پۆستی سەرۆک کۆمار لەدیدی پارتییەوە

136

شەنگە هاوار کاکەیی

لە سیستمی سیاسیی عێراقی فیدرالدا لە پاش ساڵی ٢٠٠٥ دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان وەک پۆستی سەرۆک کۆمار بە بنەمایەکی عورفیی موحاسەسەی تائیفی و نەتەوەییدا پشکشکێنە تێدەپەرێت ، پێکهاتەکان وا رێککەوتوون کەوا پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کورد بێت و سەرۆک وەزیران بۆ پێکهاتەی شیعە و سەرۆک پەرلەمانیش بۆ پێکهاتەی سوننە بێت، ئەم شێوازە ڕێککەوتنە لە یاسای دەستووریدا فۆڕمێکی نامۆ نییە، بگرە شێوەیەکە لە شێوەکانی دیموکراسیی تەوافقی و ، لە وڵاتانی ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتیشدا ئەم فۆڕمە باوە! دیارترین وڵات، کە پشتی بەم جۆرە عورفە بەستووە وڵاتی لوبنانە کە هاوشێوەی عیراقە، لەوێش بەهەمان شێوە پێکهاتەکان وا ڕێککەوتوون، کە سەرۆک کۆمار بۆ مەسیحییە مارۆنییەکان بێت و سەرۆک پەرلەمان بۆ شیعە و سەرۆک وەزیران بۆ پێکهاتەی سوننە بێت.

لەگەڵ دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٦ پرۆسەی دابەشکردنی پۆستە باڵاکان لە عێراقی فیدرالدا دەستی پێکردوە هەرچەندە چاوەڕوانییەکان وا بوون کە بەربژێری پۆستە سیادییەکان بەتایبەتی پۆستی سەرۆک کۆمار کە پشکی کوردە، دەکرا دوور بخرێت لە ململانێی تاییفیی مەزهەبی کەچی، لە جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکاندا و بوونی چەندین بەربژێر وای کردووە پرۆسەکە بە ململانێی سیاسیی سەختدا تێپەڕبێت، دیارە پێوەرە یاساییەکانی دەستنیشانکردنی سەرۆک کۆماری عیراق وەک لە دەستور ی هەمیشەییی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ ماددەی ٧٠ دا هاتووە، کە پۆستی سەرۆک پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگەکان هەیە واتا لە کۆی ٣٢٩ کورسی پێویستی بە ٢٢٠ دەنگ هەیە.

ئەمە دەربارەی خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکە، خۆ ئەگەر کاندید سەرکەوتوو نەبوو لە بەدەستهێنانی ئەم ڕێژەیە ئەوا پرۆسەکە لە خولی دووەمدا جێبەجێدەکرێت، کە تێدا کاندید تەنها پێویستی بە زۆرینەی سادەوە هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی خولی دووەم دەستپێبکات دەبێت هەر لە سەرەتاوە نیسابی یاسایی تەواو بێت بە واتا بەبێ ئامادەبوونی ئەو ٢٢٠ پەرلەمانتارە نە خولی یەکەم ئەنجام دەدرێت و نە خولی دووەم، پاش سەرکەوتنی بەربژێر سەرۆک لە کۆشکی سەلام دەبێتە پارێزەری دەستووری فیدراڵ، ئەمە ئەرکێکی یاساییە، بەڵام ئەگەر سەرنج بدەینە ئەزموونی ڕابردووی چەندین ساڵەی گەلانی عێراق نەتەوەی کورد لەسەر بێدەنگیی سەرۆک ڕاهاتوون بەرامبەر ئەو پرسانەی پەیوەستن بە بنەما دەستوورییەکانی دەستووری فیدرال وەکو مادەی ١٤٠ دەیان بڕگەی یاسایی خامۆشکراو، کە دەکرا لە خولەکانی ڕابردوو پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بڕگە دەستورییانە بکرێت، کەچی سەرەڕای پێشیلکارییەکان هەموو شتێک بە بێدەنگی تێپەڕ دەبوو. بێگومان بەربژێرکردنی کاندیدی پارتی؛ ئۆمێدی شکاندنی بەستەڵەکی بێدەنگی بۆ نەتەوەی کورد و گەلی عێراقیش دەبێتە واقیع دیفاکتۆ، چونکە ئەمجارە پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی عێراق، وەکو هێزێکی کاریگەر دەردەکەوێت، ئەم جیاوازییەش لە ساڵی ٢٠٢٦ دا پەلکێشێکە بۆ ڕاکێشانی پارسەنگی هاوکێشەکان، چونکە ئەو پۆستە لای پارتێکی نەتەوەیی وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، تەنها پڕکردنەوەی پۆستێکی سیادی و ئیداری دیبلۆماسی نییە و ڕۆڵی سەرۆک کۆمار لە چوار چێوەیەکی تەشریفاتییدا قەتیس نامێنێت، بەڵکو پێدەنێتە قۆناغێکی تازەی کارکردن،کە ئەویشیان هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە، کە وەکو سەنگەرێکی نەتەوەیی لە چەقی بەغدادا ڕۆڵی بەرچاوی بەدیدەکرێت.

ئەم بۆچوونە بێبنەما نییە، بگرە وزەیەکی سیاسییە دەبەخشرێتە پرۆسەی دیموکراسی بەو پێیەیی هەنگاوە کرادارییەکانی لەوەدا بەدیدەکرێن، کە دەستوور دەکەوێتە جێبەجێکردنەوە، ئەمەش وەرگێڕانی دەستوورە لەمەرەکەبی نووسین لەسەر کاغەزەوە بۆ هەنگاوی جێبەجێکاریی کرداری بەو گڕە بەهێزەی پێدەنێتە نێو یارییەکەوە، ئەوە بەو واتایەیە پێداگریی دەکرێت لەسەر جێبەجێکردنی هەر ١٤٤ برگەکەی دەستووری هەمیشەیی عێراق، ئەمەش ڕێک لەگەڵ ئەرکە سیاسیی و یاساییەکانی سەرۆک کۆمار یەک دەگرێتەوە کە دەکرێت تیادا رۆڵی سەرۆک کۆمار وەک پارێزەری دەستوور بەکردەیی دەستنیشان بکرێت.

چونکە دوور لەمزایەدەی سیاسیی، هەرچەندە پۆستەکە دیبلۆماسییە، بەڵام ئەگەر سەرۆک کۆمار نەتوانێت وەکو کوردێک بەرگری لە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد بکات چۆن دەتوانێت بەرگری لەمافی تەواوی گەلانی عیراق بکات؟ گەشبینی ئێمە ڕادەبەدەرە کە کاندیدی نوێی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، دوای دەرچوونی، دەتوانێت تابۆکان بشکێنێت و ڕەهەندێکی کرداری بداتە پۆستەکە، چونکە سەرۆکەکانی ڕابردووی عیراق لەبەردەم فشارەکاندا ملیان لە بێدەنگی دەنا و بەو پاساوەی، کە ڕۆڵی سەرۆک کۆمار تەنها ڕۆڵێکی تەشریفییە هیچ هەڵۆیستێکی کرداریان لێ بەدی نەدەکرا.

گۆڕانکاری لەم تابۆیەدا دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی گەورە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئایا پۆستەکە دەکرێتە ئامرازێک بۆ پاراستنی دەستوور و مافەکان، یان وەک ڕابردوو تەنها بە پاساوی بێدەسەڵاتی کاتی پێ دەکوژن. دواجا.. دیدگەی پارتی ئەوەمان پێ دەڵێت، کە پێگەی کورد لە بەغدا دەبێت پێگەیەکی بڕیاردەر و کاریگەر بێت نەک پاشکۆ، بۆیە کاندیدی ئەمجارە ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە سەرۆک کۆمار دەتوانێت ببێتە قەڵایەک بۆ بەرگریکردن لە شایستە دارایی و سیاسییەکانی خەڵکی کوردستان.

لە دەرنجامدا بە پێی نەریتی سیاسیی، ئەرکی کاندیدی سەرکەوتوو، ئەگەر کورد بێت لەسەر ناوی هەر هێزێکی کوردی بێت، گرنگە بۆ نەتەوەی کورد تەنها بۆ بردنەوەی پۆستەکە نەبێت، بەڵکو بەرجەستەکردنی ڕاستەقینەی چەسپاندنی فیدرالییەت و کۆتاییهێنان بێتخبەو بێدەنگییەی، کە ساڵانێکی دوورو درێژە بەرامبەر پێشێلکارییە دەستوورییەکان پەیڕەو دەکرێت.