ڕاپەڕینی 1991 ئەو ساتەوەختە بوو، کە گەلی کورد بەرپرسیارێتی چارەنووسی لەئەستۆ گرت

131

دکتۆر سامان سۆرانی*
لە مێژووی گەلان هەندێك ساتەوەخت هەن تەنها ڕووداوێك نین، بەڵکو وەرچەرخانێکن لە هۆشیاریی مرۆڤ. ئەو ساتەوەختانە کاتێك بەرجەستە دەبن، کە گەل سنووری ترس تێدەپەڕێنێت و بڕیار دەدات، چارەنووسی خۆی بەدەستی خۆی دیاری بکات. ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی 1991 لە باشووری کوردستان یەکێك بوو لەو ساتەوەختانەی مێژوو؛ گەلی كوردستان دوای دەیان ساڵ ستەم و سەرکوتکردن، بڕیاریدا دەنگی خۆی هەڵبڕێت و بەرەو ئازادی هەنگاو بنێت.
ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی 1991 لە باشووری کوردستان یەکێکە لە گرنگترین ڕووداوەکانی مێژووی هاوچەرخی گەلی کورد. ئەم ڕووداوە تەنها بزاڤێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو ساتەوەختێکی وجودی بوو لە ژیانی گەلی كوردستان، کە بۆ ماوەیەکی درێژ لە نێوان مان و نەمان، ئازادی و ژێردەستی، ناسنامە و سڕینەوەی ناسنامە دەژیا. بەم مانایە، ڕاپەڕین دەربڕینی ئەو کاتەیە، گەلێك بڕیار دەدات باری خۆی لە دۆخی «بابەتی مێژوو» بگوازێتەوە بۆ دۆخی «کرداری مێژوو».
مێژوونووسان زۆرجار ڕاپەڕینی 1991 بە گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە عێراقدا دەگرێننەوە، بە تایبەت دوای شەڕی کەنداو و لاوازبوونی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس. بەڵام خوێندنەوەیەکی فەلسەفی ڕێگە دەدات بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر، چونکە ڕاپەڕین تەنها ئەنجامی گۆڕانی هێزی سیاسی نییە، بەڵکو دەربڕینی ویستی مرۆڤە بۆ ئازادی و شکۆمەندی.
فەیلەسوفی فەرەنسی ئەلبێرت کامۆ دەڵێت: “مرۆڤی ڕاپەڕیو ئەو کەسەیە کە لە کاتێکدا نەخێر بە ستەم دەڵێت، بەڵام لە هەمان کاتدا بەڵێ بە شکۆمەندی مرۆڤ دەڵێت.” بەم پێیە، ڕاپەڕین تەنها ڕەتکردنەوەی دەسەڵات نییە، بەڵکو داواکارییەکی ئەخلاقییە بۆ جیهانێك، کە تێیدا مرۆڤ بتوانێت وەکوو بوونەوەرێکی ئازاد بژیت.
لە فەلسەفەی بوونگەرایی جان پۆل سارتەر مرۆڤ بە بوونەوەرێکی ئازاد دەناسێنرێت، بەڵام ئەم ئازادییە هەمیشە لەگەڵ بەرپرسیارێتی دێت. کاتێ کۆمەڵگەیەك بڕیار دەدات دژ بە ستەم ڕاپەڕێت، ئەو کۆمەڵگەیە بە شێوەیەکی هاوبەش بەرپرسیارێتی مێژووی خۆی لەئەستۆدەگرێت. لەم چوارچێوەیەدا ڕاپەڕینی 1991 ئەو ساتەوەختە بوو، کە گەلی کورد بەرپرسیارێتی چارەنووسی لەئەستۆگرت.
لە فەلسەفەی مێژوودا هێگل مێژوو بە پڕۆسەیەکی گەشەی هۆشیاری ئازادی دادەنێت. بەپێی ئەم تێڕوانینە، گەلان لە ڕێگەی کێشە و تێکچوونی ستراکچەرەکان دەگەنە ئاستێکی بەرزتری هۆشیاری سەبارەت بە ئازادی. ڕاپەڕینی کوردستان دەتوانرێت وەکوو خاڵێکی وەرچەرخان لە گەشەی هۆشیاری سیاسی و نەتەوەیی گەلی کورد لێکبدرێتەوە.
دەووترێت، کاتێ جەماوەر هۆشیاریان بەرز دەبێتەوە، مێژوو ئاراستەی نوێ دەگرێتە بەر.
لە لایەکی ترەوە، فەیلەسوفی پۆستکۆلۆنیالیستی فرانتس فانۆن باس لەوە دەکات، گەلانی ژێردەست لە ڕێگەی بەرگری و ڕاپەڕینەوە ناسنامە و شکۆمەندی خۆیان دەگەڕێننەوە. هەروەها میشێل فۆکۆ دەڵێت، لە هەر شوێنێکدا دەسەڵات هەبێت، بەرگریش هەیە. بەم پێیە، ڕاپەڕین دەربڕینی ئەو بەرگرییەیە کە لە ناو کۆمەڵگەدا هەڵدەقوڵێت و دەسەڵاتی سەرکوتگەر بەرەو لاوازی دەبات.
فەیلەسوفی ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ گرامشی باس لەوە دەکات، کە دەسەڵات تەنها بە هێزی سەربازی خۆی ناسەپێنێت، بەڵکو لە ڕێگەی هەژمۆنی هزری و کەلتووری خۆی دەسەپێنێت. بەڵام کاتێ جەماوەر هۆشیارییەکی نوێ درووست دەکات، ئەو هەژموونە لەناودەچێت. لەهەمان کاتدا مێژوو ئەوەی پشتڕاستکردۆتەوە، کە لەگەڵ بەرەوپێشچوونی جەماوەر، ڕۆڵی سەرکردایەتی سیاسییش گرنگ دەبێت.
لە خەبات و شۆڕشی نەتەوەیی گەلی کورد لە باشووری کوردستان سەرکردەیەکی وەکوو سەرۆك مەسعود بارزانی بە درێژایی خەباتی پێشمەرگایەتی ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لە پاراستنی بەردەوامی ئەو خەباتەی، کە دواتر بە سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی جەماوەری گەیشت.
ڕاپەڕینی 1991 لە کاتێکدا ڕوویدا، کە گەلی کورد بەدەست سیاسەتی ستەمگەری ڕژێمی بەعسەوە دەیناڵاند. ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال، وێرانکردنی هەزاران گوند و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژ بە دانیشتوانی هەڵەبجەی شەهید هەموویان هەوڵدان بوون بۆ لەناوبردنی ناسنامەی کورد. لەو دۆخەدا ڕاپەڕین لە ڕانیە دەستی پێکرد و بە خێرایی بۆ زۆربەی شارەکانی کوردستان بڵاو بووەوە، تا وای لێ هات زیاتر لە 90٪ی خاکی باشووری کوردستان ئازاد بوو.
ئەنجامی ڕاپەڕین سەرەتای قۆناغێکی نوێ بوو، قۆناغی خۆبەرێوەبردن و دامەزراندنی دامەزراوە سیاسییەکان کە دواتر بوو بە بنەمای درووستبوونی هەرێمی کوردستان.
لە کۆتاییدا، ڕاپەڕینی ئاداری 1991 تەنها ڕووداوێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو دەربڕینی ویستی گەلێك بوو بۆ ژیانێکی ئازادانە. ئەم ڕاپەڕینە نیشانی جیهانی دا، کاتێ گەلێک ترس تێکدەشکێنێت، مێژوو دەگۆڕێت. بژی کورد، بژی کوردستان.
* دکتۆرا لە فەلسەفە،
زانکۆی هایدڵبێرگ، ئەڵمانیا.