د. نەسرەدین ئیبراهیم گۆلی*
جارێكی دیكە مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە. ئەم جارەش مێژووی ناداپەروەرانە رق و کینەی خۆی بەسەر كورد دا دەڕێژێتەوه. ئەم جارە ژەهری خۆی بەسەر رۆژئاوای كوردستاندا دەڕێژێت. جارێكی دیكە سەلمێنرا كە كورد قوربانیی سادیزمی سیاسییە، و سیاسەت نە ویژدان، نە دادپەروەری، نە بەزەیی، نە ئەخلاق و نە مرۆڤایەتی دەناسێ. ئەم جارە تراژیدیای كورد رووی لە رۆژئاوای كوردستان كردووە و تا ئەم ساتەش دیار نییە جیهان و ناوچەی نەخۆشدەروون چۆن و چەند كورد لەم پارچەیەی كوردستان دەكاتە قوربانیی سیاسەتە سادیزمییەکانی ناوچەکە و جیهان.
بەپێی فەرهەنگی ئۆكسفۆردی سایكۆلۆژی لە بەرهەمی كۆڵمان (Andrew Colman, 2009:670) سادیزم لە ناوی نووسەری بەناوبانگی فهڕەنسی كۆمتێ دۆنێتین فرانكۆس دۆ ساد، كە بەناوی ماركوس دۆ سادیسەوە دەناسرێت، وەرگیراوە، كە ئەم رەفتارەی لە رۆمانەكانی خۆی بە تایبەت (120 رۆژی سادۆم، 1785) و (ژوولیت، 1769) بە تێروتەسەلی دەهێنێت، كە لە سەردەمی شۆڕشی فهڕەنسادا ژیاوە و ئەم چەمكەی وەك مەیلی ئازاردانی كەسانیتر لە رێگەی سێكس و چێژوەرگرتن لەو رەفتارە وەسف دەكات، بەڵام بە لێكدانەوە گشتییەکەی ئەمڕۆ ئەم چەمكە بۆ هەر جۆرە ئازاردانێكی كەسانی دیكە، چ فیزیۆلۆژیك بێ یان سایكۆلۆژی، شكاندن و ئابڕووبردن و سووككردنی بەرامبەر و تەنانەت تەماشەكردنی هەر یەكە لەم حاڵەتانە و چێژوەرگرتن لێی بەكاردەهێنرێت. پرۆفیسۆر دكتۆر تەقی كیمیایێی ئەسەدی، پسپۆری مێشك و دەمارەكان لە زانكۆكانی ئەمریكا، كە لە بەرهەمەكانی خۆیدا بۆ شرۆڤەی ئەم رەفتارە و رەفتارە شەڕانگێزییەكانی مرۆڤ، كە ئەو پێیوایە بە دەگمەن لەنێو گیانەوەرانیتردا تێبینی دەكرێت، پشت بە تیۆری پەرەسەندنی شاهی زانایان، چارلز داروینی بەریتانی دەبەستێت، وای بۆ دەچێ كە ئەشكەنجە و ئازاردانی ئەنقەستی مرۆڤەكانیتر لە لایەن كەسێكی دیكە و چێژوەرگرتن لێی نەك تەنها نائەخلاقی و دوورە لە بەها مرۆڤایەتییەكان، بەڵكۆ لە ڕوانگەی زیرەكایەتی ( زەكاوەت یان intelligence) یش بە هیچ جۆرێك هیچ پاساوێك هەڵناگرێ، چونكە ئەو كەسە لە بەرامبەر ئەو ئازار و ئەشكەنجەدان و سووكایەتی پێكردنەی قوربانییەكەی بەرامبەری خۆی و ئەو زیانەی كە بەری دەكەوێ و زۆرجار بە بەهای گیانیشی تەواو دەبێ هیچ سوودێك نابینێ و هیچ كاریگەریی بەسەر مانەوە و بەختەوەری خۆی لەم رەفتارەی خۆی نابێ.
ئەم رەفتارە قێزەوەنە نەك تەنها لەسەر ئاستی كەسی، بەڵكو لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی و سیاسیش لەنێو كۆمەڵگە جیاوازەكاندا، بەتایبەت ئەو كۆمەڵگە بەدشانسانەی كە لە بەدشانسیی خۆیان و بەپێی رێكەوت و لەسەر بنەمای لەوانە ئەگەرییەكانی سروشتی نادادپەروەری گەردوون و جیهان، وەك فەیلەسووفانی وەك بارۆخ سپینۆزای هۆڵەندی جەختی لێوە دەكات، لە لایەن كەسانی دیكتاتۆرەكانەوە بەڕێوەدەبرێن و بە ناچاری و بە بێ ئیرادە و ویستی خۆیان تێیكەوتوون و بوونەتە قۆچی قوربانیی ئەم دیكتاتۆرانەی سادیزم سیفەت و نموونەی هەرە زیندووی ئەو كۆمەڵگە بەدشانسانەش كوردە، كە لە بەختی رەشی خۆی بەسەر چوار پارچەی جیاوازدا دابەشكراوە و لە هەموو پارچەكانیش بەوپەڕی سیفەتی سادیزمانەوە هەڵسوكەوتی لەگەڵدا دەكرێ.
پرۆفیسۆر ئەسەدی، لە بەرهەمەكانی خۆیدا وای بۆ دەچێ كە ئەو رەفتارە هاروهاجەی سادییەتی لە چەند هەڵوێستدا بەدیدەكرێن. لە جۆرێکی هەڵوێستەكاندا دەكرێ ئەو رەفتارە شەڕانگێزییانە بەرهەمی تووندوتیژیی كەرەستەیی بێ. لە سۆنگەی ئەوەی كە هەڕەشەكردن بە ئەشكەنجە هەمیشە لایەنی بەرامبەر دەترسێنێ، حكومەتە دیكتاتۆرەكان بۆ پیشاندانی تووندوتیژی و دڵڕەقی خۆیان و بەردەوامیدان بە حكومەتە ناڕەوایەكەی خۆی، بەردەوام نەك تەنها پەنا بۆ ئەو جۆرە رەفتارانە دەبات بەڵكو لە رێگەی دەزگاكانی راگەیاندن ئەو رەفتارانە بەرجەستە دەكات، چونكە پێیوایە بە شاردنەوەی ئەو ئەشكەنجەدان و رەفتارە سادیزمییانەکەی ڕۆڵی رێگریكەرانەی خۆی لەدەست دەدات. بە نموونە لە داعشدا بینیمان كە بە چ شێوەیەك، لە كاتێكدا بە فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیای خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی شارستانیەتی رۆژئاوادا كار دەكەن، بەڵام لە هەمان كاتدا و لە چوارچێوەی پارادۆكسی بنیاتی دروشمەكانیان بۆ زیاتر ترساندنی لایەنی بەرامبەر و هەوڵدان بۆ دەستگرتن بەسەر كۆمەڵگە ناكۆكەكان لەگەڵ بیروباوەری خۆیان، چۆن سوودیان لە دەزگا و ئامێر و تەكنەلۆژیای پێشكەتووی راگەیاندنی سەردەمیانە بینیوە، كە بەرهەمی كار و شەونەخوونی تاكی رۆژئاواییە و ئەوان بە ماندووبوون و كۆڵنەدان و ماندووبوونی خۆیان دایانهێناوە، وەرگر لە پێناو بڵاوكردنەوەی راستەوخۆی توندوتیژی و دڕندایەتی خۆی و پێشاندانی دیمەنی ئەو قوربانیانەی لەسەردەستی ئەوان سەردەبڕدران یان دەسووتێنران و لەنێودەبران، و نموونەشی شەهیدكردنی قارەمانی هەمیشە زیندووی كوردستان، هوجام سوورچی بوو. نموونەی دیكەی لە سێدارەدانی سەدان لاوی كوردە لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە بیانووی بێبنەمای دژایەتیكردنی دەسەڵات یان ئایین و بنەماكانی ئایینی و … هتد، لە بەرچاوی خەڵك و لەسەر شەقامەكانە، كە نەك تەنها ئەوپەڕی دڕندایەتییە، بەڵكو ڕاكردنە لە بەرپرسیارەتی لە گەڕان بەدوای سەرچاوەی ناڕەزایەتییەكانی تاكی كۆمەڵگە و دۆزینەوەی هۆكاری راستەقینەی ئەو ناڕەزایەتییانە و چارەسەركردنی ئەو كێشە و گیروگرفتانە لەسەر بنەماكانی لۆژیك و عەقڵانییەت دا بە ئەزموون پیشانیداوە نەك تەنها رێگر نەبووە لە ناڕەزایەتییەكانی دواتری خۆی بەڵكو ئەوەندەی دیكەش هاندەری خەڵك بووە بۆ دژایەتیكردنی حكومەت.
هەڵبەت نابێ ئەوەش لە بیر بكەین كە ئەو رەفتارە سادییانە شتێكی نوێ نین و لە شارستانیەتە جیاوازەكان تەنانەت ئەو رەفتارانە وەك جۆرێك رابواردن و دەم بەسەربردنیش بەكار دەهێنران، بەڵام لە هەمان كاتدا و خۆی لە خۆیدا ئەو رەفتارەش بەشێك لە سادیزمی كەسایەتی ئەوانەیە كە ئەو جۆرە بۆنە و رێوڕەسمانە رێكدەخەن. چێژوەرگرتن لە بەگژیەكترداچوون و شەڕكردنی دوو گلادیاتۆر یان ناچاركردنیان بۆ ئەوەی لەگەڵ گیانەوەرێكی دڕندە وەك شێر یان پڵینگ یان ورچ دەستەوەیەخە ببنەوە و تا دوایین هەناسە بجەنگن، لەو شارستانیەتانە جۆرێكن لە رەفتاری سادیستی سەردەمی خۆی. هەڵبەت ئەو جۆرە رەفتارانە، وێڕای تووندوتیژی و دڕندایەتییان هێشتان و بە جۆرە و ئاستێكی دیكە لە نێو كۆمەڵگە جیاوازەكاندا بەدیدەكرێت، تەنانەت كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان و ئەو حاڵەت و دۆخەی كە لە لایەن خەڵكی بە ئاسایی لە قەڵەم دەدرێن، وەك تەماشەكردنی بەشەڕهاتنی دوو سەگ یان دوو گیانەوەری دڕندە یان تەنانەت دوو كەڵەباب و كەو یان تەماشەكردنی یاریی بۆكس لە نێوان دوو بۆكسێنەر، یان دوو تیمی وەرزشی و چێژوەرگرتن لەو شەڕانە و بە خەیاڵی خۆیان رابۆاردنی دەم لەبەردەم ئەو رەفتارەی كە لە هەندێ حاڵەتدا وەك شتێكی ئاسایی لە قەڵەم دەدرێن، بەڵام لە ناوەڕۆكدا بەشێك یان ئاستێكی سادایزمی ئەو كەسانەیە كە بەدیار تەماشەكردنی ئەو یارییانە و دۆڕاندنی لایەكیان چێژ وەردەگرن. بەداخەوە كە هەندێك لەو رەفتارانە لەسەر ئاستی نەستی (لاشعوری) ئەنجام دەدرێت، و كەسی ئەو خەسڵەتەی تیایدایە بێ ئەوەی هەست پێبكات ئەو رەفتارە قێزەونە ئەنجام دەدات و ئەگەر لێی بپرسی لەوانەیە پێت بڵێت: “ بۆیە تەماشەی ئەو یاری تۆپی پێ دەكات چونكە حەز دەكات فڵان تیم ببات و ئەوەی دیكەیان بدۆڕێنێ!” و یان یاریی تاوڵە یان دۆمینە و رەفتارەكانی كەسی براوە لەگەڵ دۆڕاوەكە ئەوە هەمان ئەو سادیزمە شاراوەیەیە كە لە ناخی ئەو جۆرە كەسانەدا هەیە و كاتێك لایەن یان تیمێك دەبات و ئەوەی دیكەیان دەدۆڕێنێ، لە كاتێكدا كە ئەوە وەك پسپۆرانی سایكۆلۆژیا بڕوایان پێیەتی ئاستێكی سادیزمییە لە لای ئەو كەسانە. حەزی بێوێنەی مەیلێكی بەهێزی ئەوەی یەكێك بباتەوە و یەكێکی دیكە بدۆڕێنێ، كە بەداخەوە هەموو سەردەمێك بوونی هەبووە و ئێستاش و وێرای پێشكەوتنی مرۆڤایەتی و چەندەها توێژینەوەی زانستی لەم بارەیەوە، بوونی هەیە و لەنێو بەشێكی زۆر لە كۆمەڵگەكاندا بەدیدەكرێ و ئەوەی لە هەمووی ناخۆشترە ئەوەیە كە كاتێك ئەو رەفتارە سادیزمییانە دەگاتە ئەو ئاستەی كە قوربانیانی ئەو رەفتارە رەگەز یان نەتەوە و یان چینێكی دیكەی كۆمەڵگە بن، كە لە مێژووی دوور و نزیكدا و بە پێی سەرچاوەكان تەنها جەنگەكانی جیهانی یەكەم 15 ملیۆن و جەنگی جیهانیی دووەم 55 ملیۆن، جەنگی مەغۆلەكان 40 ملیۆن، شەڕی نێوخۆی مائۆ لە چین 40 ملیۆن، تاوانەكانی جۆزێف ستالین 20 ملیۆن و بازرگانی كۆێلەداری 37 ملیۆن و … هتد، قوربانی هەبووە، كە بە بەراورد لەگەڵ ئێستای دانیشتوانی گۆی زەوی خۆیان لە چەند ملیار قوربانی دەدات.
ئەو نەخۆشدەروونانەی كە بە ئامانجی چێژوەرگرتن ئافرەتان بەدیل دەگرن و دەڕفێنن و لە لایەن سێكسییەوە زۆریان لێدەكەن، وەك ئەو كارەی كە داعشەكان لەگەڵ ئافرەت و كچ و ژنانی كوردی ئێزیدی كردیان و دواتر لە بازاڕەكان فرۆشتیان یان لە رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ شەڕڤانان كرا و بۆ شكاندنی كەرامەتیان لە نهۆمی چەندەم فڕێدرانە خوارەوە یان كەزیهكهیان بڕی، ناشرینترین جۆری سادیستی لە نێو هەموو مرۆڤایەتی بووە كە بە پشتبەستن بە ئایدیۆلۆژیایەكی تاریكپەرستانەی چەواشەكار ئەنجامدران و رەنگدانەوەی بوونی نەخۆشیی سایكۆلۆژییە لە نێو ئەو كەسانەدا و بەپێی پێوەرە وەهمیەكانی خۆیان و لەسەر بنەمای ڕق و كینەی بەرامبەر بە رەگەزی مێ و كولتوورێكی دواكەوتووی بیابانی و بەدەوی، هەزاران قوربانی بەدوای خۆی هێشتووە، كە وێڕای هەوڵەكانی نووسینگەی سەرۆكی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی، هێشتا و دوای چەندین ساڵیش چارەنووسی بەشێك لە ڕفێنراوەكانی ئێزیدی نادیارە و ئەوە هەمان ئەو رەفتارە سادیستییانەن كە تەنانەت لە سەردەمی رژێمی بەعسیش دژ بە ئافرەتانی كورد ئەنجام درا و بەشێكیان لە وڵاتانی بەناو ئیسلامی عەرەبی ئەفریقی بە كەنیزە و كۆیلە فرۆشران و چارەنووسیان نادیارە و هەندێ جار دەبینین كە یەكێكیان لە وڵاتێك دۆزراوەتەوە یان رزگاركراوە.
جێگەی داخە، وەك پرۆفیسۆر ئەسەدی، ئاماژەی پێدەدات كە سروشتی مرۆڤ هەندێ پاڵدەری نێوخۆیی تیایدا هەیە كە فاكتەری چێژوەرگرتنی مرۆڤە لە ئازار و ئەشكەنجەدانی كەس یان گیانەوەرانی دیكە و نەخۆشدەروونیانەی دیتنی ئازار و گیانلەدەستدانی مرۆڤ یان گیانەوەرانی زیندووە، كە بە ناوی سەمای مەرگ (macabre) دەناسرێت. ئەوە هەمان ئەو پاڵنەرەیە كە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە منداڵێك چێژ لەوە وەردەگرێ كاتێك كە پێ یان باڵ و پەڕی كۆترێک لێدەكاتەوە، یان هێلانەی باڵندە تێكدەدات و یان میرووستانەكان و بنپێدەكات، یان بە بەرد چۆلەكە و باڵندەیەك دەكوژێ، بێ ئەوەی كە پێویستی بە خواردنی بێت، یان كاتێك كۆمەڵێك كەس لە دەوروبەری كوژراوانی رووداوێك كۆدەبنەوە تا مردنی پەیتا پەیتای ئەو كەسانەی بەچاوی خۆیان ببینن، یان كاتێك لە رۆژهەڵاتی كوردستان خەڵكانێك بە دیار پرۆسەی لەسێدارەدانی گەنجێك كۆدەبنەوە كە بە بیانو و بەناوی سیخوڕیكردن بۆ وڵاتێكی بیانی یان ئەندامبوون لە پارتێكی كوردی بەناو بەرهەڵستكار گیراوە، كۆدەبنەوە، یان ئەوانەی كە پارە و كاتی خۆیان بۆ تەماشەی فیلمی ترسێنەر كە تیایدا مرۆڤ و گیانەوەران بە دڕندانەترین شێوە گیانلەدەست دەدەن، خەرج دەكەن.
لە جیهانی سیاسەتدا جۆرێكی دیكەی رەفتاری سادیزمی دەبینرێت و ئەویش تەماشەگەری وڵاتان تەنانەت دیموكراسیترینیانە بەرامبەر بەو زۆڵم و زۆردارییەی كە دیكتاتۆرەكان لەگەڵ هاووڵاتییانی خۆیان دەكهن. میللەتی كورد لەم جۆرە رەفتارە سادیسزمییە زیاترین قوربانی داوە. لە سەردەمی دەسەڵاتی رژێمی بەعس و سەدامی گۆڕبهگۆڕ چەندین وڵاتی ئەورووپی چەكی كۆمەڵكوژی كیمیاوی بە رژێمی بەعس دەفرۆشت لە كاتێكدا كە دەیانزانی ئەو رژێمە دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری زاڵمه و دەكرێ ئەم چەك و تەقەمەنییە لە دژی هاووڵاتیانی خۆی بەكاربێنێ و هەرواشیكرد. هەزاران كەس بە چەكی كیمیاوی لە هەڵەبجە و بالیسان و بادینان و گەرمیان لە ژن و مێرد و منداڵ و پەككەوتە لەنێو چوون و هەزاران گۆند و ئاوایی بەم چەكانە خاپووركران، ئەو وڵاتانە تەنها وەك تەماشەکەر بەدیار ئەو تاوانانە دانیشتن و هیچ هەڵوێستێكیان نەبوو یان هەڵوێستەكانیان شەرمنانە بوون. لە رووداوەكەی دوای شازدەی ئۆكتۆبەر و تاوانەكانی دژ بە گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب و رۆژئاوای كوردستان و ئابلۆقەدانی دڕندانە و ناجوامێرانەی شاری كۆبانێ و مردنی منداڵانی بێتاوان لە سەرمای كوشندەی زستاندا و …هتد، هەمان ئەو رەفتارە سادیزمییانەن لە جیهان بینران. ئەو تاوانانە و زۆر تاوانی دیكەی هاوشێوە بەناوی بابەتێكی نێوخۆیی لەو وڵاتانەی كە كورد تیایدا دەژین لە دژی كورد پیادەكران و دەكرێن و جگە لە هەندێ وڵات كە ژمارەیان لە پەنجەكانی دەست تێناپەڕێت، دامەزراوەكانی نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێزی جیهان بە دیارییەوە دانیشتوون و نوقەیان لێوە نەهات، و بە ناوی كێشەیەكی نێوخۆیی مامەڵەیان لەگەڵدا كرد و رێگەیان دا كە ئەو وڵات و كەس و لایەنانە بەناوی پاراستنی سەروەری و یەكپارچەیی وڵات هەر زوڵم و زۆرداری و تاوانێك لە دژی كورد ئەنجام بدەن، هەمان ئەو هەڵوێستە ناجوامێریەی كە بەرامبەر بە پارچەكانی دیكەی كوردستان پەیڕەو دەكرێ، بێدەنگی بەسەر تاوانەكانی دژ بە كورد و مافە رەوا و سەرەتاییەكانی پەیڕەو دەكرێت، بەداخەوە وێرای ئەوەی كە كورد لە مێژووی دوور و نزیكدا زۆر قوربانی داوە و تەنانەت لە جەنگی دژ بە تاریكپەرستانی داعش پێشمەرگەی كوردستان بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی لە جیاتی تەواوی جیهان لە بەرانبەر ئەو تیرۆریستە نەخۆشانەی لەڕوی دەروونییەوە و سادیزییانە دەجەنگان، بەڵام هەڵوێستی ئەو وڵاتانە لە ئاست قوربانیدان و ماندووبوونەكانی میللەتی كورد نییە. بەواتایەكی دیكە ئەوان لەگەڵ لایەنی براوە و زاڵمدان، تەنانەت ئەگەر ئەو لایەنە تیرۆریستییانە بووبێ كە تا ماوەیەك بەر لە ئێستادا لە لیستی تیرۆریستەكاندا بووبێ و ملیۆنان دۆلاریش بۆ گرتنی وەك پاداشت دانرابێت و ئەمە خۆی لە خۆیدا جۆرێكی سادیزمی سیاسییە.
خۆشبەختانە و وێرای بوونی ئەم خەسڵەتانە لە ناخی بەشێك لە مرۆڤەكاندا، هەندێ بەربەست و رێگر هەن كە دژ بەو رەفتارە سادیزمییانە لە ناخ و دەروونی مرۆڤەكاندا هەن، كە بەهێزترینیان هاوژانی و هاوهەستی یان هاوسۆزی (sympathy) یە، كە چەكێكی سایكۆلۆژییە بەدەست مرۆڤەكان بۆ رووبەرووبوونەوە لەگەڵ مەیل و حەزی سادیزمی هەندێك لە دەروون نەخۆشەکان، ئەوەش لە رووداوی تاڵی جەنگی سوپای سوریای عەرەبی دژی رۆژئاوا خۆی لە یەكهەڵوێستی و یەكگرتنی كوردی هەموو پارچەكانی كوردستان و كوردستانیانی تاراوگە بوو كە بە یەكدەنگی ئەم كردەوە قێزەونەیان ریسوا و شەرمەزار و پڕۆتستۆ كرد، چ بە خۆپیشاندانەكانیان و چ بە كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ برایانیان لە رۆژئاوا و ئەوەی تریش بریتییە لەوەی كە كاتێك كە مرۆڤەكان لە ژانەكانی یەكتری تێبگەن و لە دڵ و گیانەوە هەستی پێبكەن و هەست بەوە بكەن كە ئازار گەیاندن و ئەشكەنجەدانی كەس و نەتەوە و وڵاتانی دیكە ئەشكەنجە و ئازاردانی خۆدی خۆیانە و ئەمە هەستێكی جوان و مرۆڤدۆستانەیە كە لە ناخیان دا پەیدا ببێ. لە سۆنگەی ئەوەی كە ئەو كەسانەی بەرامبەر بە قوربانیانی خۆیان رەفتاری سادیزمی ئەنجام ددەن، لە هەڵسەنگاندنی خۆیان بۆ ئەم دۆخ ئەو ئەشكەنجە و ئازارە بە شێوەیەكی بابەتیانە و لۆژیكییانە و زانستی و مرۆیانە هەڵناسەنگێنن، بۆیە ئەو هاوسۆزییەی تیایدا بەدیناكرێت و لەپێناو نەهێشتنی ئەو ناهاوسەنگییە و رێگریكردن لە زیانگەیاندن بە كەسانی دیكە ئەو كەسانە پێویستیان بەوەیە كە بە چاوی بەرژەوەندی خۆیان تەماشەی بەرژەوەندی كەسانیتریش بكەن و میكانیزمێك لە ناخی دا دروست ببێ كە هەستێكی رێگر لە دەروونیدا دروست ببێ كە پرۆفیسۆر ئەسەدی بەناوی “ خۆگۆنەهباركردن” ناوی دەبات.
ئەزموونی تاڵی جەنگەكانی كورد و بەرخودانی و سەركووتكردنی شۆڕشەكانی بە دڕندانەترین شێوە لە لایەن نەیارانی، چ لە رابردوو و چ لە نیزیكترین نموونەی خۆی كە رۆژئاوای كوردستان بێ پیشانیداوە كە تەنها رێگەی چارەسەری كێشەی كورد خۆی لەو چەمكەدا دەبینێ كە لە نێو داگیركەرانی كوردستانیش نەوەیەك پەیدا ببێ بە پێچەوانەی نەوەكانی رابردوو و باب و باپیرانی خۆی بگاتە ئاستی خۆگونەهبار و تاوانباركردنە كە ویژدانیان بجووڵێنێت و بگەنە ئەو بڕوایەی كە ئەوان وەك سێ نەتەوەی كە كوردستانیان بەسەردا دابەش و پارچەپارچە كراوە لە سەدان و هەزاران ساڵی رابردووی زۆر ناجوامێرانە و دوور لە بەها و پرەنسیپەكانی مرۆڤایەتی مامەڵەیان لەگەڵ كورد و دۆزە رەوایەكەیدا كردوویانە و جگە لە چەوسانەوە هەمیشە ویستوویانە بە كەڵەگایی پرۆژەكانی خۆیان و بەتایبەت كولتوور و زمان و فەرهەنگ و سیاسەت و بەهاكانی خۆیان بەسەر میللەتێكی وەك كورد، كە خاوەن كولتوور و فەرهەنگ و زمان و خاك و بەها و دابونەریت و مێژوو و جۆگرافیای خۆیەتی، بسەپێنن و كوردیش خاوەن شكۆ و كەرامەت، هەمیشە لە دژی ئەو كەڵەگاییە وەستاوە و ملكەچی پرۆژەكانی ئەوان نەبووە و بە “خۆنەچەماندن”ی كورد سەدان تراژبدیای خوێناوی دژی ئەو گەلە زیندووە روویداوە و جێگەی داخە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە تێڕوانینی سادیزمییەكەی خۆی تەنها تەماشەکەری ئەو چەوسانەوە بوو و دوایین نمووونەشی هەڵسوكەوتی نێودەوڵەتی و سووپای سووریای عەرەبی بوو لە دژی گەڕەكە كوردنشینەكانی شاری حەلەب و رووداوە تاڵەكانی دواتریشی، كە پێشانیدا كە سادیزمی سیاسیی وەك تاری جاڵجاڵۆكە مێشكی جیهانی تەنیوە و لە ئاست ئەو تاوانانەی كە بەناوی جیاوازی وەكوو پڕۆژەی فڵان بەسەر كورد دێت بێدەنگ و بێهەڵوێستن.
تەنیا ئۆمێدێك كە دەتوانرێ وەك هیوایەك بۆ رزگاربوونی كورد لە بندەستی و چەوسانەوە، و گەیشتن بە ئازادیی هەمیشەیی لە چوارچێوەی وڵاتێكی سەربەخۆ و خاوەن قەوارە و سنوور و جوگرافیای خۆی تەنها كاتێك دەستەبەر و مسۆگەر دەبێ كە لە نەوەكانی داهاتووی ئەو نەتەوانە كەسانێك پەیدا ببن كە ئەو هەستە لایان بەرجەستە و دروست ببێ و بگەنە ئەو ئاستەی كە خاوەندارێتی كیانێكی سەربەخۆ بۆ میللەتی كورد بە رەوا ببینن و دەست لە كەلەڕەقی سیاسیی و سادیزمیی خۆیان هەڵگرن و ئەوەش كاتێك روودەدات كە لە پڕۆگرامەكانی خوێندن و پەروەردەی خێزانی ئەو نەتەوانە ئاسەواری سادیزمی سیاسیی لە رێگەی پەروەردەییەكی شیاو لەسەر بنەماكانی دیموكراسی و مرۆڤدۆستی و رێزگرتن لە جیاوازییەكان و تاكەكانی ئەو كۆمەڵگەیانە پێبگەیێنرێن، تا ئەو ئاستەی كە ئەوان بە دیتنی بچووكترین ژان و ئازار و ئەشكەنجەی میللەتی كورد سیستهمی ئەخلاقی و هاوسۆزیان بجووڵێ و توانایی كۆنترۆڵی سیستەمی لیمبیكی ( الجهاز الحوفی) یان بكەوێتە دەست و ویژدان و زانست و لۆژیك و ئاستە بەرزەكانی مێشك، تا بتوانن بە هۆیەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی میللەتێك بدەن كە ئەمرۆ نزیكەی 50 ملیۆن كەس دەبێ و نەك تەنها خاوەن وڵاتی خۆی نییە، بگرە بە دڕندانەترین شێوە لە هەموو لایەك لە لایەن هەڵگرانی جینی عەیبداری سادیزمی سیاسی و بەتایبەت لە نێو چینی سیاسیدا، دەچەوسندرێت و لە بچووكترین مافەكانی خۆی بێبەشدەکرێت كاتێك كەمترین ئاستی ئەو مافانەی پێدەدرێت، وا هەست دەكەن كە خێری پێدەكەن، و لە بیری دەكەن ئەوانە مافێكی سەرەتایی و ئاسایین كە دەبێ پێی بدرێن. ئەو كاتەی كە قوتابی دكتۆرا بووم لە شاری مۆسكۆی رووسیا قوتابییەكی دیكەی دكتۆرای بە ڕەچەڵەك عەرەب لەگەڵم بوو لەو زانكۆیە و جارێكیان پێی گۆتم:” ئێمە لە عێراق زیاتر لە كوردی وڵاتانی دیكەی ناوچەكە مافمان پێداون!” تێمگەیاند كە ماف دەستێندرێت نەك خێری پێدەكرێت، و ئەو مافە بە خوێنی هەزاران شەهید و قوربانی وەرگیراوە نەك خێرمان پێكرابێت. جا ئەگەر ئەوە تێڕوانین و بیركردنەوەی قوتابییەكی ئاسایی بێ، دەبێ ئەوانەی سیاسەت دەكەن به چ بیركردنەوەیەك لە ئێمە مانانان بڕوانن. تا ئەو جۆرە بیركردنەوەیە لە نێو تاكەكانی ئەو نەتەوانە بوونی هەبێ گەیشتن بە ئامانجەكانی كورد مەحاڵە و گەیشتن بە ئاستی “خۆتاوانباركردنی” سایكۆلۆژی و سیاسیی لە ئێستادا لە نێو ئەو نەتەوانە لە نزمترین ئاستی خۆیدایە، ئەگەر نەڵێین بوونی نییە، و لە میانەی سەدان ملیۆن كەس تەنها بە ژمارەی پەنجەكانی دەست هەن كە وەك ئیسماعیل بێشكچی سنوورەكانی ئەو سادیزمییە سیاسییەیان تێپەڕاندووە و هەستی هاوسۆزی و هاوژانی لەگەڵ كورد گەیاندوونی بەو بڕوایەی كە لە دژی ئەو بیركردنەوە و چەوساندنەوەیەدا خەباتێكی بێوچان بكەن و ئەمە لووتكەی رەوشت و مرۆڤدۆستیی ئەو كەسانەیە بە بەراورد لەگەڵ ئەو گورگە بۆرانەی كە هاوشێوەی داعشەكان تینووی خوێنی كوردانن و زۆر ئاساییە كە لە بن كاریگەری ئایدیۆلۆژیایەكی نامرۆڤدۆستانەی تاریكپەرستانە بە هەزاران گەنجی كورد لە سێدارە بدەن یان سەرببڕن یان رەفتاری نەشیاوی نامرۆڤانە لەگەڵ كچان و ژنانیان بكەن، كە گێڕانەوەی سەدان هەزار پەرتووكی پێویستە.
* پرۆفیسۆری یاریدەدەر/ زانكۆی زاخۆ