شێخ ستار عەواڵانی
لە کۆنگرەی تەندروستی میزۆپۆتامیا لە هەولێری پایتەخت، لە5ی2ی2026 سەرۆك بارزانی جارێکی دیکە ئەوەی بۆ دۆست و دوژمن سەلماند کە پاراستنی ژیان و شکۆی مرۆڤی کورد، لای ئەو لە سەرووی هەمووبەرژەوەندییەکانەوەیە. سەرۆک لەم گوتارەدا وەک هەمیشە بە لۆژیکێکی نیشتمانیی قووڵ و بڕوابەخۆبوونێکی پۆڵایینەوە قسەی کرد، کە تەنها پزیشکان نا، بەڵکو دڵی هەموو تاکێکی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان گەرم کردەوە. گوتاری سەرۆک بارزانی نەخشەڕێگەیەکی ڕوون بوو بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ناو جەرگەی ئەو تەنگژە و مەترسییانەی دەوری ناوچەکەیان داوە.
سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان، سەرۆک بارزانی بە هەڵوێستێکی نەتەوەیی بەرزەوە تیشکی خستە سەر ئەو کارەساتەی کە خەریک بوو ڕوو بدات. جەنابیان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە هۆشداری دا لە مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان دوو نەتەوە، چونکە لای جەنابی سەرۆک شەڕی کورد هەمیشە دژی ستەمکار بووە نەک گەلانی دیکە.
ئەوەی سەرۆک بۆ ڕێگریکردن لەو کارەساتە و کوژاندنەوەی ئاگری شەڕ ئەنجامی دا، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە ئەو هەمیشە چەتری کۆکەرەوەی سەرجەم خەڵکی کوردستان و پارێزەری خوێنی شەهیدانە ئەم هەڵوێستە وانەیەکی سیاسی بوو لەوەی چۆن دەبێت لە کاتی تەنگانەدا بە عەقڵ و ئیرادەوە بڕیار بدرێت بۆ پاراستنی خاک و خەڵک. لە چەقی پەیامە سیاسییەکەیدا، سەرۆک بارزانی بنەمایەکی بۆ داهاتووی کوردستان چەسپاند: “ئێمە نابێت بیر لە شەڕ بکەینەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆرداریی کەسیش قبووڵ ناکەین.
”ئەم ڕستەیە تهواوی فەلسەفەی سیاسیی ڕێبازی بارزانی لە خۆ دەگرێت. جەنابیان دووپاتی کردەوە کە کورد گەلێکی ئاشتیخوازە و دەستی برایەتی بۆ هەمووان درێژ دەکات، بەڵام هەرگیز ڕێگە نادات هیچ هێز و لایەنێک شکۆ و کەرامەتی نەتەوەییەکەی بڕوشێنێت. ئەمە پەیامێکی ڕوون و ڕاشکاو بوو بۆ هەموو ئەوانەی خەیاڵی لاوازکردنی کوردستانیان لەسەرە؛ کە ئیرادەی کورد بە هیچ هێزێک نالەرزێت و بەرگری لە مافەکانمان هێڵی سوورە.
جەنابی سەرۆک بارزانی بە شانازییەوە باسی لەو یەکڕیزییە بێوێنەیەی گەلی کورد کرد کە لە هەموو پارچەکان و لە تاراوگەش نیشان درا. ئەم یەکگرتووییە لای سەرۆک گەورەترین سەرکەوتنە، چونکە وەک جەنابیان فەرمووی، “ئەگەر بڕوامان بە خۆمان و بە دۆزی ڕەوای میللەتەکەمان هەبێت، جیهان حیسابمان بۆ دەکات و دۆستمان بۆ پەیدا دەبێت”.
ئەمە بانگەوازێک بوو بۆ هەموو کوردێک کە بە ئومێدەوە سەیری ئایندە بکات و دڵنیابێت کە بە هەبوونی سەرکردایەتییەکی حەکیمی وەک سەرۆک بارزانی، کوردستان لە هیچ بارو دۆخێک ناچەمێت. لە کۆتاییدا، گوتارەکەی سەرۆک بارزانی دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستییە بوو کە هەولێر ناوەندی بڕیاری نەتەوەیی و نیشتمانییە. چ لە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و چ لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە، سەرۆک بە زمانی دیالۆگ و عەقڵانییەت دەدوێت، بەڵام هەرگیز لەسەر مافە ڕەواکانمان سازش ناکات.
ئەمە ئەو سەرکردایەتییە پڕ لە شانازییەیە کە گەلی کورد و خەڵکی کوردستان پێویستییەتی؛ سەرکردەیەک کە لە کاتی ئاشتیدا ئاوەدانکەرەوەیە و لە کاتی تەنگانەشدا شاخێکی بەرزە بەرامبەر بە ستەم و زۆرداری، تا کوردستان بە سەربەرزی و شکۆمەندی بەرەو کەناری ئارامی ببات.