خەبات: یونس حەمەد – ئۆسلۆ:- دوای ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ڕۆژئاوای کوردستان، بەتایبەتی لە حەلەب، کۆبانێ و حەسەکە؛ کوردستانیان بە هەموو چین و توێژێکەوە، چ لە ناوەوە یان لە دەرەوەی کوردستاندا، بەیەکڕیزی و گوڕوتینی کوردانە شەقامیان کردبووە گۆڕەپانێک بۆ خۆپێشاندانی پاڵپشتی و هاوسۆزی بۆ ئەم بەشەی کوردستان. وەک کاردانەوەیەکی نەتەوەیی پاڵپشت بەرانبەر ڕووداوە تراژیدییەکان کە سەرەتای ئەمساڵ لە ڕۆژئاوادا ڕوویان دا، لە ماوەی ڕابردوودا ڕەوەندی کوردستانی بە خۆپێشاندان و گردبوونەوە بەردەوام بوون لە پاڵپشتی و پشتگیریی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان.

بۆ ئەم مەبەستە لە زۆربەی پایتەخت و شارەکاندا، لە کەشوهەوایەکی سارد و بەفراویدا؛ بەڵام بە هەڵوێستێکی گەرموگوڕی کوردانە؛ ناوەند و سەنتەرەکانی شار، مەیدان و شوێنی خۆپێشاندان و گردبوونەوەی جەماوەری بوون بۆ کوردانی ڕۆژئاوا بە بەشداریی هەزاران کەس لە کوردستانیانی دانیشتووی ئەورووپا؛ هاوشان لەگەڵ چەندین کەسایەتیی سیاسی و پەرلەمانتاران لە تاراوگە؛ کۆبوونەوەی جەماوەری بەڕێوە چوو.

ڕەوەندی کوردستانی بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و بە چڕینی سروودی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردانە زیاتر گوڕوتینیان دایە ئەو گردبوونەوە و خۆپێشاندانانە، وێڕای ڕەتکردنەوەی ڕووداوەکان و هێرش و کۆمەڵکوژیی کورد لە ڕۆژئاوادا. هەروەها خۆپێشاندەران دڵخۆشیی خۆیان دەردەبڕی بۆ یەکڕیزیی گەلی کورد. هەر لە گردبوونەوەکاندا لەلایەن کەسایەتییەکان، پەرلەمانتاران و جەماوەرەوە چەندین داواکارییان هەبوو، لەوانە پاڵپشتی و پارێزگاری لە گەلی کورد لە ڕۆژئاوا. لەم ڕووەوە چاودێران و کەسایەتییەکانی کورد لە ئەورووپا؛ بە خاڵێکی ئەرێنییەوە لەم هەنگاوەی ڕەوەندی کوردستانی دەڕوانن.

هەمیشە کورد پێویستی بەیەکڕیزی و تەبایی هەیە ڕەزڤان غازی؛ بەرپرسی ناوەندی نەرویژیی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لەم بارەیەوە دەڵێ: بێگومان هەمیشە کورد پێویستی بەیەکڕیزی و تەبایی هەیە، لەم سۆنگەیەوە ئێمە لە ناوەندی نەرویژی کۆنفیدراسیۆن ئامانجمان کۆکردنەوەی تەواوی کوردستانیانی دەرەوەی وڵاتە، زۆر کارمان لەم پێناوەدا کردووە، تا ڕادەیەکی باشیش ئەگەرچی کەم‌وکوڕی و کێماسیش هەبووە، بەڵام دواجار سەرکەوتوو بووین لەو ئەرکەمان. ئەمەش بە ماندووبوون و شەونخوونیی تەواوی دەستەی کارگێڕیی ناوەندەکەمان کە بە فەرمی لەلایەن حکومەتی نەرویژەوە ناسراوە.

ئەمەش دەرفەتێکی باشە کە زیاتر توانای ئەوەمان هەیە کارەکانمان ڕێکبخەین و هەوڵیش دەدەین ئەوانەی تا ئەمڕۆ لەناو ناوەندەکەمان نین؛ وەک برا لە نێوخۆماندا ڕێکیان بخەین و بیانکەینە ئەندام و هەموو بەیەکەوە لە چوارچێوەی یاساکانی وڵاتی نەرویژ؛ لە ژێر چەتری ڕەوەندی کوردستانی کار بکەین. بەپێی بنەما سەرەکییەکانی ڕێبازی بارزانی؛ بەر لە هەر شتێک ئێمە باوەڕمان بەیەکڕیزی و تەبایی و کوردایەتی هەیە؛ هەڵبەت لەسەر ئەو بنەمایانە هەنگاو دەنێین و کار دەکەین بۆ یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی لە نێو ڕەوەندی کورد لە تاراوگەدا.

هەروەها بە پاڵپشتیی لاوانی ڕەوەندی کورد بەگشتی؛ کە ڕۆڵێکی ئەرێنی و کاریگەریان هەبوو؛ بەتایبەت لە گردبوونەوەکانی پشتگیری لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئێمەی کورد توانیمان نموونەیەکی ئەرێنی نیشانی کۆمەڵگەی ئەورووپی بدەین، ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگە بۆ دۆزی کورد لە نێو وڵاتان و ڕای گشتیی کۆمەڵگەی ئەورووپا. ئەم خۆپێشاندانانە وەڵامێکی ئاشکران دژی توندوتیژی و پێشێلکارییەکان کە به‌رامبه‌ر کورد دەکرێن ڕەفعەت تاها میرانی، چالاکوان و چاودێری دیاری نێو کوردانی نەرویژ، ئاماژەی بە ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا کرد و گوتی: خۆپێشاندانەکانی ڕەوەندی کوردی لە ئەورووپا و ئەمریکا، دەنگی کوردە دژی دەستدرێژییەکانی سوپای سووریای عەرەبی و گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان لە ڕۆژئاوای کوردستاندا.

ئەم خۆپێشاندان و پاڵپشتییەی ڕەوەندی کورد بۆ ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا؛ وەڵام و ناڕەزایەتیی ئاشکران دژی توندوتیژی و پێشێلکارییەکان کە لەلایەن سوپای سووریای عەرەبی و هێزە هاوپەیمانە توندڕەوە ئیسلامییە بیانییەکان به‌رامبه‌ر هاوڵاتیانی سڤیل و هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام دەدرێن. ڕەوەندی کوردی، لە هۆڵەندا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، سوێد، نەرویژ، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەدا، بە گوڕوتینێکی گەرمەوە؛ پڕ لە جۆش و خرۆش لە کەشوهەوایەکی یەکجار ساردا؛ بە ئاڵاکانی کوردستان گۆڕەپانەکانیان گەرم کرد و بە وتارە ئاشتیخوازانەکەیان جیهانیان ئاگادار کردەوە لە ئازار و مەترسییەکانی سەر کوردستانیان.

ئەمانە هەوڵێک بوون بۆ ئەوەی بێدەنگیی سیاسی بەرانبەر ڕووداوەکان بشکێنرێت و ڕاست و دروستیی کارەسات و نەهامەتییەکانی ڕۆژئاوا بگەیەنرێت بە میدیا و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و سەرکەوتوو بووین. ئامانجی سەرەکیی ئەم خۆپێشاندانانە پاراستنی مافە بنچینەییەکانی مرۆڤە؛ مافی ژیان، مافی ئازادی، مافی زمان و ناسنامە و گەڕاندنەوەی شوناسی کورد لە سووریا. ڕەوەندی کوردی لە ماوەی ڕابردوودا ئەوەیان سەلماند کە کورد لە هەر شوێنێکدا بێت؛ هەمان جەستەی کوردە لە کوردستاندا، بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی و مرۆڤایەتی لەسەر شانە دژ بە توندوتیژی و پاکتاوکردنی نەتەوەی کورد.

هەروەها خۆپێشاندانەکان داوای لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی و سزادانی تاوانباران و ڕاگرتنی هێرشی سەربازی دژی ناوچە کوردنشینەکان دەکەن. ئەمانە پەیامێکن بۆ حکومەتە زلهێز و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە بێدەنگن بەرانبەر ئەم تاوانانە.

لێرەدا دەمەوێ ئەوە بڵێم؛ خۆپێشاندانەکانی ڕەوەندی کوردی لە تاراوگەدا؛ پەیام و نیشانەی یەکگرتن و هۆشیاریی نەتەوەیی بەهێزن. ئەم دەنگ و هەڵوێستە نەتەوەییە؛ بێگومان بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی دادوەری و ئاشتی و مافەکانی خەڵکی ڕۆژئاوا دەستەبەر دەبێت. هەڵوێستی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی کوردستان، لە دامرکاندنی قەیرانەکە و بەهاناوه‌چوونی لێقەوماوان کاریگەر بوون لە بەردەوامیی دەربڕینی هەڵوێست و بیروڕایان بەرانبەر ڕووداوە تراژیدییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، دکتۆر مەدحەت سلێمان، سیاسەتمەدار و شارەزا لە پرسە نێودەوڵەتییەکاندا، بەم شێوەیە ئاماژەی بە ڕووداوەکان کرد و گوتی: لە ئەنجامی ئەو هێرشە دڕندانەی حکومەتی سووریای کاتی لە ژێر سەرۆکایەتیی ئەحمەد ئەلشەرع و بەرەی نوسرەی تیرۆریست؛ دژی ڕۆژئاوای کوردستان بە هاوکاریی وڵاتانی هەرێمایەتی، بەداخەوە چەندین کچ و کوڕ و خێزانی کوردیان گوللەباران کرد… ئەمەش بووە هۆی نیگەرانی و مەترسی لەسەر بوونی کورد لە ڕۆژئاوادا. لەم ڕووەوە و لەسەر ئاستی سیاسی؛ مەرجەع و سەرکردایەتیی کورد (سەرۆک بارزانی) لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی، ڕۆڵێکی کارای گێڕا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە و پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع و هەسەدە و ڤاتیکان و ئیتاڵیا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە بە شێوەیەکی ئاشتییانە و دادپەروەرانە، هەروەها لەسەر ئاستی مرۆیی و بەهاناچوونەوە سەرۆک بارزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستکراوە کرد بۆ گەیاندنی هاوکاری لە خۆراک و خزمەتی تەندروستی و دەستەبەرکردنی سووتەمەنی و کەلوپەلی ژیانی ڕۆژانە… هتد.

هەروەها لە لایەکی دیکەشەوە؛ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەسەدە و ئەحمەد ئەلشەرع کەوتە گفتوگۆ و دانوستان بۆ فەراهەمکردنی کەشێکی ئاشتی و ڕاگرتنی شەڕ و دەستپێکردنی گفتوگۆی ئاشتییانە. سەرۆکی حکومەتی کوردستانیش؛ لە ڕێگەی حکومەت و بەخشینی هاوکاری و یارمەتی، دەستی بە جموجۆڵەکان کرد بۆ هاوکاریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان. لەگەڵ ئەو بەهاناچوونە؛ خەڵکی کوردستان درێغییان نەکرد لە کۆکردنەوەی هاوکاری و پێداویستیی ڕۆژانە بۆ لێقەوماوانی ڕۆژئاوا، لەگەڵ ئەمەش دەستیان کرد بە خۆپێشاندان و گردبوونەوە لە سەرانسەری کوردستان.

هەڵبەت کوردانی دیاسپۆرا هەستان هاوشانی خەڵکی کوردستان (وەک یەک جەستە) لە چوارچێوەی یاسا و ڕێنماییەکانی ئەو وڵاتانەی کە لێی دەژین؛ دەستیان کرد بە خۆپێشاندانی ئاشتییانە دژی کوشتن و بڕینی گەلی کورد لە ڕۆژئاوادا. شایانی باسە ڕاگەیاندنەکانی کوردستان ڕۆڵێکی باشیان گێڕا تا دەنگ و ڕەنگی کورد بە جیهان بگەیەنن. خۆشبەختانە بە ملیۆنان خەڵک لە باشووری کوردستان و لە دەرەوەی وڵات بەشدارییان تێدا کرد.

ئەوەی لە هەمووی گرنگتر بوو سلۆگانەکانی (یەکە.. یەکە.. یەکە.. کوردستان یەکە) بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان؛ هەڵوێستێکی زۆر گرنگ بوو لەلایەن کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان. بێگومان ئەو یەکڕیزی و کۆکبوونەی کورد لەسەر دروشمەکان و ئاڵای کوردستان؛ داگیرکەرانی هەژاند و وڵاتانی جیهانی هێنایە دەنگ. سەرەڕای ئەو ناخۆشییانەی هەموو جارێک دوچاری گەلەکەمان دەبنەوە؛ جێگەی خۆشحاڵییە کە دەبینین لە کاتی هەڕەشە لەسەر بوونی کورد (لە هەر پارچەیەکدا بێت)؛ کوردانی وڵات و تاراوگە یەک دەنگ و یەک جەستە و یەک هەڵوێستن.

پێویستە پەرە بەم ئینتیما نەتەوەیی و هەڵوێستە نیشتمانپەروەرییە بدرێت، لەبەر ئەوەی هێز و بوونمان لە یەکگرتووییماندایە. خۆپێشاندانەکانی تاراوگە یەکێکن لە کڵپەکانی یەکبوونی کورد لە بارەی قەیرانی ڕۆژئاوا؛ فەزیلە شۆڕش، چالاکوانی ڕێکخراوەیی لە بواری ئافرەتاندا دەڵێت: مێژوو سەلماندوویەتی کە کورد هیچ کاتێک قبووڵی نییە ببێتە ئامراز و پاشکۆی هیچ داگیرکەرێک، بۆیە ئەو کارەساتانەی کە بە درێژایی مێژوو بە سەر گەلی کورددا هاتوون، دەگەڕێتەوە بۆ عەقڵییەتی چەوساندنەوەی گەلی کورد و خۆنەچەماندنی کورد بۆ داگیرکەران.

بۆیە هەرچەند وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان ئینکاریی پێکەوەژیان و ئازادیی گەلی کورد بکەن؛ ئەوەندە کورد سوور دەبێت بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی، هاوئاراستە بە گیانی برایەتی و پێکەوەژیان و ئازادی لەگەڵ ئەو نەتەوە و ئایین و ئایینزایانەی لەگەڵیدا دەژین. هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ڕۆژئاوا، ئاماژەیەکە لە لایەن حکومەتی وڵاتی سووریا لەسەر ڕەتکردنەوەی پێکەوەژیان و ئازادی و پێشێلکردنی دیموکراسی لە خودی سووریادا. بۆیە کاتێک لە سووریا هێرشی شۆڤینی کرایە سەر بوونی کورد لە ڕۆژئاوا؛ کوردان لە زۆربەی زۆری وڵاتانی تاراوگە بە یەک دەنگ و یەک ڕەنگ و یەک هەستانەوە، بە هەڵوێستێکی نیشتمانپەروەرانە هاتنە سەر شەقام.

جێگەی خۆشحاڵی و شانازیی هەموو تاکێکی کورد بوو کاتێک لە پرسێکی ئاوا نەتەوەییدا؛ کوردانی دەرەوەی وڵات بە ئافرەت، پیاو و منداڵانەوە؛ شەقامەکانی تاراوگەیان کردە گۆڕەپانی بەرگری و پاڵپشتی لە بوون و خواستە ڕەواکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوادا. هەموو تاکێکی کورد لە تاراوگەدا بە جۆش و خرۆشێکی بەرزەوە پەیامی یەکبوونی کورد و ئاشتی و ئازادیی بۆ کوردستان بە جیهان گەیاند. ئەم هەڵوێستە یەکگرتوو و یەکدەنگەی کوردانی تاراوگە، دوژمن و ناحەز و داگیرکەرانی سەرسام کرد و خەمۆکی و شکست ناخی ناحەزانی داگرت.

پێم وایە ئەو هەڵوێستە جوامێرانەی ڕۆڵەکانی کورد لە تاراوگەدا، سەرەتای قۆناغێکی تازەی خەباتی هاوچەرخی گەلی کوردە لە پێناو ئازادی و مافی چارەی خۆنووسین. خۆپێشاندانەکانی تاراوگە؛ بە یەک لە کڵپە؛ یەک دەنگ؛ یەک ڕەنگ؛ یەکبوونی کوردە و پەیامە ڕاستەقینەکەی بیری نەتەوەییە کە مەزنترین و بەرزترین دەستکەوت بۆ گەلی کورد مسۆگەر دەکات و تاکە ڕێگەی ڕزگارییە لە داگیرکەرانی کوردستان.