محەمەد ئیبراهیم شەریف
لە سەردەمی تاقیکردنەوە و گۆڕانکارییە گەورەکاندا هیچ هێزێك بۆ میللەتێك گرنگتر نییە لە یەکدەنگی و یەکگرتوویی که بنەمای هێز و بەردەوامی هەر گەلێکن بە تایبەتی بۆ میللەتێك وەك کورد کە مێژووی پڕە لە ئازار و دابەشبوون و کە تاقیکردنەوەی سەختی تێپەڕاندووە ، ئەگەر کورد توانای ئەوەی هەبێت لە سەر بنەمای هاوبەشی ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان و هاوکاری ڕاستەقینەيه یەك بگرێت دەتوانێت قۆناغێکی نوێ لە مێژووی خۆیدا بنووسێت ، چونکە قۆناغێك کە تێیدا دەنگی کورد بەهێزتر و ڕوونتر دەکات ، لەبەر ئەوەی یەکگرتوویی بە مانای تێکچوونی بیر و ڕاو باوەڕ نییە ، بەڵکو ڕێکخستنی جیاوازییەکانە بۆ خزمەتکردن بە ئامانجێکی گشتی.
میللەتی کورد بە جوگرافیا ڕەنگاڵەی سیاسی و ڕەوشی کۆمەڵایەتی جیاواز دابەش بووە ، بەڵام زمان و مێژوو کولتوور و ئازاری هاوبەش کە بۆتە هێزێکی گەورەو دەتوانێت ئەم دابەشبوونانە تێپەڕێنێت ، کاتێك هەست بە نەهامەتی و نالەباری دروست دەكات یەکدەنگی خۆی دەردەخات. لە دونیای ئەمڕۆدا هیچ گەلێك بە تەنهایی ناتوانێت مافەکانی خۆی بپارێزێت ، چونکە یەکدەنگی کورد نەتەنها پێویستییەکی نیشتیمانییە ، بەڵکو مەرجێکی ژیانە بۆ داهاتووی نەوەکان . ئەگەر ووتار و کردارمان لەسەر بنەمای یەکگرتوویی دامەزرێت ، دەتوانین لەسەر بابەتە گەورەکان وەك ماف و ئازادی و ئارامی دەنگێکی یەکگرتوو و کاریگەری هەبێت. بۆیە یەکدەنگی میللەتی کورد هەنگاوێکە بۆ ڕزگاری لە دووبارەبوونی مێژووی ئازار کە ئەمە بانگەوازێکە بۆ هەمووان بۆ سیاسی و ڕۆشنبیر و نووسەر و هاووڵاتیی ئاسایی ، بۆ ئەوەی لە پێش هەموو شتێك ، کوردبوون ببینین و پاشان هەموو ناونیشانێکی دیکە.
چونکە بە یەکگرتووییەوە هیوای میللەت دەبێتە ڕاستی و ئەگەر میللەتی کورد لەسەر بنەمای یەکدەنگی و یەکگرتوویی ڕابوەستێت ، هیچ هێزێك ناتوانێت دەنگی بسڕێتەوە یان مافەکانی زهوت بكات چونکە مێژوو جارێکی تر زۆر پیشانی داوە کە دابەشبوون هۆکاری لاوازی و شکاندن بێت بەڵام یەکگرتوویی هەمیشە سەرەتای هێز و بەرزبوونەوە و سەربەرزی بووە.
ئەمڕۆ کاتێکی هەستیارە بۆ میللەتێك کە زۆر چاوەڕوانی کردووە یان دەنگی خۆمان بە یەکدەنگی دەگەیەنین، یان لە ناو دەنگە زۆرەکاندا ون دەبین ، چونکە کورد کاتێك یەك دەبێت ، نەك تەنها دەژیت ، بەڵکو داهاتووی خۆی بە دەستی خۆی دروست دەکات، ئەمڕۆ ، کاتێکە کە دەنگی کورد دەبێت یەك بێت ، نەك بۆ تەنها مانەوە ، بەڵکو بۆ سەربەرزی و دروستکردنی سبەینێیەکی باشتر.