خەبات: تریفە ئازاد:- لە ناوجەرگەی شارە قەرەباڵغەکانی هەرێمی کوردستاندا، بۆ زیاتر لە دوو دەیە، دەنگی بەرز و دووکەڵی ڕەشی موەلیدە ئەهلییەکان ببوونە هۆكارێكی مەترسیداری پیسكردنی ژینگە. ئەم سیستمە کە وەک چارەسەرێکی کاتی بۆ قەیرانی کارەبا سەریهەڵدابوو، بەڵام زۆر درێژەی كێشا و بووە قەیرانێکی گەورەتر، قەیرانێکی ژینگەیی و تەندروستی کە هەڕەشەی لە ئاسایش و کوالێتی ژیانی دانیشتووان دەکرد، بەڵام لەگەڵ جێبەجێکردنی «پرۆژەی ڕووناکی» و دابینکردنی کارەبای نیشتمانیی بەشێوەیەکی بەردەوام، خەریکە ژینگەی كوردستان بەتەواوی دەگۆڕێت.

کوژانەوەی هەزاران مۆلیدەی ئەهلی تەنیا کۆتایی بە ژاوەژاوێکی بێزارکەر نەهێنا، بەڵکو دەرگایەکی نوێی بەڕووی ژینگەیەکی پاکتر و تەندروستتردا کردەوە. کۆتایی سەردەمی مۆلیدەکان ئاماری پەیمانگەی وزەی عێراقی باسی لەوە كردووە كە لە سەرتاسەری عیراقدا چوار ملیۆن و نیو موەلیدە بە قەبارەی بچووك و مامناوەند و گەورە هەیە، لەم ژمارەیەشدا بەشیكیان لە هەرێمی كوردستانن.

پێش دەستپێکردنی پرۆژەی ڕووناکی و دانانی پێوەری زیرەک، بەپێی ئامارە نافەرمییەکانی وەزارەتی کارەبا و دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 20 هەزارمۆلیدەی ئەهلی بە قەبارەی جیاواز لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمدا کاریان دەکرد.

ئەم ژمارەیەش بە واتای هەبوونی 20 هەزار کارگەی پیسکردنی هەوا دەهات، کە بەشێوەیەکی ڕۆژانە ژەهریان دەڕشتە نێو سییەکانی دانیشتووانەوە. لەگەڵ سەرکەوتنی قۆناغەکانی پرۆژەی ڕووناکی، بەتایبەت لە شارە گەورەکانی وەک هەولێر، سلێمانی و دهۆک، پرۆسەی کوژانەوە و لابردنی ئەم مۆلیدانە دەستیپێکرد. بەپێی نوێترین داتاکانی بەردەست لە سەرچاوە حکومییەکان، لە شاری هەولێر زیاتر لە پێنج هەزار مۆلیدەی گەڕەکەکان لەکارکەوتوون یان بەشێوەیەکی بەرچاو کارکردنیان کەمبووەتەوە.

لە پارێزگای سلێمانی، ڕێژەی کوژانەوەی مۆلیدەکان گەیشتووەتە نزیکەی 80% لەو گەڕەکانەی کە سیستەمی پێوەری زیرەکیان بۆ دانراوە. بەگشتی، مەزەندە دەکرێت لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 18 هەزار موەلیدەی ئەهلی لە کارکردن وەستاوبن.

کەمبوونەوەی گازە ژەهراوییەکان و کاریگەرییە ژینگەییەکان زیانی موەلیدە ئەهلییەکان تەنیا لە دووکەڵە ڕەشەکەیدا کورت نابێتەوە، بەڵکو لە کۆمەڵێک گازی ژەهراوی و تەنۆلکەی مەترسیدار پێکدێت کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ و ژینگە هەیە. بە پشت بەستن بە لێکۆڵینەوە ژینگەییەکان، پسپۆڕانی ژینگە مەزەندەی دەکەن کە ساڵانە بڕی دەرهاویشتنی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە هەرێمی کوردستان نزیكەی یەك ملیۆن و نیو تەن بووەو ئەم بڕەش بە كوژانەوەی موەلیدەكان سفر بووەتەوە، كە یەکسانە بە كوژاندنەوەی 300 هەزار ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان بۆ ماوەی ساڵێك.

بەپێی ڕاپۆرتێکی سەرەتایی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، پێوانەکانی کوالێتی هەوا لە ناوچە قەرەباڵغەکانی شارە گەورەکاندا باشبوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. ڕێژەی گۆگرد و قورقوشم کە هۆکاری سەرەکیی نەخۆشییەکانی هەناسەدان و شێرپەنجەی سییەكانن، بە ڕێژەی نزیکەی 15% بۆ 20% کەمیکردووە لەو ناوچانەی کە پێشتر چڕی موەلیدەکانیان بەرز بووە، ئێستا، دوای پرۆژەی ڕووناکی، ئارامییەکی بەرچاو بەسەر گەڕەک و کۆڵانەکاندا هاتووە. بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی کە لەلایەن چەند ڕێکخراوێکی ژینگەیی ناوخۆییەوە ئەنجامدراوە، ئاستی ژاوەژاو لە گەڕەکە نیشتەجێبووەکاندا بە ڕێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە. ئەمە گۆڕانکارییەکی گرنگە لە کوالێتی ژیاندا، هاووڵاتیان ئێستا دەتوانن لە ژینگەیەکی ئارامتردا بحەوێنەوە، منداڵان دەتوانن بەبێ دەنگی بێزارکەری مۆلیدە یاری بکەن و بخوێنن، و بە گشتی ئاستی ئاسوودەیی کۆمەڵایەتی بەرزبووەتەوە.

كەمكردنەوەی بەفیڕۆدانی سووتەمەنی هاوكات سەرکەوتنی پرۆژەی ڕووناکی تەنیا چارەسەرێک نییە بۆ ڕابردوو، بەڵکو بناغەیەکە بۆ داهاتوویەکی پاكتری ژینگەیی. بە لابردنی یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی پیسبوون، ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیان دەتوانن تەرکیز بخەنە سەر هەنگاوە ستراتیژییەکانی داهاتوو، کارەبای 24 کاتژمێری، كە بەرهەمی پرۆژەی رووناكییە گۆڕانکارییەكی بەرچاوە و باشترین دەرفەتە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ژینگەیی لەناو کۆمەڵگەدا.

کاتێک هاووڵاتیان جیاوازی نێوان ژینگەی دوێنێ و ئەمڕۆ دەبینن، زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن هەروەهاش بۆ پاشەکەوتی ئابووری و سوودوەرگرتن لەو ملیۆنان دۆلارەی کە پێشتر مانگانە بۆ کڕینی سووتەمەنی مۆلیدەکان خەرج دەکرا، ئێستا دەتوانرێت لە پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ژینگەیی تردا بەگەڕبخرێت، وەک فراوانکردنی ڕووبەری سەوزایی و دروستکردنی پارکی گشتی، پرۆژەی ڕووناکی سەلماندی کە بە چارەسەرکردنی کێشەیەكی وەك كیشەی كارەبا، دەتوانرێت چەندین كیشەی دیكەش چارەسەر بكات، وەك بەفیڕۆدانی سووتەمەنی و پیسبوونی ژینگە و كەمكردنەوەی دەنگ و ژاوەژاو، كە دواجار هەموو ئەوانە دەبنەوە ژێرخانێكی گرنگ بۆ داهاتوویەكی باشتر و تەندروستتر.