خەبات: عامر فەرحان:- لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ سەوزکردن و پاراستنی سرووشتی کوردستان، دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست، لەگوندی هاواری کاکەیینشینی سەربە پارێزگای هەڵەبجە، هەڵمەتێکی نەمام ناشتن بەڕێوەچوو، کە زیاتر له 2000 نەمام بەدرێژای چوار کیلومەتر لەسەر ڕێگای گوندەکە چێنرا، بەسەوزبون و گەورەبوونی ئەم نەمامانە سرووشتی ناوچەکە جوانتر دەبێت و ژینگەیەکی تەندروستیش دابین دەکات.
عاسی فایەق سەرپەرشتیاری هەڵمەتی ناشتنی نەمام لەگوندی هاوار لە لێدوانێکدا تایبەت بەخەباتی ڕاگەیاند: هەڵمەتی نەمامناشتن لەگوندی هاوار ماوەی یەک ڕۆژ بەردەوام بوو، بە بەشداری نوێنەرایەتی پارێزگای هەڵەبجەو قایمقامی هەڵەبجە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان و ئافرەتانی گوندی هاواری کاکەیینشین، کەتوانرا زیاتر لە 2000 نەمام بچێنرێت، نەمامەکانیش لەجۆری توو و سنەوبەر بوون، گوتیشی: دابینکردنی نەمامەکان و هەڵکەندنی چاڵەکانیان لەلایەن دکتۆر توانا نەجەف بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێم دابینکرابوون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: گوندی هاواری کاکەیینشین بەوە ناسراون زۆر دۆستی ژینگەن، دانیشتوانەکەی سەرقاڵی کاری باخدارین، بۆیە ڕێگای گوندەکە بەدرێژایی چوار کیلۆ مەتر درەختی تێدانەبوو یان زۆر کەمبوون، بۆیە ئامانجی ئەم هەڵمەتی نەمامناشتنە پارێزگاریکردنە لە سرووشتی ناوچەکەو سەوزکردن و دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروستە بۆ نەوەی داهاتوو.
عاسی فایەق ئەوەشی بۆ خەبات ڕوونکردەوە: لەدوای قۆناغی ناشتنی نەمامەکان بە سوپاسەوە پارێزگای هەڵەبجە تەنکەرێکی ئاوی بۆ دابینکردووەکە ئاوی درەختەکان بدات و هەروەها لەلایەن دانیشتوانی گوندەکەی خۆشمانەوە پارێزگاریان لێ دەکرێت و خزمەتی درەختەکان دەکرێت تا گەورەدەبن و سەوز دەبن، كە بێگومان بەسەوزبوون و گەورەبوونی ئەم نەمامانە دیمەنێکی جوانتر و ئاو و هەوایەکی سازگارتر دەبەخشێت بەناوچەکەمان، بۆیە داواکارم لە هاووڵاتیان ئەوەندەی لەتوانیاندا هەیە نەمام بڕوێنن و پارێزگاری لەو نەمام و درەختانە بکەن کەچێنراون، تا سرووشتی کوردستان کە ماڵی گەورەی هەموومانە بەسەوز و جوانی بهێڵینەوە.