سهرهتا وتار مەلا مستەفا بارزانی و پەیوەندیی کورد و فەڕەنسا
توانا تەھا
لە بەڵگەنامەیەکی پڕ بەھا دا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شوباتی ساڵی ١٩٦٨، مەلا مستەفا بارزانی رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی کورد، لە پەیامێکدا بۆ شارڵ دیگۆل، سەرۆکی ئەو کاتی فەڕەنسا، وێڕای ستایشکردنی رۆڵی مێژوویی ناوبراو لە ئازادکردنی گەلاندا، دەڵێت: “ئێمە لە شەڕکردن بۆ مانەوەی نەتەوەکەمان تەنیاین، فەڕەنسا یەکەمین و تاکە ھیوای ئێمەیە”.
ئەم نامەیە لە ساتەوەختێکی ھەستیاری مێژوویی بزووتنەوەی کورد دا، ئاراستەی سەرۆکی فەڕەنسا کراوە و نامەکە ھەڵگری پەیامی نەتەوەیەکە، کە لە پێناو مانەوە و ئازادیدا دەجەنگێت و رووی لە سیمبولی ئازادیی ئەوروپا کردووە.
لە دەستپێکی نامەکەدا، مەلا مستەفا بارزانی، بە زمانێکی دیپلۆماسیی بەرز و پڕ لە رێز، خۆی وەک “پیاوێکی بە تەمەن، کە تەمەنی لە پێناو شکۆ و ئازادیی گەلەکەیدا تەرخان کردووە” دەناسێنێت و شارڵ دیگۆل – یش وەک “مەزنترین جەنگاوەر و رزگارکەری فەڕەنسا” ناودەبات، بایەخی ئەو نامە مێژووییەی مەلا مستەفا بارزانی، (١٩٠٣-١٩٧٩)، تەنیا لە ئەرشیڤی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا پارێزراو نەمایەوە، بەڵکو بووە بەڵگەیەکی بە بایەخ و دەگمەن لە مێژووی خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی گەلی کورد دا.
ئەم نامەیە، کە لە دوایین سەردانی لە لایەن ژان نۆیل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا درایەوە بە سەرۆک بارزانی، نیشانەیەکی روونە لە قووڵی دنیابینینی مەلا مستەفا بارزانی، دنیابینینێک کە تێیدا خەبات تەنیا لە چوارچێوەی چەک و شەڕدا سنووردار نەبووە، بەڵکو بە ھاوکاری سیاسی، دیپلۆماسی و پەیوەندیی نێودەوڵەتی گەورەتر دەبێت. مەلا مستەفا بارزانی، وەک ژەنەڕالێک لە شاخەکانی کوردستانەوە ھەتا ناوەندە بڕیار بەدەستەکانی جیھان، خەباتی کرد بۆ سەرخستنی دۆزی رەوای گەلی کورد.
باوەڕی بەھێزی بەوە ھەبوو، کە سەرکەوتن لە شەڕدا تەنیا بە ھێزی چەک نایەتەدی، بەڵکو بە ھێزی بیر، دیالۆگ و ناساندنی راستییەکان بە جیھانیش پێویستە. نامەکە وەک بەڵگەیەکی سیاسیی و مێژوویی، سەلمێنەری ئەوەیە کە مەلا مستەفا بارزانی، تەنیا سنوورە جۆگرافییەکانی نەبڕیوە بە پێی شەڕ، بەڵکو بە ھێزی دیپلۆماسی و ھۆشیاری سیاسیی، گەیشتووەتە ناوەندی بڕیار و بووەتە دەنگی گەلی کورد لە لایەن سەرکردە گەورەکانی جیھان.
لەھەمان کاتدا، ئەم نامەیە بەڵگەیەکی روونە لەسەر پەیوەندی و دۆستایەتیی لە مێژینەی نێوان گەلی کوردستان و گەلی فەڕەنسا، پەیوەندییەک کە لە بنەمای رێز، تێگەیشتن و ھاوکاریی ھاوبەش دروست بووە، نە لەسەر بەرژەوەندی کاتی. مەلا مستەفا بارزانی، بە تەنیا داوای پشتگیری سیاسیی نەکردووە، بەڵکو ھەوڵی داوە کە راستی پرسی کورد، وەک دۆزێکی مرۆڤایەتی و دادپەروەری، بە جیھان بناسێنرێت. ئەو خەمی گەلی خۆی بوو، خەمێک کە ٥٨ ساڵ پێش ھەنووکە و بگرە زۆر زیاتریش خەباتی بۆ کردووە، ئەم دنیابینینە قووڵە، وایکردووە مەلا مستەفا بارزانی، وەک سەرکردەیەکی جیھانی بناسرێت، ئەو پێش زۆرێک لە سەرکردەکان، لە گرنگی دیپلۆماسی و پەیوەندیی دەرەوە تێبگەن، ئەم رێگایەی ھەڵبژاردبوو.
ئێستا کاتێک ئەم بەڵگە مێژووییە دەدرێتەوە بە سەرۆک بارزانی، تەنیا وەک گواستنەوەی پەڕەیەک نییە، بەڵکو گواستنەوەی ئەمانەتێکی مێژووییە، ئەمانەتێک کە پەیوەندی بە خەبات، خەمخۆری و رێبازێکی نەتەوەییەوە ھەیە، ئەویش مەلا مستەفا بارزانی رابەرایەتی کردووە. لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆک بارزانی، لەسەر ھێڵە مێژووییەکەی مەلا مستەفا بارزانی دەڕوات؛ ھێڵێک کە لەسەر بنەمای ئاشتی، یەکگرتووەیی ناوخۆیی، پەیوەندی بەھێز لەگەڵ جیھان دامەزراوە. ئەو بە ھەڵوێستەکان و ھەنگاوەکانی، ھەوڵ دەدات کە پرسی کورد ھێشتا وەک پرسێکی نێودەوڵەتی لە گۆڕەپانی سیاسیی جیھاندا بەردەوام بێت، تەنیایی کورد و ھۆشداریی مەلا مستەفا بارزانی لە پڕچەککردنی عێراق و لە بەشێکی گرنگی نامەکەدا، مەلا مستەفا بارزانی، وێنەیەکی تراژیدی لە دۆخی نێودەوڵەتی کورد دەخاتەڕوو، کاتێک باس لە تەنیایی نەتەوەی کورد دەکات لە ناو شەڕی مانەوەدا، لە کاتێکدا نە نەتەوەیەکگرتووەکان و نە زلھێزەکان پشتگیرییان نەکردووە بە پێچەوانەوە ھێزە گەورەکان لە کێبڕکێدا بوون بۆ پڕچەککردنی عێراق، بە مەبەستی لاوازکردن و وێرانکردنی کوردستان.
لە ھەمان چوارچێوەدا، مەلا مستەفا ھۆشدارییەکی سیاسیی و ئەخلاقیی ئاراستەی فەڕەنسا دەکات، کاتێک دەڵێت پێدانی چەک بە عێراق، بێ چارەسەری کێشەی کورد، تەنیا دەبێتە ھۆی زیادبوونی خوێنڕێژی و کوشتنی خەڵکی سڤیل و بێ گوناھ، تایبەت بە ئافرەتان و منداڵان. ئەم ھۆشدارییە نیشانەیەکی روونی تێگەیشتنی قووڵە، کە سیاسەتی چەکفرۆشی و بەرژەوەندی کاتی، دەتوانێت ببێتە ھۆی قەیرانی مرۆڤایەتی و نەتەوەیی. کاتێک دۆزی کورد دەبێتە پرسیاری مرۆیی، رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد ئاماژە بەوە دەکات، کە دیگۆل، وەک کەسایەتییەک کە بیرۆکەی “مافی چارەی خۆنووسین”ـی چەسپاندووە و دژی ھەموو جۆرە سەرکوتکارییەک، دەتوانێت باشتر لە ھەموو کەسێک لە ئازار و خەباتی شەش ساڵەی کورد تێبگات لە چیاکان دا. یەکێک لە خاڵە ھەرە بەھێزەکانی نامەکە، بەکارھێنانی کارتێکی زیرەکانەی دیپلۆماسییە لە لایەن مەلا مستەفا بارزانییەوە.
بارزانی بە بیری دیگۆل دەھێنێتەوە، کە چۆن سەرکۆنەی جەنگی ڤێتنامی کردووە. داوای لێ دەکات بە ھەمان پێوەر سەیری دۆزی کورد بکات. مەلا مستەفا بارزانی، بە زیرەکییەکی دیپلۆماسیی نایاب، ھەستی مێژوویی و مرۆیی دیگۆل ھەژمار دەکات و دۆزی کورد بە چارەنووسی ڤێتنام گرێدەدات، بۆ ئەوەی نیشانی بدات ئەو خەباتەی کوردیش شایستەی ھەمان پشتیوانی، ھاوسۆزی و دادپەروەرییە. ئەم رێبازە، دڵنیاکردنەوەیەکی زیرەکانەیە کە بارزانی بەھۆیەوە دۆزی کورد دەھێنێتە ناو ویژدانی نێودەوڵەتی.
فەڕەنسا وەکو پەناگەیەکی ھیوا و ئاشتی لە کۆتایی نامەکەدا، مەلا مستەفا بارزانی، بە بەکارھێنانی دەقێکی پیرۆزی قورئان، رەھەندێکی رۆحی و ئەخلاقی بە پەیوەندییەکە دەبەخشێت، فەڕەنسا و سەرۆکی ئەوکاتی وڵات، شارڵ دیگۆل، وەک پەناگەی ھیوا و ئاشتی دەناسێنێت. ئەو جەخت دەکاتەوە، کە کورد لە ناو تەنیایی و گەمارۆی سیاسیی و سەربازیدا، ھێشتا ھیوایان بە بەھا مرۆڤایەتی و دادپەروەری نێودەوڵەتییەکان ھەیە، ئەم بەشەی نامەکە نیشان دەدات کە مەلا مستەفا بارزانی، تەنیا داوای پشتگیری سەربازی نەکردووە، بەڵکو ھەوڵی داوە پشتیوانییەکی ئەخلاقی، سیاسیی و مرۆڤایەتی بۆ پرسی کورد بەدەست بھێنێت، لە سەردەمێکدا، کە کورد لەژێر گەمارۆیەکی سەختی سەربازی و سیاسییدا بووە.