خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- ساناو فەرهیدوون جوانڕۆیی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و یاریدەدەری بەرپرسی مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای سلێمانی-هەڵەبجە-ڕاپەڕین، سهبارهت پرسە هەنووكەییەكانی عێراق و ئەو ڕووداوهی لە ئەنجومەنی نوێنەران لە چهند ڕۆژی ڕابردوودا كه تێیدا بهبێ گهڕانهوه بۆ سازان و ڕێككهوتن لهگهڵ ههرێمی كوردستان سوپاسالاری عێراق دهستنیشان كرا، جوانڕۆیی قسەی بۆ خەبات كرد و له وهڵامی پرسیاری ئهوهی كه بەكارهێنانی هێزی زۆرینە و كەمینە لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ تێپەڕاندنی یاساكان، عێراق بەرەو كوێ دەبات؟
ساناو فهرهیدوون جوانڕۆیی ڕایگهیاند: سەرەتا پێویستە پرسیارێكی جەوهەری بكەین، بۆ كورد بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خولی شەشەم كرد؟ لەكاتێكدا ئەزموونێكی تاڵی ڕابردوومان هەبوو لە بەكارهێنانی زۆرینە و پێشێلكردنی ماددەكانی دەستووری هەمیشەیی عێراق، ئاشكرایە كورد ڕۆڵی جەوهەری هەبووە لە دامەزراندنی عێراقی نوێ و داڕشتنەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق لەسەر سێ بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان، بۆ ئەوەی دادپەوەرییەك هەبێت لە زامنكردنی مافی گەلی كورد و پێكهاتەكانی عێراق، بەڵام بەداخەوە ساڵ لە دوای ساڵ كار كراوە لەسەر كاڵكردنەوەی ئەم بنەمایانە لە قازانجی زۆرینەی پەرلەمانی كە هۆكاری ئەمەش پەرەسەندنی عەقڵیەتی شۆڤینی و تاكڕەوەیە لە هەر سێ كوچكەی دەسەڵاتدا.
جوانڕۆیی گوتیشی: بەشداریی كورد بە تایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوا هەڵبژاردن بۆ كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و پێدانی هەلێك بوو بۆ بەهێزكردنی دامەزراوەكان و جێبەجێكردنی دەستوور بە پاڵشتیی نێودەوڵەتی بە ئاڕاستەی سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و بۆ ئەوەی كورد وەك هەمیشە فاكتەری سەقامگیری بێت نەوەك دواتر تۆمەتی ناسەقامگیریی عێراق بخەنە پاڵ كورد كە گوایە ڕێگرە لە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی دیموكراسی لە عێراق، هەرچەند پارتی دیموكراتی كوردستان بە دیراسەكردنی ئەو پێدراوانەی كە لە هاوكێشەی سیاسیدا كاریگەرن، ئۆمێدێكی ئەوتۆی بە ئاییندە و ژینگەیەكی لەباری سیاسی لە عێراق نەمابوو، بۆیە بەردەوامبوون لەسەر میتۆدی پێشوو و بەكارهێنانی زۆرینە لە تێپەڕاندنی یاساكان یان هەر بابەتێك كە پێویستی بە سازان هەبێت دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات و دامەزراوەكانی عێراق ناكارا و لاوازتر دەكات و برەو بە گەندەڵیی ڕێكخراو دەدات و هەروەها متمانەی سەرجەم پێكهاتەكان بە تایبەت كورد بە پرۆسەی سیاسیی عێراق زیاتر لاواز دەكات ئەمەش عێراق بەرەو داهاتوویەكی ناڕوون و مەترسیدار دەبات.
سهبارهت به دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لهسهر سوپاسالاری عێراق كە پشكی كورده و ئێستا دراوهته عەرەبێك و ئەنجام و لێكەوتەكانی ساناو فهرهیدوون جوانڕۆیی گوتی: لە ماددەی ٣٧ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاتووە كە پێویستە خشتەی كاری پەرلەمان بە ڕەزامەندیی پێشوەختەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بێت، بەڵام ئەوەی لە دانیشتنی ١٧ی شوبات بەدی كرا پێشێلكردنی ئاشكرای ئەم ماددەی پەیڕەویە بوو بۆ پیلانگێڕی دژ بە كورد و زەوتكردنی پۆستێكی گرنگیی كورد كە زامنی بەكارنەهێنانی سوپای عێراق بوو دژ بە گەلی كورد و هەرێمی كوردستان كە سەرەتایەكی مەترسیدارە بۆ پشتگوێخستنی دەستووری عێراق لەم خولەدا، پەرلەمان بە ئاراستەی پێشێلكردنی مافە فیدڕاڵییەكانی هەرێمی كوردستان، بەكارهێنانی زۆرینە یان پەیوەست بوون بە سازان لەو بابەتانەی لە بەرژەوەندیان دایە كە سازان هەبێت لەم خولەی حوكمڕانی بۆ كورد جێگەی هەڵوەستەی جددییە و پێویستی یەكهەڵوێستی و یەكدەنگی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە بابەتە نیشتمانییەكان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و مافە دەستوورییەكانی لە هەموو كات زیاتر دەكات، بۆیە دروستكردنی ئەنجومەنێكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان وەك چەترێكی كۆكەرەوه و خاوەن بڕیار لە بابەتە ستراتیژی و نیشتمانییەكان پێویستییەكی حاشاهەڵنەگرە.