
د.محهمهد خدر مهولود
هەژار، عەبدولرەحمان کوڕی محهمەد کوڕی مستەفا شەڕەفکەندی (1921-1991 ) ناسراو بە هەژارموکریانی .ناوێکی دیاری نێوبواری ئەدەب ونووسین ورۆشنبیری ومێژوو ووەرگێڕانی کوردییە.لە بواری چالاکی سیاسی وخەباتی نیشتمانی وبزاڤی رزگاریخوازییەوە لەگەڵ بە ناوبانگ بوونی پێگەی ئەدەبییەکەی لەساڵانی سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەی (ژێکاف) بۆسەردەمی کۆماری کوردستان لەمەهاباد 1946 چەکەرە دەکات و پێ دەگات.
سەرهەڵدانی ناووناوبانگی هەژارموکریانی وەک شاعیرێکی نیشتمانی نەتەوەیی ونووسەرێکی ناسراوی کورد،پاشان وەک مێژوونووس ووەرگێڕی زمانزان و زمانپاراوی دەوڵەمەند وبە سەلیقە وئەفرێنەر، لەدوای ناسینی مستەفا بارزانی لە مەهابادەوە، پاشان دوای هاتنی بۆکوردستانی عێراق وسەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلول 1961 پێگەوڕۆڵی بەرزی ئەدەبی ورۆشنبیری هەژارموکریانی باشتر دەناسرێ. قۆناغی شۆڕشی ئەیلوول وناسینی مستەفا بارزانی بۆهەژارموکریانی بە قۆناغی زێڕینی بزاڤی ڕۆشنبیری و سیاسی و پێگە و کاریگەرێتی ئەو دادەنرێ .ئەوسا لە نێو گەرمە گەرمی شۆڕشدا، لە سنووری پارێزگای هەولێرلە ناوپردان ودیلمان و گەڵاڵە،راستەخۆ وەک نووسەرو ورۆشنبیروهزرمەندێکی کارا، پەیام وگوتاری ڕۆشنبیری شۆڕشگێرانەی کورد و نووسەری پابەند بە پرەنسیپی نیشتمانی لە دەزگاکانی راگەیاندنی شۆڕش، لە چاپخانەی خەبات ورادیۆی دەنگی کوردستانی عێراق گەیاندوە.کاتی بەراسپاردەی سەرۆک مستەفا بارزانی وسەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلوول، هەژارونووسەرانی هاوەڵی، دەچنە بەغدای پایتەختی عێراق لە دوای رێکەوتنامەی مێژوویی 11ی ئازار 1970 بۆدامەزراندن و رێکخستنی کۆمەڵە و رێکخراوەکانی ئەدەبی و رۆشنبیری لەوانەوە یەکێتیی نووسەرانی کورد وکۆڕی زانیاری کورد.لێرەدا هەژار دیسان ڕۆڵی کارای نووسەرانی پابەند بە پرەنسیپی نیشتمانی وشۆڕشگێڕی دەگێڕێ و بەسەرکەوتووی ئەرک و پەیامی رۆشنبیری نیشتمانی رێکخراو دەگەینێ.
سەرباری ئەوانەی ئاماژەمان پێ دان، پێگەی ئەدەبی ورۆشنبیری هەژارموکریانی لە رۆژنامە وگۆڤارە ئەدەبییەکانی ئەوسا لەساڵی 1943 – 1991 بە ڕوونی دەبینرێ بەتایبەتی لە گۆڤارو رۆژنامەکانی ئێران لە ماوەی ساڵانی 1943-1946 لەوانە (گۆڤاری نیشتیمان، گۆڤاری کوردستان، رۆژنامەی کوردستان، هەفتەنامەی گوهستان، گۆڤاری ئاوات، گۆڤاری سروە، گۆڤاری مەهاباد) لەگۆڤارو رۆژنامەکانی کوردستانی عێراقیش لەوانە (گۆڤاری رزگاری، رۆژنامەی کوردستان،گۆڤاری رۆناهی،گۆڤاری دەنگی پێشمەرگە، گۆڤاری هەولێر، گۆڤاری برایەتی، گۆڤاری نووسەری کورد) وچەندین گۆڤارو بڵاوکراوەی تر و دیمانە ودیداری ئەدەبی وپێشکەشکردنی گوتار لە بۆنەو کۆنفراسی ئەدەبی و رۆشنبیری و زمانەوانی.
ناسینی بارزانی خۆشەویستی و میهرەبانی
سەرەتای ناسین و بینینی مستەفا بارزانی، بۆ هەژار موکریانی ناسینی قارەمان و کەسایەتییەکی شۆڕشگێری خۆڕاگرو ئازا و بوێرو سەرۆک و رابەرو فریادرەسی نەتەوەی کوردە. هەروا ناسینی سەرۆک ورابەرێکە کە ڕۆڵەی قارەمانی خانەوادە وبنەماڵەیەکی تێکۆشەرو ئازاو مێرخاسی کورد پەروەردە بووە. بەم جۆرە هەژار بەر لەوەی لە نزیکەوە مستەفا بارزانی ببینی وبیناسێ، بە کەسایەتی و ئازایەتی و زیرەکی و هوشیاری بارزانی سەرسام و بەختەوەر بووە. بەبیستنی هەواڵەکانی قارەمانیەتیەکانی دوعاو نزاو هیوای سەرکەوتنی بۆدەخوازێ . ئەوەتانێ بەم جۆرە باسی بیستنی چالاکییە شۆڕشگێرییەکانی دەکات: (دەمانبیستەوە کە لە کوردستانی عێراق مەلا مستەفا بارزانی شۆڕشی کردووە ودەگەڵ عێراق وئینگلیس شەڕیەتی. دوعای بەخێرمان دەکرد و به دڵ دەگەڵی بووین).
تا ئەم ساتی ئەم دوعا و لە خوا پاڕانەوە و نزایەی هەژار بۆ بارزانی، هێشتا مەلا مستەفای بارزانی نەبینیوە و بەم جۆرە وێنای بارزانیان دەکات: (هەر ئازایەتییەکی لە درێژایی مێژووی کۆن و نوێدا مرۆ لە خۆی نیشانداوە، هەمبەر بە مێرخاسی و گەڕناسی بارزانییان، چڵە کایەکە لەڕاست چیایەک و تنۆکە ئاوێکە لە حاند دەریایەک).هەژار هەر لە درێژەی باس و ناساندنی بنەماڵەی قارەمان و مێرخاسی بارزانییان .هەژار نووسیوویەتی: (هەتا دنیا دنیایە و هەتا کوردستان کوردی تێدایە ناوی شێخ عەبدوسەلام وشێخ ئەحمەدی بارزانی لەسەرتەتەڵەی رێزنامەی مێرخاسان و گەڕناسانی هەرە سەربەرزی دنیادا بە پیتی زێرین و بە زبری جێگەی بۆ دیاری دەکرێ و بە رەنێو هێنی سەربەرزانی بارزان ناویان دەبرێ . پێشینە گوتویانە : شاگردی هونەرمەند نیشانەی مامۆستایە . ئەوشێخانەی بارزان کە ئەو فێرگە ئابڕوومەندەیان بۆ هونەرمەندی دامەزراندووە، شاگردی وەک مستەفا بارزانییان پەروەراندووە، پێیان گەیاندووە کەسەرەتای کوردایەتی وئازایەتی چۆن دەست پێ دەکرێ و ئەو ڕێگە پڕ پێچە چۆن ڕێی تێ دەبڕێ و ئامانجی پاک واکاری چاک چەندی دەردو چەوسان وبەجەرگی ونەبەزین گەرەکە چقاس پشوو لە سەربەخۆیی وشەکەتی پێ دەوێ تا سەردەگرێ و سەردەکەوێ). هەژار موکریانی لە ناساندن و باسکردنی مستەفا بارزانی دا بەوەندە دڵی ئارام وبەختەوەر دەبێ کە ئەم دێرە شیعرەی مەولانا ڕۆمی دێنێتەوە و دەڵێ وابزانم تەنیا ناوی مستەفا بارزانی بەس بێ بۆ بەڵگەی ئازایەتی کورد . وەک مەولانای ڕۆمی فەرموویە:
بەڵگەیە بۆ ڕۆژی ڕوون تیشکی هەتاو
بۆ پەسندی گوڵ بەسە بۆنی گوڵاو
ئەم هەمووهەست ونەست وسۆزوخۆشەویستی وپەسندی وڕالێ بوون وسەراسیمەو سەرسامیەی هەژارموکریانی، بۆ مستەفا بارزانی هەیبووە چەندە بابەتێکی کەسی وتایبەتییە لەناخ و هزرودنیا بینی هەژارەوە بۆ بارزانی گوزارشتی لێکراوە . هەر لە پێگەی پێویستی مێژوویی مستەفا بارزانی وەک سەرۆک وڕابەری بزاڤی شۆڕشگێری ئازادیخوازی نەتەوەیەکە سەرچاوەی گرتووە و بابەتێکە بۆتاک و کۆی کۆمەڵگای کوردستانی دەچێتە خانەی تایبەتی و گشتی .بۆیە کاتێ هەژار موکریانی دەڵێ: بۆیەکەمجار کە چاوم بە بارزانی کەوت و، زۆرم خۆش ویست و ئەویش لەسەر قسەی میرحاج و مستەفا خۆشناو – کەباسی منیان کردبوو – زۆرم دەگەڵ ڕووخۆش و بە ئیلتفات بوو . ئیتر ئەو خۆشەویستییە دەوامی کرد تا بارزانی چوونە وڵاتی ڕووسان و کە هاتیشنەوە عێراقی، تا بارزانی وەفاتی کرد هەر زۆر لوتفی دەگەڵما بوو . بارزانی بۆ هەژار موکریانی سایە و مایەی بوو. هەژاریش ئەو سایەو مایەیەی کردووە بە چەندین شیعری دانسقە و سروودی نیشتمانی و شۆڕشگێڕی.
هەژارو شیعری نەتەوەیی
لە ئەدەبی کوردیدا شیعری نەتەوەیی مێژوویەکی دەوڵەمەندو کلتوورێکی فرە بەهرەی شیعری و قوتابخانەی سەردەم قۆناغە جیاجیاکانی نێو کاروانی شیعری کوردییە . ئەو کاروانە شیعرییە لە شیعرەکانی ئەحمەدی خانی رابەرو پێشەنگی شیعری نەتەوەییەوە بە مەزنی و دەوڵەمەندییەوە سەرهەڵدەدات وبە شاکاری (مەم و زین)ەوە دەبێتە بەشێک لە شیعری وگوتاری شیعری و ئەدەبی نەتەوەیی کورد و وەک روبارێکی زوڵاڵ دەڕژێتە نێو دەریای کلتوورو هزرو ئەدەبی مرۆڤایەتی . لە قۆناغی تردا شیعرەکانی حاجی قادری کۆیی دەچنەوە سەر هەمان ئەو میتۆد و رێبازوقوتابخانەیەی ئەحمەدی خانی کەلە شاکاری ‹مەم وزین›دا بنیاتینرابوو،گەشە دەسێنێ وبە ئاوەدانی دەمێنێتەوە و لق و پۆپی هونەری لێ دەبێتەوە ولە قوتابخانەی شیعری کلاسیکی کوردییەوە بۆ نێوکلاسیک وقوتابخانەی شیعری نوێ وهاوچەرخ سەردەکێشێ بۆ رێبازو شێوازەکانی سەردەمیانەی شیعری کوردی.
لەو قوتابخانە شیعرە هەژارموکریانی دا سەرەتای شیعرەکانی دیوانی ‹ئاڵەکۆک 1945› لە شیعری لایە لایە و دواتر شیعری ‹هەرکوردم 1948›دا پابەند بوونی بە کورد بوونی، لە سۆنگەی زەوتکردنی هەموو مافەکانی تاک و کۆی کۆمەڵگای کوردەواری و داگیرکردنی خاک و نیشتمانەکەیەتی. دابەشکردنی خاک و نیشتمانی بە سەر نەتەوەکانی فارس و تورک و عەرەب هۆکارن ئەوی شاعیر بێ باک لە فارس و عەرەب و تورک بڵێ:
ساغ بم، جحێل بم، بگرم گوێسوانان
یان زارو نزار لە نەخۆشخانان
دانیشم لەسەر تەختی خونکاری.
یا لە کۆڵانان بکەم هەژاری
کوردم و لە رێی کوردو کوردستان
سەرلە پێناوم گیان لەسەر دەستان
بەکوردی دەژیم، بە کوردی دەمرم
بەکوردی دەیدەم وەرامی قەبرم
بەکوردی دیسان زیندوو دەبمەوە
لەودنیاش بۆ کورد تێهەڵدەچمەوە
بیری نەتەوەیی هەژار موکریانی لە دیوانی شیعری (ئاڵەکۆک) و شیعری (سروودبۆ پێشمەرگە 1945)، شیعری (هەر کوردم 1945)، شیعری (کورد بێکەس نییە)، هەموو شیعرەکانی ئەودەساڵەی ئەزموونی شیعر نووسینی دا شاعیر بە دوایێ قارەمانی وێلە کە فریادرەسی کوردو پرسی نیشتمانەکەی بێ.لە شۆڕشەکانی کوردستان بێ لە مەهابادی لە سێدارە دراو بۆ ئاگری داغ و خوێنی خەستی کوڕە بارزانی کە ئیستعماریان بە سەگ دەزانی و تا شەهیدانی بەردەرکی سەرای سلێمانی. لەم دەقە شیعریەی ‹ نامە بۆ وارشۆ – 1955 قارەمانی دەقە شیعرەکانن قازی محەمەد و سەیفی قازی و شێخ سەعیدی پیران وهەر چوار ئەفسەرە شەهیدەکە و شەهیدانی بەردەرکی سەرا و لاوانی بارزان نموونەی قارەمانی دەقی شیعرەکانن . هەروا شوێنیش لە شیعرەکانی ئەو قۆناغەی دا ( مەهاباد، بارزان) دوو جێگا و شوێنی هێماوسونبولین و مانای شۆرش و بەرخودان دەگەینێ.
لەسەرەتای دەقی شیعری (کوردێکم دەوێ) لە دوای شکستی کۆمار،لە مەهابادو شکستی شۆڕشی ئاگری داغ و چوونی بارزانی و بارزانییە قارەمانەکان بۆ یەکێتی سۆڤیەت دێیت.ئەوسا گۆڕەپانی خەبات وتێکۆشانی کوردستان لە چاوەڕوانی سەرۆک ورابەرو فریادرەسێکە، کورد و کوردستان لە داگیرکاری و مەرگەساتی داگیر کاری رزگار بکات . دەقی شیعری ( نامە بۆ وارشۆ -رۆژی 12ی مانگی حوزەیرانی 1955 لە فیستیڤاڵی لاوانی جیهان لە وارشۆ) خوێندراوەتەوە.لە دیقەت دان و خوێندنەوە و هەڵکۆڵینی دەقی شیعرەکەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە شاعیر لەو دەقە شیعرییەدا بەدوای قارەمان وفریادرەسێک دەگەڕێ کە کوردێکی چاپوک و پتەو ئازاو بوێرو وریا بێ . هەر کوردێ بێ گرنگ نییە. گرنگ گەیاندنی پەیامە بەو شێوەیە :
کوردێکم دەوێ چاپک و پتەو
سەفەرێک هەیە بۆم بکا بە شەو
نەهێڵێ تورک و عەجەم بزانن
داگیرکەرانن لە کوردستانن
ماڵ لە خانە خوێ حەرام کراوە
مەسەلەی کوردە و لەکورد ڕویداوە
پێشان بچێتە شاری مەهاباد
تلیشێ بێ نێ لەو داری بێ داد
ئەوداری قازی وسەیفیان
پێ داکرد جمهوریەتی کوردیان پێ لابرد
لەم دەقە شیعریەدا، وێرای لایەنە کوردایەتییەکەی و زاڵبوونی بیری نەتەوەیی تیایدا، هەمدیس هەست بە بوونی هزرو بیری مرۆڤایەتیش دەکەین لە نێو دەقە شیعرییەکەدا . هەژار موکریانی لەم دەقەشیعرییەی دا داوا دەکات لاوانی کورد چۆن خەبات دەکەن بۆ ئازادی و سەربەستی ئاویش خەبات و تێکۆشانیان بۆ رزگاری هەموو ژێردەستانی دونیابێ. هەر لەم دەقە شیعرییەدا لەسەر ئەم چەند دێرە شیعرییە دەوەستین وئەرکی لاوانی کورد بەم جۆرە لە بواری مرۆڤ و مرۆڤایەتییەوەش دەبینین:
بەبێ ماندوبوون بێ شلی وسیستی
تێکۆشن بەگیان لە رێی سەربەستی
نەک هەرسەربەستی خاکی کوردستان
بەڵکو رزگاری هەموو ژێردەستان
لێرەوە لەم چەند دێرە شیعری (نامەیەک بۆ وارشۆ)، بیری خاوێنی نەتەوەیی لە پێناو رزگاربوون لە ژێردەستەیی، تێکەڵ بە بیرو هزری مرۆڤایەتی دەبێ و لە پرسە هاوبەشەکاندا وەک بیرو هزری ئازادی سەربەستی و ژیانی سەرفرازانەدا ( نەتەوایەتی و مرۆڤایەتی ) بۆ هەر نەتەوەو هەرگەلێکی دونیا پرسێکی هاوبەش و گرنگی ژیان و بەختەوەری مرۆڤ و مرۆڤایەتییە و چێژو خۆشی وەرگرتنە لە پرۆسەی ژیان و گوزەرانی پێکهاتەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی سەربەست و ئازاد و سەرفراز.
بارزانی کاریزما و فریادرەس
پێگەی بارزانی لە شیعرەکانی هەژاردا، بۆ تەواوی ئەو قۆناغ و سەردەمانەدا دەگەڕێتەوە کە شاعیر بەدرێژایی ژیانی دا ئەو بارودۆخی سیاسیەی تێدا ژیاوە. ئەو بارودۆخە سیاسییەی هەر لە دامەزراندنی کۆمەڵەی (ژێکاف) و کۆماری کوردستان لە مەهاباد -1946 دەستپێدەکا تا هاتنەوەی بارزانی لە یەکێتیی سۆڤیەت و هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول 1961 و کۆتایی ژیانی لە شوباتی 1991دا . لە بارەی ئەو شیعرانەی بۆمستەفا بارزانی گوتویەتی کە لە ڕووی ناوەڕۆکە شیعرەکانی دەچنەنێو خانەی شیعری ستایش و پیاهەڵدان و شانازی کردن بە بابەتی دەقی شیعرەوە . هەژار موکریانی هەموو ئەو شیعرانەی بۆ کەسی مستەفا بارزانی هۆنیوەتە لە باوەڕی تەواو و دڵسۆزی و سەرسامییەوە سەریهەڵداوە راستە بە زمانێکی شیعری سۆزداری پڕلە ستایش وپیاهەڵدان نووسراون.
ئەوزمان وشێوازەی شاعیرانێک بۆ مەبەستی دەستکەوتی کەسی ومەرایی شیعری پێ دەهۆننەوە. لای هەژار موکریانی پێچەوانەی هەموو ئەو شاعیرانەی کە مەبەستی شیعرییان بۆدەستکەوتی کەسی بەکارهێناوە ولە مەبەستی راستیەقینەی دەقی شیعر دوور کەوتوونەتەوە شیعری بۆ بارزانی لە باوەڕبوون و هەڵوێست و تێگەیشتنەوە بووە.
هەروا لە ڕوانگەی بە پێویست بوونی قارەمانی دەق- بارزانی بۆ پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی بە پلەی سەرەکی ئەوجا بۆ بابەتی شیعری بەپلەی دووەم . هەژارموکریانی زانا و بیرمەندی بواری ئەدەبیات وزمان و مێژووە لە هزرو بیرو تێگەیشتنیدا بوونی مستەفا بارزانی لە نێو بزاڤی رزگاریخوازی کوردا. بوونی سەرۆک و فریادرەس ورابەرە، کاریزمایە. بۆیە وەک دەقی شیعرەکانیدا مستەفا بارزانی قارەمانی دەق بەم جۆرە ڕۆڵ و پێگەی دیارە:
(کەس وئازاوبوێر،شارەزاولێزان، باوک وبرا، پشت وپەنا، سایەوسێبەر، رێنیشاندەر وسەردار، چاپووک و چەلەنگ، نەمر و هەمیشە زیندوو) تا دەگاتە ئەو ئاستەی لە ئازایەتی و خۆڕاگریدا بارزانی لە نێو دەقەکاندا سیفەتی ئەفسانەیی وەردەگرێ و دەبێتە وەک قەقنەس ناسووتێ و بە نەمری دەمێنێتەوە. نەمری بارزانی لە دەقە شیعرییەکانی هەژاردا، لەدەقی شیعری ‹ کاوەی مەزن› کە لەساڵی 1963 وە نووسراوە دەست پێ دەکات گەر بەر لەو دەقە شیعرییەدا ناوی ‹بارزان وبارزانییەکان› یش هاتبێ وئەوا هەردوو ناو وەک ئاماژە، ئاماژەی ناون، ناوی شوێن وکەسن ودەبن بە ئاماژەیی بۆ بابەتی جیۆسیاسی ونیشتمانی نەتەوەیی، نەتەوەیەک کە قارەمانێک ڕابەرایەتی دەکات کە لە رۆژی لە دایک بوونییەوە لە 1903 تاکۆچی دوایی 1979 سەرفرازو سەربەست و ئازاو بوێرو،شارەزاو لێزان، مێر خاس و دوورناس بووە . مستەفا بارزانی ئەو کەس و سەرۆک و رابەرە بووە لە نێو جوگرافیایەکی تەژی لە کەلتووری زاڵی نەتەوەی سەردەی عەرەب و فارس و تورک و کۆینالیزمی رووسی و بەریتانی و فەرەنسی و پاشان ئەمریکی، ئەوبوێرو شارەزاو بێ باباکانە خاوەنداری گوتاری نیشتمانسازی نەتەوەیی دەکات بە رابەرایەتی و سەرکردایەتی کردن و بوونی بە کاریزما بۆ گەل و نەتەوەیەکی چەوساوەی دابەشکراوی نێوجوگرافیایەکی داخراوی پڕ لە ئاستەنگی گەمارۆدراو بە دوژمن لە ناوەش تەژی لە گوتاری ئەنتی نەتەوەیی.
لەوەدایە دەقی شیعری (کاوەی مەزن) ئەو رەهەندە ئەفسانەییە وەردەگرێ ودوای دوو ساڵ لە هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول، مستەفا بارزانی وەک کاوەی دووەم، دەبێتە فریادرەس و بای وادەی ئاوات.کە ئەم دوو دێرەی نێو دەقەکە دەخوێنینەوە:
بەڵام ئەوا یەک دووساڵە
بێ جەژن و ژیانمان تاڵە
نەورۆزمان وای خۆ گۆڕیبوو
قەت کەس شتی وای نەدیبوو
عەرەب حەزیای خواردنمان بوو
داواکاری مردنمان بوو
دەروازەی تێگەیشتنی زیاتربە ڕوومانەوە واڵادەبێ و باشتر لە بایەخ وگرنگی تەواوی دەقە شیعرییەکە (کاوەی مەزن) تێدەگەین. ئامادەیی قارەمانی دەق (کاوەی مەزن- بارزانی) کە کاوەی دووەمە، لە مێژووی خەباتی نەپساوەی گەل و نەتەوەی کوردا هەژاری شاعیر بەم جۆرەیە بۆمانی وێنا دەکات و بەو مەزنێتییەوە (کاوەی سەردەم -بارزانی) مان پێ دەناسێنێ:
کاوەی مەزنمان بارزانی
کاوەی پێشوو بە قوربانی
بزووت بای وادەی ئاواتمان
گەرم بوو کۆڕی خەباتمان
پێشمەرگە خاوەن سەردارە
ژین لە دوژمن ژەهری مارە
سەتیان هەڵدێن لەبەر کوردێ
وەک دەڵێن ‹›سەد قەل و بەردێ
جاش کلکی لێبووە بە ئاڵا
سم و یاڵی لێک دەهالا
عەرەب کەوتە یوممەو ڕۆڕۆ
کاکە مەمکوژە وچەک بۆتۆ
با هەر بێن مێگ و ئەلیوشن
بۆلاوی بارزانی پووشن
بە گۆپاڵ ڕەشاش دەستێنن
بەبەرد زرێپۆش دەشکێنن
کوڕگەل چەک وەگوێزن بەکۆ
کەلا شینکۆ و خرۆشینکۆ
تا سەردارمان بارزانییە
ترسێک لە ئارادانییە
لەم دەقەدا هەردوو قارەمان(کاوەی ئەفسانە و کاوەی سەردەم ) لە شێوەو ناوەرۆکی قارەمانو سەردارمان (بارزانی) خۆیان دەنوێنن وێنە گشتییەکەی کاوەی مەزنمان بارزانی تەواو دەکەن. ئەوقارەمانەش – مستەفا بارزانی لە بەرە بەیانی مێژووی هاوچەرخی بوونی کوردەوە لە خەباتی ئەفسانەیی دایە بۆ ئازادی و سەرکەوتنی بەسەرزولم و ستەمی رۆژگارو داگیرکاری وکۆنالیزمی جیهانی وناوچەیی دایە.
سەرنج:
– سنووری ئەم توێژینەوەیە، تا دەقی شیعری (بۆ پێشەوە بارزانی – ساڵی 1963 ) ی گرتۆتەخۆی . واتە لە سەرەتای بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی هەژارموکریانییەوە لە ساڵی 1943 وە تا ساڵی 1963 کەماوەی 20 ساڵی شیعر نووسینیەتی .