ڕۆژ نوری شاوەیس تێکۆشەر و سیاسەتمەدار

187

فازڵ میرانی

سێ وێستگە حوكم بەسەر یادەوەریماندا دەكەن، یادەوەرییەکی مرۆیی کە وێنەی هەڵسوکەوتەکانمان لە یەکەم دیدارەوە تا کاتی کۆچکردنی بۆ دەهێنێتەوە یاد، یادەوەریی خەبات بە هەموو وردەکارییەکانی خۆڕاگری و سەختیی ڕێگا، یادەوەریی بنیادنان بە هەموو ماناكانی بنیادنانەوە، ئەم یادەوەرییانە خاڵە هاوبەشەكانی نێوان تێکۆشەرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانن، (ڕۆژ نووری شاوەیس)ـیش پێگەیەکی فراوانی لە هەموو یادەوەرییەکانماندا هەیە.

لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا، (شاوەیس) دوای گەشتێکی چەندین دەیەی زەمەن، کە سەختترین ساڵانی خەباتی گەلەکەمان بوون و تێیدا دڕندانەترین شەڕەکانی بەرپەرچدانەوە ڕوویاندا و هەموومان لە یەک سەنگەردا بووین، سەنگەرێک کە هێشتا شوێنپێی (شاوەیس) و شوێنەواری هزر و کردار و تێکۆشانی ئەوی پاراستووە، دوایین هەناسەكانی بەخشی و كۆچی دوایی كرد، بیرکردنەوە، هەوڵدان، دڵسۆزیی، باوەڕبوون بە دۆزەكە و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و بە سەرکەوتوویی و جێبەجێکردنی، هەموو ئەمانە لە کەسایەتیی خوالێخۆشبوو (ڕۆژ)ـدا ڕەنگیان دابووەوە. لە سەردەمی گەنجیماندا، لە قوتابخانەی (بارزانی)ـدا خەباتمان پێکەوە بەشکرد و لەسەر هەمان ڕێباز شەو و ڕۆژمان دەخستە سەر یەک، هەروەک چۆن نان و فیشەکی بەرگری و ڕووناكیی فانوسی بارەگا و پرس و باسەكانمان پێکەوە بەش دەکرد.

لە چیاکانی کوردستانەوە بۆ هەندەران، تا دەگاتە بەرە فراوانەكانی شەڕ، کە پێویستییان بە پیاوی ئازا و خاوەن هیممەت بوو، (شاوەیس) بە قسەو بە كردەوەش قارەمانێتیی دەنواند و دەبوو حیسابی بۆ بكرێت. هاوڕێیەکی دڵسۆز و هەڵگری میراتی بنەماڵەکەی بوو، کە پێش خۆی کەوتبوون، ئەویش شوێنپێی ئەوانی هەڵگرت لە گرتنەبەری ڕێگاکانی هەلستانەوە و ڕاپەڕینی نەتەوەکەی. بەمەش شوێنەوار و مێژوویەکی پڕ لە ڕۆشنبیری و سیاسەت و ڕەسەنایەتیی لە خەباتدا کۆکردەوە، خاوەن کەسایەتییەکی ئارام و ئامادەبوونێکی کاریگەر و بەڵگەی یەکلاکەرەوە بوو، هەروەک چۆن لە ژێر دووکەڵی شەڕەکاندا بوو، ئاوەهاش دانوستانکارێکی زمانپاراو و نوێنەرێکی ئەمین و متمانەپێكراو بوو، کە نوێنەرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکرد.

هەمیشە لە ئاستی ئەو متمانە و هەڵبژاردنەدا بوو و نموونەیەکی دووبارەنەبووەوە بوو. وتەبێژێک بوو، کە کەس لە قسەکردندا پێشی نەدەکەوت و بڕیارەکانیشی مایەی سەرکەوتن بوون. ڕۆژ نوری شاوەیس، نموونەی تێکۆشەرانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕین و ئاوەدانکردنەوە بوو، ئەو ئاوەدانکردنەوەیەی ژیان و ئارامیی بۆ گەلی کوردستان و پێکهاتەکانی گەڕاندەوە. پیاوێکی قووڵ لە بیرکردنەوە و دەستپێشخەر لە کردار بوو، دڵسۆز بوو بۆ حزبەكەی، پێش هەموو ئەمانە و دوای هەمووشیان، مرۆڤێک بوو خاوەن دڵێکی پاک، کە تۆز و غوباری شەڕ لێڵی نەکرد بوو و گرمە و نركەی چەکیش ڕۆحیەتی نەترساند بوو، لەسەرەتای گەنجیمانەوە یەکترمان ناسی، لەنێوماندا بوو وەک ئەوەی هەر ئەمڕۆ بێت، کاتێک بە وێنەکانی ڕابردوودا دەچینەوە، دەبینین چۆن ساڵانێک بەسەر نەوەی ئێمەدا تێپەڕین و لە هیچ شوێن و ئەرکێکدا درێغیمان نەکرد لەپێناو بەردەوامیی خەباتدا.

ڕۆژ نوری شاوەیس، تێکۆشەرێکە ژیاننامەکەی لە یاد ناچێتەوە، پیاوی دەوڵەتداریی بوو، خاوەنی هزری دامەزراندن و بنیادنان بوو، کە شایستەی ئەوەیە سوودی لێ وەربگیرێت، پەرلەمانتارێکی کارامە و جەمسەرێكی کاریگەر بوو لە دانوستاندا.

گەلەکەمان و حزبەكەمان و هەموو تێکۆشەرێکی کوردستان و عێراق، یادی دەکەنەوە و ڕۆژێکیش دێت کەسانی دیکەش یادی بکەنەوە کە تێکۆشەرێکی کورد و کوردستانی بە ناوی (ڕۆژ نوری شاوەیس)، بە دڵسۆزییەوە کاری کردووە بۆ عێراقێکی باشتر و کوردستانێکی گەشاوەتر، و دوای ئەوەی هەموو توانایەکی خۆی لەپێناو نەتەوەکەیدا بەگەڕ خست، بەرەو ڕەحمەتی خودا کۆچی دوایی کرد. خوای گەورە لێت خۆش بێت، (ڕۆژ)ـی برا و هاوڕێم.

ڕەحمەتی خوا لە هەموو دڵسۆزێکی دۆزەکەی بێت. ڕەحمەتی خوا لە مستەفا بارزانی و ئیدریسی هەمیشە زیندووی ناو دڵان بێت. به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

و: لە عەرەبییەوە: سەردار حوسێن