خەبات: عامر فەرحان:- بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک، بەشی چالاکیی هونەریی قوتابخانە و خوێندنگاکان، سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە، هەستا بە ڕێکخستنی پێشانگهیەکی هونەری لەژێر ناونیشانی «دووەمین سیمپۆزیۆمی پێکەوە دەبین بە تابلۆیەک». سیمپۆزیۆمەکە بۆ سەرجەم مامۆستایانی هونەری هەر سێ بەشی وێنەکێشان، پەیکەرتاشی و میوزیک بوو کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجەن. لە چالاکییەکەدا چەندین تابلۆی ناوازە و کاری هونەری نمایش کران و بووە جێی سەرنجی ئامادەبووان.
مامۆستا ئەمجەد جەمال، بەڕێوەبەری چالاکیی هونەریی قوتابخانە و خوێندنگاکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (خەبات) ڕایگەیاند: «ئامانجمان لەم چالاکییە، کە زیاتر لە 130 مامۆستای پسپۆڕی هونەر تێیدا بەشدار بوون، لە سێ هۆکاردا خۆی دەبینێتەوە. یەکەمیان، تێکەڵبوون و ئاشنابوونی مامۆستایانە لەگەڵ یەکتردا تا بتوانن وەکوو یەک خێزان کار بکەن، کە ئەمەش بۆ پێشخستنی بواری هونەری زۆر گرنگە.
دووەم، دەمانەوێت گیانی کێبڕکێ لەنێوان مامۆستایاندا دروست بکەین بۆ ئەوەی کاری ناوازەتر پێشکەش بکەن. بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئەمساڵ کاری جیددیتر و ناوازەتر نمایش کران. هۆکاری سێیەمیش، ناساندنی شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجەیە بەو میوانانەی تا ئێستا چەندین شوێنی گەشتیارییان نەبینیوە، هەر بۆیە چالاکییەکەشمان لەناو سرووشت و لە گوندی تاوێرەی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە ئەنجام دا.» ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: «ناوەڕۆکی ئەو تابلۆیانەی لەلایەن مامۆستایانی بەشداربووەوە نمایش کران، هەمەڕەنگ و گشتگیر بوون، تا مامۆستایان بتوانن بە ئازادانە خەیاڵ و هزر و واقیعبینیی خۆیان لەسەر تابلۆکان بنەخشێنن، هەر بۆیە بەشێکیان وێنەی ئەو دەڤەرەیان نەخشاندبوو، کە چالاکییەکەی تێدا ئەنجام درا، بەشێکی تریشیان تابلۆکانیان گوزارشت بوو لە پشتیوانی و دەرخستنی ئێش و ئازاری کوردانی ڕۆژئاوا. بەشێوەیەکی گشتی، پەیامی تابلۆکان بریتی بوو لە پێکەوەژیان، ئاشتی، جوانی و چێژ، کە سەرجەمیان پڕ لە ئومێد بوون و گوزارشتیان لە ئاییندەیەکی گەشتر بۆ گەلەکەمان دەکرد.»
ئەمجەد جەمال ئەوەشی بە (خەبات) گوت: «ئامانجێکی ترمان لەوەی ئەم چالاکییەمان لەناو سرووشتدا ئەنجام دا، ئەوە بوو پەیامێک بگەیەنین بە هەموو مامۆستایانی هونەر کە پێویستە هونەر لەو پۆلانە بێتە دەرەوە کە قوتابی وانەی بیرکاری و ئینگلیزی و عەرەبی و… هتد تێدا دەخوێنێت، چونکە هونەر و سرووشت ئاوێتەی یەکترن، ئەگەر ئەم ڕێگەیە بگیرێتە بەر، ئەوا هونەر ڕێچکەی خۆی وەردەگرێت و لای قوتابیانیش خۆشەویستتر دەبێت.»
لەکۆتاییدا ڕوونیشی کردەوە: «ئێمە ساڵانە لە بەشی چالاکیی هونەریی قوتابخانە و خوێندنگاکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجە، لە ڕێگەی ڕۆژژمێرێکی تایبەتەوە لە هەموو بۆنە نیشتیمانی و ئایینییەکاندا، لە سەرجەم قوتابخانەکان چالاکیی هونەری ئەنجام دەدەین. ئەمەش وای کردووە هونەر و کاری هونەری لە شارەکەماندا پێشکەوتن بەخۆیەوە ببینێت. ئومێدەوارین بتوانین لە ساڵانی داهاتوودا کاری باشتر و گەورەتر ئەنجام بدەین و خزمەتی زیاتری مامۆستایانی هونەر و هونەرمەندانی پارێزگای هەڵەبجە بکەین.»











