خەبات: شێروان مەلازادە:- لەگەڵ پێشکەوتنی سەردەم، شێواز و دیزاینی دوکان و بازاڕەکان بەردەوام لە گۆڕانکاریدان. بەڵام لە ناحیەی کۆڕێ، دوکانێکی کۆن هەیە کە زیاتر لە سی ساڵە وەک خۆی ماوەتەوە و بۆتە بەشێک لە یادەوەریی خەڵکی ناوچەکە. ئەم دوکانە کە لەمێژە شوێنی کۆبوونەوەی گەنجان و پیاوانی گوندەکە بووە، تا ئێستاش هەمان شێوازی دەرەوە و ناوەوەی خۆی پاراستووە؛ هەمان پلاک و دەرگا، سۆپای دار، کورسی و مێزە کۆنەکان و زۆرێک لە کەلوپەلەکانی تری وەک سی ساڵ لەمەوبەر ماونەتەوە.

یەعقووب حەمەدئەمین، خاوەنی دوکانەکە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٠ـە، بەم شێوەیە باس لە دوکانەکەی و یادگارییەکانی دەکات: ئەم دوکانەی ئێمە لە سەردەمی نەوەتەکان و پێشتریش، ناوەندی کۆبوونەوەی خەڵکی ئەم گوندە و گوندەکانی دەوروبەری بوو. شوێنێک بوو بۆ دابینکردنی پێداویستییە ڕۆژانەییەکان و لە هەمان کاتدا بۆ بەسەربردنی کات و دیداری یەکتر. بەتایبەت شەوانی زستان، بە قسەی خۆش و یارییە کوردەوارییەکان تا درەنگانێکی شەو پێکەوە دەماینەوە. دەشڵێت: من ڕۆژانە دێمە دوکانەکەم. ڕاستە ئێستا وەک جاران نییە و کردنەوەی مارکێتە نوێیەکان فرۆشی ئێمەی زۆر کەم کردووەتەوە، بەڵام ئەم دوکانە بۆتە شوێنێکی پڕ لە یادگاری.

هەرکەسێک سەردانی دەکات، یادگارییەکانی ڕابردووی بەبیر دێتەوە و دەڵێن: خۆزگە بەو ڕۆژانە، چەند بەخۆشی لێرە کۆدەبووینەوە، کاتێک سەیری کەلوپەلەکان، بنمیچ و سوچەکانی دوکانەکە دەکەن، بە خەیاڵ دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی گەنجییەتی و نوقمی یادگارییەکانیان دەبن.

یەعقووب حەمەدئەمین، خاوەنى دوکان