له‌ ڕۆژی زمانی دایکدا.. زمانه‌كه‌ت مه‌شكێنه‌ با شكۆت نه‌شكێت

42

فازڵ عومه‌ر*
زمان تەنیا کۆمەڵە وشەیەک نییە بۆ گەیاندنی مەبەست، بەڵکوو ئاوێنەیەکە کە تێیدا شکۆ و متمانەبەخۆبوونی نەتەوەیەک دەبینرێت. کاتێک جیهان یادی زمانی دایک دەکاتەوە، ئێمە لەبەردەم واقیعێکی خەمناکدا دەوەستین؛ واقیعێک کە تێیدا زمانەکەمان لەناو ماڵی خۆیدا نامۆیە. وەک کۆمەڵناسێک، کاتێک سەیری ڕەفتارە زمانییەکانمان دەکەم، دەبینم ئێمە نەک تەنیا لەبەردەم (گۆڕانی کولتووری) داین، بەڵکوو لەبەردەم جۆرێک لە (تەسلیمبوونی دەروونی)داین کە وای کردووە زمانەکەی خۆمان بكه‌ینه‌ قوربانی له‌ پێناو ڕەزامەندیی ئەویتردا.

-وانەیەک لە شکۆی سویسرا و کەنەداوە:
ئەگەر سەیری ئەزموونی وڵاتە دیموکراسییە فرەزمانەکان بکەین، دەبینین زمان هێڵی سووری شکۆی نەتەوەییە. لە سویسرا، پەرلەمانتارە ئەڵمانی، فەرەنسی و ئیتاڵییەکان، سەرەڕای ئەوەی لە زمانی یەکدی تێدەگەن، بەڵام هەریەکەیان بە توندترین شێوە پابەندن بەوەی تەنیا بە زمانی دایکی خۆیانش بدوێن. لە کەنەداش، بەرپرسە کوبیکییەکان(كه‌ فه‌ره‌نسی زمانن) لە ناو جەرگەی «ئۆتاوا»دا بە فەرەنسی دەدوێن. لای ئەوان، بەکارهێنانی وەرگێڕ نیشانەی نەزانین نییە، بەڵکوو نیشانەی ڕێزگرتنی بەرامبەرە لە بوونی جیاوازیان. وازهێنان لە زمان لای ئەوان، هەنگاوی یەکەمە بۆ وازهێنان لە مافە سیاسییەکان، بەڵام کاتێک سەیری نوێنەری کورد دەکەین لە بەغدا، پارادۆکسێکی گەورە دەبینین. بەپێی ماددەی (٤) لە دەستووری عێراق، زمانی کوردی زمانێکی فەرمییە. واتە کاتێک نوێنەری کورد بە کوردییەکی پاراو دەدوێت، منەت بەسەر کەسدا ناکات، بەڵکو سەروەریی دەستووری پیادە دەکات، بەڵام جێگەی داخە، دەبینین نوێنەرەکانمان بە عەرەبییەکی شێواو دەدوێن تەنیا بۆ ئەوەی بەرامبەر لێیان ڕازی بێت؛ ئەمەش وایکردووە پەرلەمانتارانی عەرەب زۆرجار بە زەردەخەنەیەکی گاڵتەجاڕانەوە سەیریان بکەن. ئەو زەردەخەنەیە بۆ هەڵەی ڕێزمانی نییە، بەڵکوو بۆ ئەو پاشکۆییە دەروونییەیە کە نوێنەری کورد پێشانی دەدات.

-شێوەزارەکان؛ لە نێوان ڕێز و بێڕێزییەکی سپیدا:
ئەم کێشەیە تەنیا بەرامبەر بێگانە نییە، بەڵکوو لە ناوخۆی خۆشماندا وەک نمایشی هێز دەردەکەوێت. زۆرجار دەبینین پێشکەشکارانی سۆرانی کاتێک ڕووبەڕووی میوانێکی بادینی یان کرمانجی دەبنەوە، زۆر لەخۆیان دەکەن تا بە بادینییەکی شکاو بدوێن. ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەی میوانە بادینییەکان سۆرانی باش تێده‌گه‌ن، ئەم ڕەفتارە، کە ڕەنگە لە ڕواڵەتدا وەک ئاسانکاری دەربکەوێت، لە قووڵایی کۆمەڵناسیدا جۆرێکە لە (بێڕێزیی سپی). پێشکەشکارەکە دەیەوێت باڵادەستیی خۆی نیشان بدات و بە میوانەکە بڵێت: من زمانەکەی تۆ دەزانم، بەڵام تۆ لە هی من تێناگەیت. جوانیی زمانی کوردی لەوەدایە کە هەموو شێوەزارەکان وەک یەک سەنگەربن و هەریەکە و بە ڕەسەنایەتی خۆی بدوێت، نەک بۆ نمایش و خۆسەلماندن پەنا بۆ شێواندنی شێوەزارەکانی تر ببەین.

-کاتێک زمان دەبێتە پێشمەرجی نان:
کارەساتە گەورەکە کاتێکە کە زمان لە وڵاتی خۆتدا دەبێتە ئامرازی چەوساندنەوە و نانبڕین. چیرۆکی ئەو گەنجە (دلیڤەرییەی) هەولێر کە لەبەردەم چێشتخانەیەکدا له‌ لایڤێكدا گوزارشتی له‌ ئازارێك کرد چونکە ڕێگری لێ کرابوو بە کوردی بدوێت، برینێکی قووڵی ناو جەرگەی بازاڕی کارمان نیشان دەدات. کاتێک زمانی ئینگلیزی یان عەرەبی دەکرێتە پێشمەرج بۆ کارکردن لە کۆمپانیایەکدا کە لەسەر خاکی کوردستانە، ئەمە مانای وایە ئێمە لە ڕووی ئابوورییەوە داگیر کراوین.

ئەم دۆخە وای کردووە زمان ببێتە پێوەرێکی چینایەتی. منداڵی دەوڵەمەند کە لە قوتابخانە ئەهلییەکان ئینگلیزی فێر دەبێت، هەلی کاری بۆ مسۆگەرە، بەڵام گەنجی هەژار کە تەنیا زمانی دایکی دەزانێت، لە وڵاتی خۆیدا وەک بێگانە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. ئەمە پێی ده‌گوترێت خۆکوشتنی زمانەوانی کە سیستەمی پەروەردە و بازاڕی کار پێکەوە ئەنجامی دەدەن.

-یونسکۆ و پەروەردەی فرەزمان: دەرگا یان دیوار؟
پەیامی ئەمساڵی یونسکۆ جەختكردنه‌وه‌ لەسەر پەروەردەی فرەزمانە، وەک هۆکارێک بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگە. یونسکۆ دەڵێت: دەبێت زمانی دایک بنچینەی زانست بێت تا منداڵ بتوانێت زمانەکانی تر وەک پرد بەکار بهێنێت. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌م په‌یامه‌ لای ئێمە، زمانە بێگانەکان نەکراونەتە پرد بۆ گەیشتن بە جیهان، بەڵکوو کراونەتە دیوارێک لە نێوان منداڵ و ناسنامەکەیدا. فێربوونی ئینگلیزی وەک ئامراز پێویستییە، بەڵام کردنی بە زمانی بیرکردنەوە، تیرۆرکردنی ڕەگوڕیشەی منداڵە.

-چی بکرێت؟ بەرەو یاسای پاراستنی زمانی کوردی:
بۆ ئەوەی لەم پاشکۆییە ڕزگارمان بێت، پێویستە لە ئاستی دروشمەوە بچینە سەر کردار:
1- جێبەجێکردنی یاسا: پێویستە ( یاسای پاراستنی زمانی کوردی) لە هەموو دامودەزگاکاندا جێبەجێ بکرێت. هیچ کۆبوونەوەیەکی دیپلۆماسی و فەرمی نابێت بەبێ ئامادەبوونی وەرگێڕی فەرمی ئەنجام بدرێت.
2- شکۆی فەرمی: دەبێت بەرپرسانی کورد پابەند بکرێن کە لە کاتی پێشوازیکردن لە شاندە بیانییەکان و لە گەشتە فەرمییەکاندا، تەنیا بە زمانی کوردی بدوێن. ئەمە نیشانەی متمانەبەخۆبوون و سەروەرییە.
3- پاراستنی گەنجان لە بازاڕی کاردا: دەبێت حکوومەت کۆمپانیاکان ناچار بکات کە زمانی کوردی زمانی یەکەمی مامەڵە بێت، تا چیتر گەنجی کورد بەهۆی زمانەکەیەوە نانی نەبڕدرێت.

-پەیامی کۆتایی:
زمانی دایک تەنیا بۆ قسەکردن نییە، بەڵکوو وه‌ك قەڵایەک گرنگە بۆ مانەوە. کاتێک بۆ وشە شکاوەکانی بێگانە چەپڵە لێ دەدەین، کاتێک لە بەغدا بە زمانی خۆمان نادوێین و کاتێک شێوەزارەکان دەکەینە نمایشی هێز، خەریکی هەڵوەشاندنەوەی قەڵای نەتەوەیی خۆمانین. زمانەکەت چەکی دیپلۆماسی و کولتووریی تۆیە؛ کاتێک دەستبەرداری دەبیت، وەک سەربازێکی بێ چەک لەبەردەم نەیارەکانتدا دەردەکەویت.

*كۆمه‌ڵناس