سهرهتا وتار فێربوونی زمانی دایک.. بەرهەمهێنانی ئازادی و هەست بە ڕەهاییە
د. ناز فهلهكهدین كاكهیی
هەموو ساڵێک لە ٢١ی شوبات، جیهان بە هاوبەشی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک پیرۆز دەنرخێنێت، ڕۆژێک کە بە فەرمی لەلایەن UNESCO لە ساڵی ١٩٩٩ هەڵبژێردرا. مەبەست لەم ڕۆژەدا بەرزکردنەوەی گرنگیی زمانی دایک و پاراستنی جۆراوجۆری زمان و فەرهەنگە، به گرینگ زانینی ئەم ڕۆژە بڕیارێکی مێژووییە. لە ساڵی ١٩٥٢دا لە وڵاتی (بەنگلادش) Bangladesh، چەند خوێندکارێکی زانکۆی داکا خۆیان فیدا کرد بۆ پاراستنی مافی ئاخفتن بە زمانی بەنەگالی. ئەو ڕووداوە لە مێژووی جیهاندا نیشانەیەکی بەرز بوو بۆ ئەوەی خەڵک هەست بە ئەرکی پاراستنی زمانی خۆیان بکەن و مافی زمانەکان وەک یەکێک لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤان بناسن.
یونسکۆ باوەڕی بەوەیە کە فێربوون بە زمانی دایک، یەکێک لە بنەڕەتیترین مافەکانی مرۆڤه، چونکە زمان نە بەس ئامرازێکی قسەکردنە، بەڵکوو خەزێنەیەکی بیر، مێژوو و هەستی نەتەوەییە. بێ زمان، ئیتر هیچ نیشانێک لە ژیان و مروڤ بوون نامێنێت، ئەم ڕۆژە، هەروەها بۆ ئەوەیە کە خوێندن بە زمانی دایک لە قوتابخانەکان و زانکۆکان بەرز ڕابگیرێت و پەیوەندیی نێوان خوێندنی فەرمی و ئاستی فەرهەنگی دڵنیا بکرێت، بۆ خەڵکی کورد، ئەم ڕۆژە واتایەکی زۆر تایبەتی هەیە، چونکە زمانی کوردی بەشێوەیەکی جیاواز دەنووسرێت و قسەی پێ دەکرێت، شێوهزاری سۆرانی، کرمانجی، فەیلی، هەورامی، لەکی، زازاکی و ماچۆی کاکەیی، هەر یەک پێکهاتەیەکی ناوازەی کولتوور و مێژووی گەلی کوردن. پاراستنی ئەم شێوهزارانه له نێو زمانی كوردیدا واتای پاراستنی نەتەوەیی و بنەمای هەستی نیشتمانپەروەرییە.
شێوهزاری فەیلی و کاکەیی، بە شێوەیەکی تایبەتی، وەک دوو شاخهی هاوبەش و بە مەعنای زمانی کوردی، خەزێنەیەکی گرانبەهای فەرهەنگی و هونەرین. پاراستنیان واتای ئەوەیە کە ڕێگر بێت کە ڕەنگی ڕۆحی و فیکری ئەو خەڵکە لە نێوان زمانە گەورەکاندا بفەوتێت، زمان وەک گوڵە، هەر یەک ڕەنگ و بۆنێکی تایبەتی هەیە. ئەگەر یەکێک لەوانە لە نێو بچێت، جیهان بێڕەنگ دەبێتەوە. بۆیە، پاراستنی زمانی دایکمان، واتای پاراستنی ژیان و ئازادییە، لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، هەموومان دەبێت پەیمان نوێ بکەینەوە. زمانی دایک نه تهنیا ئامرازی پەیوەندییە، بەڵکوو ڕەگی ژیانە، بەرزترین سەرچاوەی بیر و خەیاڵ و پەیوەندییە له نێوان دڵەکاندا.