نەبەز عهزيز روستایی
لە کاتێکدا کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکاریی توند و مەترسیی سەرهەڵدانەوەی ململانێیەکانە، بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزە دیموکراتەکانی سوریا (هەسەدە) لە کۆنگرەی ئاسایشی میونشن، سەرنجی ناوەندە سیاسییەکانی جیهانی ڕاکێشاوە. ئەم ئامادەبوونە لە کاتێکدایە کە کوردانی ڕۆژاوا لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی ئەمریکاوە ڕووبەڕووی جۆرێک لە «دڵەڕاوکێی سیاسی» ببوونەوە، بەڵام میونشن پەیامێکی دیکەی پێبوو: کورد هێشتا کارەکتەرێکی سەرەکییە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.
تێپەڕاندنی «گرێی» پشت تێکردن
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە دوای کشانەوەکانی ئەمهریکا لە هەندێک ناوچەی سووریا و ساردبوونەوەی هەندێک پەیوەندییەکان، کورد ستراتیژییەکی نوێیان گرتووەتە بەر. ئەویش «فرەوانکردنی بازنەی هاوپەیمانییەکانە». بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێم و فەرماندەی هەسەدە لە میونشن، نیشانەی ئەوەیە کە کورد؛ لە کاتێکدا هاوپەیمانییەکەی لەگەڵ واشنتۆن دەپارێزێت، دەیەوێت دەرگای نوێش بەرەو پایتەختە بڕیاردەرەکانی ئەوروپا (بەرلین، پاریس و لەندەن) بکاتەوە.
ئەوروپا و کورد؛ هاوبەشیی لەبەر پێویستی
بۆ ئەوروپا، پرسی کورد تەنها پرسێکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانیی کیشوەرەکەوە. سێ خاڵی سەرەکی وای کردووە ئەوروپا بەبێ کورد نەتوانێت نەخشەی ئاسایشی خۆی دابڕێژێت.
بەربەستی تیرۆر .. ئەوروپییەکان باش دەزانن کە هێزی پێشمەرگە و هەسەدە تەنها هێزن کە بە کردەیی ڕێگرییان لە مەترسییەکانی داعش کردووە. مانەوەی هەزاران چەکداری داعش لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد، وەکوو «بۆمبێکی تەوقیتکراو» وایە کە ئەوروپا نایەوێت بتەقێتەوە.
کێشەی کۆچبەران بۆ ئەوروپا
ناسەقامگیری لە ناوچە کوردییەکان دەبێتە هۆی کۆچبەری شەپۆلێکی نوێی دانیشتوان بۆ ناو جەرگەی ئەوروپا. بۆیە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی ڕۆژاوا، بۆ ئەوروپییەکان بەواتای پاراستنی سنوورەکانی خۆیان دێت.
ئاسایشی وزە
لەگەڵ بەردەوامیی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا کە بۆتە هۆکاری قەیرانی غازی سروشتی لە ئەورپا، دەکرێ نەوت و غازی سروشتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی چارەسەری بەشێک لە قەیرانی کەمی سووتەمەی ئەوروپا بکات، ئەمەش ڕەهەندێکی ئابووریی بەهێزی بە پێگەی کورد بەخشیوە.
ڕەنگدانەوەی بەشداریی مەزڵووم عەبدی لە میونشن
ئامادەبوونی مەزڵووم عەبدی لە کۆڕبەندی میونشن، پەیامێکی ڕاستەوخۆ بوو بۆ لایەنە ناوچەییەکان.. کە ئەم بەشدارییە جۆرێکە لە «دانپێدانانی سیاسیی ناڕاستەوخۆ» بەو هێزەی کە ساڵانێکە وەک هاوبەشی هاوپەیمانان لە دژی تیرۆر شەڕ دەکات. ئەمە نیشان دەدات کە ڕۆژئاوا هێشتا ئامادە نییە دەستبەرداری ئەو هاوبەشییە بێت لەپێناو ڕازیکردنی هێزە ناوچەییەکان.
هاوسەنگی لە ناوچەیەکی پڕ کێشەدا
نێچیرڤان بارزانی لە میونشن وەک دیپلۆماتکارێکی باڵا دەردەکەوێت کە هەوڵی پاراستنی هاوسەنگی دەدات لە نێوان بەرژەوەندییەکانی غەرب و پاراستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوروبەردا. هەرێمی کوردستان لەم هاوکێشەیەدا وەک «دوورگەیەکی سەقامگیری» دەبینرێت کە دەتوانێت ببێتە پردێک بۆ گفتوگۆ لە ناوچەکەدا، کۆنگرەی میونشن سەلماندی کە هەرچەندە سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر کورد دوچاری هەوراز و نشێو دەبن، بەڵام «پێویستیی جیهانی» بە کورد وەک کارەکتەرێکی سەربازی، ئەمنی و وزە، وای کردووە کە پرسی کورد لە ئەجێندای نێودەوڵەتیدا بە زیندوویی بمێنێتەوە. کوردەکان ئێستا لە جاران زیاتر درک بەوە دەکەن کە کلیلی مانەوەیان تەنها لە واشنتۆن نییە، بەڵکو لە «دیپلۆماسییەکی فرە لایەنە»دایە کە ئەوروپا و ناوەندی بڕیاری جیهانی دەگرێتەوە.