کورد و سووریا.. ساتەوەختی کایەی دیپلۆماسی هەمەلایەنە

148

د.مەجید ساڵح

لەم ڕۆژانە رۆژئاوای کوردستان بە ساتەوەختێکی یەکلاکەرەوە و چارەنووسسازدا تێپەردەبێ، ساتەوەختێک کە تێدا تەنیا هاوسەنگیی هێزی سەربازیی تاقی ناکرێتەوە، بەڵکوو پێگەیشتنی پڕۆژەی سیاسیی کورد و توانای گۆڕانی لە «ئەمری واقیع»ێکی سەردەمی شەڕەوە بۆ «حەقیقەتێکی سیاسی» دانپیادا نراو.

لە نێوان ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگ لە گەڵ ڕژێمی سووریا و ژاوەژاوی لێکتێگەیشتنە ئەمنییە لەرزۆکەکاندا، کورد لە بەردەم وەرچەرخانێکی چارەنووسسازدایە کە هیچ هەڵەیەک هەڵناگرێت. ئەگەر هەر پێکدادانێکی سەربازیی بەرفراوان ڕوو بدات، دووبارەکردنەوەی کارەساتێکی دیکەی مرۆییە و هاووڵاتییانی سڤیل باجەکەی دەدەن و جگە لەوە لەم هەلومەرجەدا کە رۆژئاوا و وڵاتانی ئیقلیمی بە هەموو توانایەکیانەوە پشتیوانی لە ئەحمەد ئەلشەرع دەکەن، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو باڵانسە سیاسیەی کورد کە لە ساڵانی شەڕی دژ بە داعشدا بەدەست هێناوە.

هاوکات لەم دۆخەدا چوونە ناو هەر جەنگێکی سیاسی یان سەربازیی تاکلایەنە لە گۆڕەپانێکی ئاڵۆزی وەک سووریادا، کە بەڕووی دەستێوەردانی نێودەوڵەتی و هەرێمیدا کراوەیە، قومارێکە دەرئەنجامەکەی روون نییە. لێرەدا دیپلۆماسیەت عاقڵانیترین بژاردە. ئەمڕۆ دیپلۆماسیەت بۆ کورد کات بەسەربردنێکی سیاسی یان مانۆڕێکی کاتیی و تاکتیکی نییە، بەڵکوو پێویستییەکی حەیاتییە بۆ مانەوە. بەڵام سەرکەوتنی ئەم دیپلۆماسییە گرێدراوە بەوەی لە ئامرازەکانیدا دەستپێشخەر، فرەڕەهەند بێت و لە ئامانجەکانیدا واقیعبین و بوێر بێت.

تەوەرەی یەکەم: دانوستانی لەگەڵ دەیمەشق دانوستان لەگەڵ دەیمەشق وەک هەستیارترین و بەپەلەترین ڕێگای چارەسەر دەمێنێتەوە. پێویستە لە لۆژیکی «کێبڕکێی سەربازیی کاتی» بەرەو بونیادنانی شەراکەتێکی سیاسی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشێ تێپەڕێندرێت.

ئەو دەستکەوتانەی لەسەر زەوی بەدەست هاتوون (چ کارگێڕی یان ئەمنی) نابێت وەک ئەمری واقیعێکی کاتی بمێننەوە، بەڵکوو دەبێت بگۆڕدرێن بۆ گەرەنتی دەستووریی ڕوون بۆ ئەوەی پرسی کورد بخاتە نێو جەرگەی ناسنامەی سووریای نوێوە.

لێرەدا مەبەست تەنیا ڕاگرتنی تەقە یان ڕێککەوتنی ئەمنی نییە، بەڵکوو دانپێدانانی ڕاشکاوە بە مافە کولتووری و زمانەوانییەکان، و دۆزینەوەی مۆدێلێکی حوکمڕانیی نامەرکەزیی ڕاستەقینە بە دەسەڵاتی کارگێڕی، ئابووری و ئەمنییەوە لە چوارچێوەی سوریایەکی دیموکراتدا.

بەهۆی باڵادەستی تورکیا و وڵاتانی عەرەبی بەسەر دەسەڵاتدارانی دیمەشقەوە، ئەم ڕێگایە پڕە لە گیروگرفت و پێویستی بە وردی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵام تێچووی زۆر کەمترە لە سیناریۆی سڕینەوەی تەواوەتی یان جینۆسایدی سیاسی کە لە ناو بەشی هەرەزۆری ڕەوتە باڵادەستەکانی ئێستای سوریادا کاری بۆ دەکرێت.

تەوەرەی دووەم: گەرەنتییە نێودەوڵەتییەکان لە رابردوودا کورد یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی شەڕی جیهانی دژ بە داعش بوو، لەوپێناوەشدا باجێکی مرۆیی و سیاسیی گەورەی دا. بەڵام دەکرێ لە بواری دیپلۆماسیدا ئەمە وەبەرهێنانی تێدا بکرێت، ئەم «وەبەرهێنانە» نابێت بەفیڕۆ بچێت. پێویستە دیپلۆماسییەکی گوشارکار پەیڕەو بکرێت بۆ گۆڕینی ئەو شەراکەتە سەربازییەی ڕابردوو لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ پابەندبوونێکی سیاسی و ئەمنیی نووسراو، بە تایبەتی کە فەرەنسا لەمەدا پێشەنگە و ئامادەیی زیاتری تێدایە.

پێویستە دیپلۆماسیی کوردی بەرپرسیارێتییە ئەخلاقی و سیاسییەکانی واشنتۆن و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا وەبیر بهێنێتەوە و هەر کشانەوەیەک یان دووبارە جێگیربوونەوەیەک بە گەرەنتیی ڕوونەوە گرێ بدات.

لە هەمان کاتدا، نابێت مۆسکۆ وەک کارەکتەرە هەرە کاریگەرەکەی گۆڕەپانی سووریا پشتگوێ بخرێت. کردنەوەی کەناڵی جددی لەگەڵ ڕووسیا و بەستنەوەی هەر چارەسەرێکی سیاسی بە پاراستنی «بەڕێوەبەریی خۆسەر» کارێکی حەتمییە. هەروەها یەکێتی ئەورووپاش لە ڕێگەی ئامرازە مرۆیی و مافپەروەرییەکانیەوە دەتوانێت ببێتە تۆڕێکی ئارامیی زیادە.

تەوەرەی سێیەم: تێپەڕاندنی بەربەستە هەرێمییەکان بە هۆی دابەشبوونی کوردستان بەسەر چەند دەوڵەتێکی ناوچەکە، بە درێژایی سەد ساڵی رابردوو ژینگەی هەرێمی قورسترین تەحەدا بووە بۆ کورد؛ سەرکردەکانی کورد لە جوگرافیایەکدا سیاسەت دەکەن بەزەیی تێدا نییە. تورکیا، سەرەڕای دوژمنایەتییە ڕاگەیەندراوەکەی بۆ پڕۆژەی کوردی لە سووریا، بەڵام تەنیا یەک کوتلەیەکی ڕەق نییە، بەڵکوو لە ناوخۆیدا هاوسەنگیی سیاسی و ئابووری شلۆق و گۆڕاوی هەیە. کردنەوەی گفتوگۆیەکی تەکنیکیی لە ئاستی خوارەوەدا، کە جەخت لەسەر مەترسییە ئەمنییە هاوبەشەکان و کۆنترۆڵی سنوورەکان بکاتەوە، ڕەنگە قەیرانەکە چارەسەر نەکات، بەڵام ڕێگری لە تەقینەوەی دۆخەکە دەکات، لەم چوارچێوەیەدا، سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵی نێوەندگیر یان پردێک بگێڕێت، نەک تەنیا لەگەڵ ئەنقەرە، بەڵکوو لەگەڵ تاران-یش کە خاوەن هەژموونێکی قووڵە لە ناوچەکە.

دیپلۆماسی لێرەدا بە واتای کۆتاییهێنان بە دوژمنایەتییەکان نایەت، بەڵکوو بە واتای بەڕێوەبردنیان دێت بە عەقڵانییەتێک کە زیانەکان کەم بکاتەوە. تەوەرەی چوارەم: هاوپەیمانییە ناوخۆییەکان هیچ پڕۆژەیەکی کوردی سەرکەوتوو نابێت ئەگەر لە دەوروبەرە سوورییەکەی دابڕاو بێت.

بەهێزکردنی شەراکەتی ڕاستەقینە لەگەڵ پێکهاتە عەرەب، سریانی و تورکمانەکان لە ناوچەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر، و پەرەپێدانی مۆدێلێکی حوکمڕانیی موشاریک (نەک تەنیا شکڵی)، شەرعییەتێکی نیشتمانیی وەها بە پڕۆژەکە دەبەخشێت کە کەس نەتوانێت نادیدەی بگرێت. هەروەها دووبارە بونیادنانەوەی پردەکان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی سووریا لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی دیموکراتیی نامەرکەزی، گوتاری «رق و دووبەرەکی» پووچەڵ دەکاتەوە.

تەوەرەی پێنجەم: یەکخستنی ماڵی کورد ئەزمونی هەموو پارچەکانی کوردستان دەری خستووە، هیچ دیپلۆماسییەکی کوردی ناتوانێت کاریگەر بێت لە سایەی دابەشبوونی سیاسی و پەرتەوازەییدا. یەکخستنی گوتاری کوردی لە نێوان خۆسەر و ئەنەکەسە، یان لانیکەم هەماهەنگی لە هەڵوێستەکانیاندا، مەرجی سەرەکیی سەرکەوتنە. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مامەڵەی جددی لەگەڵ لایەنی ناکۆک و دژبەیەکەکان ناکات و دەیمەشقیش شارەزایە لە وەبەرهێنان لەم دابەشبوونانەدا.

تەوەرەی شەشەم: دیپلۆماسیی میدیایی و یاسایی لە پاڵ دانوستانی سیاسیدا، دەبێت دیپلۆماسیی میدیایی و یاسایی کارا بکرێت: قسەکردن بۆ ڕای گشتیی جیهان، دۆکیۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکان، بەکارهێنانی میکانیزمەکانی یاسای نێودەوڵەتی و دۆسیەکانی مافی مرۆڤ، و گۆڕینی پرسی کورد لە «دۆسیەیەکی ئەمنی»یەوە بۆ «دۆسیەیەکی سیاسی-یاسایی» خاوەن ڕەهەندی ڕوون، بژاردەکان قورسن و کاتیش خەریکە تەواو دەبێت.

مەترسیی گەورە لە سازشکردندا نییە، بەڵکوو لە چەقبەستوویی یان پشتبەستنی ڕەها بە تەنیا یەک هاوپەیماندایە. ئەم ساتە پڕ لە مەترسییە، ڕەنگە دوا هەلی مێژوویی بێت بۆ گۆڕینی دەستکەوتەکانی ساڵانی خەبات بۆ قەوارەیەکی سیاسیی دانپێدانراو و بەردەوام.

خەبات لەپێناو مافەکاندا هەمیشە لە مەیدانی جەنگدا نییە، بەڵکوو هەندێکجار لەسەر مێزی دانوستان، لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەسەر سەکۆکانی میدیای جیهانی دایە. کورد ئەمڕۆ لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی ڕاستەقینەدایە: تاقیکردنەوەی دیپلۆماسی، نەک تەنیا چەک.