سهرهتا وتار ڕەهەندە ستراتیژییەکانی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن
کارۆخ خۆشناو
کۆنفڕانسی ئەمساڵی ئاسایشی میونشن (MSC) لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت، کە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قەیرانێکی قووڵی ئاسایشدا تێدەپەڕێت، هەروەها لە ئێستادا سیستەمی ئاسایشی جیهانی ڕوبەڕووی ئاڵانگاری زۆر بووەتەوە، بەهۆی شەڕی ئۆکڕانیا و ئاڵۆزیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشەکانی تڕەمپ لە ئێران و هەنگاو نانی جیهان بەرەو فرەجەمسەری و پەیوەندیی نێوان وڵاتانی ئەوروپا و ئیدارەی نوێی ئەمریکا، بەتایبەت لەسەر پرسەکانی ئاسایش لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و قەیرانە جیهانییەکان.
بەشداریکردنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە 62 خولی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن (MSC) بۆ جاری حەوتەم، سەلمێنەری ڕۆڵی هەرێمی کوردستانە وەک ئەکتەرێکی گرنگ لە بەدیهێنانی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها دەرخەری گرنگیپێدانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیە بە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی سەقامگیر و ئەکتەرێکی چالاک لە ڕووبهرووبوونەوەی تیرۆر و ژمارەیەکی خوێندراوە لە هاوکێشە سیاسی و ئەمنیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.بەشداریکردنی بەڕێز سەرۆکی هەرێم دەرفەتێکی زێڕینە بۆ وەبەرهێنان لە سێکتەرەکانی ئاسایش و دیبلۆماسی، لەم چوارچێوەیەشدا کۆمەڵێک دیدار ئەنجام دەدات لەگەڵ داڕێژەرانی بڕیار لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهان، ئەم دیدارانەش دەرخەری پێگەی ستراتیژی و سەقامگیری هەرێمی کوردستانە لەسەر نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم پێگەیەش فاکتەرێکی سەرەکی گرنگی پێدانی کۆمەڵگهی نێودەوڵەتیە بە هەرێمی کوردستان. فاکتەرێکی تری گرنگی پێدانی (ناوەندە نێودەوڵەتیەکان) بە کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆڵەی پێشمەرگە گێڕای لە شەڕکردن و تێکشاندنی داعش (لە جیاتی جیهانی ئازاد) کە لەم پێناوەدا هەزاران شەهید و برینداری بەخشی، خوێنی ئەم هەزارەها شەهیدەش ئەستێرەی کوردستانی بە شێوەیەک درەوشاندۆتەوە کە هەرکاتێک باس لە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت، ئەوا وێنەی پێشمەرگە وەک (جەنگاوەری ئازا) لە کۆنفرانسەکاندا دەدرەوشێتەوە.
لەم دەرفەتە زێڕینەدا سەرۆکی هەرێم ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات لە دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەروک و کەسایەتی و کارەکتەرە بەشداربووەکانی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن، لە ماوەی سێ ڕۆژەی مانەوەی سەرۆکی هەرێمدا چەندین دیداری گرنگ ئەنجام دەدات، ئەم دیدارانەش کاریگەری و ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دیدارەکانی بەڕێز سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان، لە کاتێکدایە کە ناوچەکە و جیهان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبن، بۆیە لێرەدا هەڵوەستە لەسەر ئەم دیدارانە دەکەین، چونکە کۆمەڵێک رەهەندی ستراتیژی جیاواز لەخۆدەگرێت لە بوارەکانی (سیاسی، دیپلۆماسی، ئاسایش، ئابووری و کولتووری) کە لە خوارەوە بە کورتی ئاماژەیان پێدەکەین.
یەکەم: رەهەندی سیاسی و دیپلۆماسی
دیداری سەرۆک و سەرکردەکانی ئەوروپی و جیهانی رۆڵێکی کاریگەری هەیە بۆ برەودان بە پەیوەندیی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی جیهان، ئەمەش گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی کە ئێستا رووی لە ناوچەکە کردووە. بە واتایەکی دیکە، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا پارێزراو بێت و بتوانێت پارێزگاری لە پێگەی خۆی بکات لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا، گرنگە برەو بە پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسیەکانی بدات لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەگشتی.
دووەم: رەهەندی سەربازی و ئاسایش
هاوکارییەکانی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی ڕووبەڕووبونەوەی داعش بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆر، رۆڵی بەرچاویان گێڕا لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، لە داهاتووشدا رۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت، چونکە داعش کۆتایی نەهاتووە، لەم چوارچێوەیەشدایە ئەرکی هێزەکانی ناتۆدا بەردەوام دەبێت لە مانەوەی هێزەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان. هەڵبەتە ئەمە جگە لەو دۆخەی ئێستا کە ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت.
سێیەم: رەهەندی مێژوویی
قووڵایی مێژوویی هەروەکوو قووڵایی ستراتیژیی لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەکتەرەکان کاردەکات، بەم واتایە کە ئەو کاتەی لەنێوان دوو ئەکتەر و لایەن سنووری جوگرافیایی بوونی نییە، ئەوە ئەزموونی رابردوو و مێژووی پەیوەندییەکان و کاری هاوبەش هەمان کاری قووڵایی ستراتیژیی دەکات. لەم چوارچێوەیەشدا، لە نێوان ئەوروپا و هەرێمی کوردستاندا مێژوویەکی تایبەت هەیە، کە بنەمای پەیوەندییەکی تایبەت و درێژخایەن دادەڕێژێت، لە هەناوی ئەم پەیوەندییە مێژووییەدا چەندین سیاسی و کەسایەتی تایبەت هەیە، وەکوو دانیال میتران و ئەوانی دیکە.
چوارەم: رەهەندی ئابووری و وزە
راستییەکەی ئەوەیە کە ئەوروپا لەرێی دەریای سپی نێوەڕاست و پاشان لوبنان و سووریا و عێراق دەگاتە کەنداو و بەپێچەوانەکەشی هەر راستە، بۆیە بۆ ئەوروپیەکان لوبنان و سووریا و عێراق پێگەی ستراتیژییان هەیە و لەم نێوەندەشدا رۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان و سەقامگیرییەکەی بەرجەستە دەبێت. هەر بۆیە ئەوروپا بە گرنگییەوە دەڕوانێتە فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی سێکتەری ئابووری و وزە، بۆ نمونە دوو لە کۆمپانیا گەورەکانی بەڕیتانیا و فەرەنسا (BP و تۆتاڵ)ن کە وەبەرهێنان لە سێکتەری وزەی عێراقدا دەکات بە بڕی ملیاران دۆلار، ئەمەش بەڵگەی گرنگی پێگەی عێراق و هەرێمی کوردستانە لەسەر نەخشەی وزەی ناوچەکە و جیهان.
پێنجەم: رەهەندی کولتووری و پێکەوەژیان
وڵاتانی ئەوروپا بەگشتی گرنگییەکی تایبەت بە پێگەی پێکەوەژیان دەدەن لە هەرێمی کوردستان، چونکە ئەم پێگەیە کەم وێنەیە لەسەر ئاستی عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەم بەها هاوبەشە هۆکارێکە بۆ پاراستنی کەمینەکان و رێگرتنیان لەوەی کۆچ بکەن بۆ ئەوروپا و زێدی خۆیان بەجێبهێڵن. لەلایەکی تریشەوە، بەهاکانی وەک مافی مرۆڤ، پێکەوەژیانی ئاشتییانە، دیموکراسی، ئازادی، یەکسانی، فرەیی یاخود پلۆرالیزم و عەلمانییەت و.. هتد، ئەو نۆرم و بەهایانەن کە ئەوروپا خۆی بە لانکەی دەزانێت و بەم پێیەش پابەندە بە جێبەجێکردنیان و تەنانەت دەیەوێت لە سیاسەتی دەرەوەشدا دەستیان پێوەبگرێت، هەر بۆیە ئەمە دەرفەتێکی رەخساندووە بۆ هەرێمی کوردستان کە لەم بوار و رەهەندەشەوە رایەڵەیەکی پەیوەندی لەگەڵ ئەوروپا دروست بکات و پێچەوانەکەشی بۆ فەرەنساش گرنگە کە لەسەر ئەو بنەمایانە هاوبەشی و پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرەکان هەبێت و لەم نێوەندەشدا هەرێمی کوردستان بە بەروارد لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە تاڕادەیەکی زۆر هەوڵیداوە لە ئاستی سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتی ئەم بەهایانە بپارێزێت بۆ نیشاندانی ئەزموونێکی جیاواز و تەنانەت بە ناڕاستەوخۆ گرێدانی خۆی بە جیهانی رۆژئاوایی.
هەر بۆیە بۆ ئەوروپیەکان زۆر گرنگە کە هەرێمی کوردستان سەرەرای هەموو تێبینی یاخود رەخنەکان هەڵگر و پارێزەری ئەم بەها و نۆرمانە بێت. لەم پەیوەندییەشدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بە کەسایەتییەک دەناسرێت کە بەردەوام لەئاستی هەرەمی کوردستان و عێراق و تەنانەت ناوچەکەدا گرنگی بەم بەها مودێرنانە داوە و لەم رێگەیەوە بە سەرکردەییەکی جێگەی متمانەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەناسرێت و هەر ئەمەش بە بەشێک لە نهێنی پێشوازی ئاستبەرز لە نێچیرڤان بارزانی و گوێگرتن لە را و پێشنیاز و رێزلێنان لە گوتاری بەرێزیان لە ناوەندە دیپلۆماسییەکانی جیهان، دادەنرێت.
لە روانگەیەکی ترەوە، روانگەی نێچیرڤان بارزانی و بەشێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا زۆر لەیەک نزیکن، بۆ نمونە ڕوانگەیان لەگەڵ سەرۆک ئیمانۆیل ماکرۆن سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرس و کێشەکانی عێراق و ناوچەکە و تەنانەت سەبارەت بە پرسە هەنووکەییەکانی ئێستای ناوچەکە، یەک ڕوانگەن، ئەویش چارەسەری کێشەکانە لە رێگەی دیالۆگ و بە رێگەی ئاشتییانە ئەم وێکچوونە هزری و پابەندبوونە بەهاییە وای کردووە کە لە رووی سیاسیشەوە هەمان روانگەیان هەبێت بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکانی عێراق و ناوچەکە. ئەم سەردانەی میونشن ئەڵقەیەکە لە هەوڵێکی بەردەوامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پتەوکردنی پێگەی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان لە ئاستی جیهاندا، بە مەبەستی پاراستن و بەرەوپێشبردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا. بەدڵنیاییەوە لێکەوتەکانی ئەم بەشداربوونە کارایە لەم سەکۆ گرنگەدا کاریگەری ئەرێنی لەسەر پەیوەندییە دیبلۆماسیەکانی هەرێم دەبێت و لە هەمانکاتیشدا پەیامێکی دڵنیایی دەبێت کە قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو دەبێت و لە ئاستی سیستمی نێودەوڵەتیشدا پاڵپشتی لە مانەوە و بەهێزبوونی دەکرێت.
هەر ئەمەش دەتوانێت لە ئاستی عێراقیشدا پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکات و لە ئاستی نێوخۆیی هەرێمی کوردستانیش جۆرە سەقامگیری و دڵنیاییەک لەلای هاووڵاتییان دروست بکات و تەنانەت پەیامێکی دیپلۆماسییش بێت بۆ دەوڵەتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان کە ئاسایش و سەقامگیری ئەو دەوڵەتانە پەیوەستە بە سەقامگیریی هەرێمی کوردستان. لە رووی ئابووریشەوە ئەم بەشداریە کارایە کاریگەری ئەرێنی لەسەر وەبەرهێنانی زیاتر وکار و پڕۆژە و پلانی کۆمپانیا رۆژئاواییەکانیش دەبێت.