پەنابەران کردووەتەوە و پاڵپشتیی سیاسی و مرۆیی بەردەوامی پێشکەش کردوون.
ئێستا خۆپێشاندەران ئاماژە بەوە دەکەن کە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی پیرۆزی سەرشانی هەموو کوردێکی دڵسۆزە، چونکە ئەو هەرێمە تاکە ئومێدی نەتەوەییە بۆ هەموو پارچەکان.
یەکێک لە خاڵە هەرە دیارەکانی ئەم گردبوونەوانە، تیشک خستنە سەر ڕۆڵی سەرۆک بارزانییە لە چەسپاندنی کولتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیان و ئاشتی. گەنجانی ڕۆژاڤا لە دروشمەکانیاندا ستایشی ئەو پێکەوەژیانە ئاشتییانە دەکەن کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، کە تێیدا هەموو نەتەوەکان (کورد، عەرەب، تورکمان، کلدو ئاشووری) و هەموو ئایین و ئاینزاکان (موسڵمان، کریستیان و ئێزدی) بە یەکسانی و ئارامی لەژێر سایەی ڕابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانیدا بە ئارامی و ئاسوودەیی دەژین.
برایانمان لە ڕۆژئاوا بەم هەڵوێستە جوامێرانە و نیشتمانپەروەرانەیان کە جێگای ڕێز و ستایش و پێزانینە؛ داوا لە هەموو هێزە کوردییەکان دەکەن کە لەم ساتە وەختە هەستیارەدا، ناوماڵی کورد یەکبخەن و لە پشت سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان و مەرجەعییەتی بارزانی بوەستن. ئەوان پێیان وایە ئەمڕۆ تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ هەموو کوردێک؛ یان دەبێت بەرگری لە “قەڵای ئازادیی کورد” (هەولێر) بکرێت، یان مێژوو لە کەمتەرخەمیی کەس خۆش نابێت.
ئەم جۆش و خرۆشە نیشتیمانپەروەرییەی برایانمان لە ڕۆژاڤا سەلماندی کە ئەمڕۆ میللەتی کورد هۆشیارە و پیلانەکان بۆ دابڕانی پارچەکانی کوردستان لە یەکتر شکستی هێناوە، چونکە متمانەی گەل بە ڕێبازی بارزانی وەک ڕێبازێکی دڵسۆز و ڕاستگۆ، لە هەموو کات بەهێزترە.