خەبات – عەلی بانیشاری
بەهۆی نەبەستنەوەی دوو هێڵی سەرەكی بە تۆڕەكانی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوەی گەڕەكان تاوەكو ئێستا ئاوی فریاگوزایی خێرا نەگەیشتووەتە چەند شوێنێكی دەوروبەری شاری هەولێر.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ دەڵێت: لە تەواوی پڕۆژەكە تەنیا 60 كیلۆمەتر تۆڕی ئاوە ماوە ببەسترێت بە هێڵی سەرەكی پڕۆژەی فریاگوزایی ئاوی خێرا ئەوەش وایكردووە تاوەكوو ئێستا ئاوی پڕۆژەكە نەگەیشتبێتە چەند گەڕەكێك. دەشڵێت: كۆتایی مانگی داهاتوو ئاو دەگاتە تەواو ئەو گەڕەكانەی پڕۆژەی فریاگوزایی خێرای ئاو دەیانگرێتەوە.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان بە (خەبات)ـی گوت: كاركردن لە پڕۆژەی گرنگی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی شاری هەولێر لە وەرزی زستانیشدا بەردەوامە و تاوەكوو ئێستا نزیكەی 85%ـی پڕۆژەكە تەواو بووە.
ئاماژەی بەوەشدا، درێژی تۆڕەكە 420 كلیۆمەترە، تائێستا توانراوە 360 كیلۆمەتری دابنرێت. زیاتر گوتی: دوو هێڵی سەرەكی ماوە، ئەویش لە ئایندەیەكی نزیكدا تەواو دەبێت. بەگوتەی ئاری ئەحمەد، ئەو دوو هێڵە سەرەكییەی كە ماون لە پڕۆژەكە تەواو بكرێن كەوتوونەتە سنووری شارەوانی دوو و سێ.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ گوتیشی: هۆكاری دواكەوتنی پڕۆژەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە 7%ـی پڕۆژەكە زیادكراوە. بەوتەی ئەو، ئەگەر ئەو زیادكردنە نەبوایە ئێستا 100%ـی پڕۆژەكە تەواو بوو بوو. لەبارەی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزایی خێرا ئەو بەرپرسەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: پڕۆژەكە تەواو بووە و هیچ گرفتێكی نییە و تەنیا وەرگرتنی ماوە.
پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێر لەلایەن كۆمپانیای كەی وەن بە گوژمەی 25 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت. پڕۆژەكە بریتییە لە بەستنەوەی هێڵە سەرەكییەكانی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاریی خێرا بە تۆڕەكانی ئاو.
لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر دوو پڕۆژەی ستراتیژی لە بواری دابینكردنی ئاوی خواردنەوە كەوتنە بواری جێبەجێكردن، كە ئەوانیش پڕۆژەی ئاو فریاگوزایی خێرا و تۆڕی ئاوی هەولێر بوون. پڕۆژەی یەكەم كە لەلایەن كۆمپانیای هێمن گروپ جێبەجێكرا بریتی بوو لە ڕاكێشانی دوو هێڵی ئاوی تیرە 1200 ملمی و دوو هێڵی تیرە 800 ملمی.
هەردوو هێڵەكە بەسەر شەقامی 120 مەتری و شەقامی 150 مەتری دابەش بوون، بەشێوەیەك هێڵەكان ئاو دەگوازنەوە لە نێوان هەردوو شەقامەكە و دەرەوەی شەقامی 150 مەتری و ژوورەوەی شەقامی 120 مەتری.
پڕۆژەی دووەم دابەشكردنی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی گەڕەكەكانی هەولێرە بە تیرەی جیاجیا تەواوكەری پڕۆژەی یەكەمە.
ئاری ئەحمەد پێشبینیكرد، تاوەكوو كۆتایی مانگی ئاداری ئەمساڵ لە 100%ـی پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێر تەواو ببێت. 20ـی شوباتی 2025 بەردی بناغەی پڕۆژەی تۆڕی ئاوی هەولێر دانرا.
لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەیان پڕۆژەی ستراتیژی لە سێكتەری ئاوی خواردنەوە جێبەجێكراون و بەشێكی دیكە لە پڕۆژەكان لە بواری جێبەجێكردندان.