سهرهتا وتار ههوڵهكانی دهزگای خێرخوازیی بارزانی له ژیاندنهوەی دوا هەناسەكاندا
ئیسماعیل عەبدولعەزیز
پەیامەكەی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ تەواوی كوردان لە كوردستان و دەرەوە و هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ رۆڵی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و ئەوانەشی كە لەم هاوكاری و كۆمەكردنانە بەشداربووینە، سەرەڕای پێزانینی بۆ رۆڵی راگەیاندنكاران، هێندەی دیكە بووە هاندەر بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی ، بەوەی ئەم سەرۆك و مەرجەع و پێشەوایە هەمیشە درك بە مەترسی و هاوكات هەماهەنگی و هاوكارییەكانی خەڵك و دەوروبەرەكەی دەكات و سوپاس و پێزانینیان ئاراستە دەكات، بۆیە ئێمەیەك وەكوو كارمەندانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەم پەیامەی سەرۆكمان بەهەند وەرگرت و بووە پاڵپشت و هاوكاریەكی بەهێز.
سەرۆك لەم پەیامەی ئەوەی چەندبارە كردەوە كە گەلی كورد جارێكی دیكە فریای یەكتركەوتنەوە و بوونە هاوخەم و پشتی یەكتر، راشكاوانەش وتی سوپاسی دڵسۆزی و خەمخۆری تەواوی رۆلەكانی گەلەكەمان دەكەم كە بوونە مایەی هاوكاری و پاڵپشت بۆ براكانیان لە رۆژئاوای كوردستان. هەروەها لەبەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا، سەرۆك مەسعود بارزانی وەك سەرۆكێكی نەتەوەیی پێزانین و سوپاسی ئاراستەی ئەو دام ودەزگا و كەسایەتی و لایەنانەش كرد، كە بەدەم داوا و ئاگاداریەكانیەوە هاتن بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ برا كوردەكانمان لە رۆژئاوای كوردستان.
ئیتر لێرەوە، بەپشت بەستن بەم پەیامەی سەرۆك مەسعود بارزانی، ئێمە لەم شوێنە كە هەرێمی كوردستانی باشوری عێراقە، لێرەوە و لە وەرزێكی تەواو جیاواز و چلە زستانێكی جیاوازتر لەسالانی پێشوو، كارەسات رووی لەبرا و خوشكەكانمان كرد لە رۆژئاوای كوردستان، كارەساتێك دەشێ ئاسایی بێت بۆ ئەوانەی سەردانی مەیدانیان نەكردوە بۆ ناو قوڵایی رووداوەكان و خەڵكە لێقەوماوەكەی، بەڵام بۆ ئێمە شۆكهێنەر و لێوان لێو بوو لە مەینەتی و تاسەباری. لە 21-01-2026 تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سنووری پەڕینەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان بۆ گەیاندنی کۆمەک و هاوکاری خەڵکی هەرێمی کوردستان
دەمەو بەیانییەكی زووی 31/1/2026، كە زۆرینە لەخەوێكی قووڵی دوای چاوەروانی و ماندووبوونێكی یەكجار زۆری دوای شەر و برسێتی بوون، ئەوا ئێمە وەكوو دەزگای خێرخوازیی بارزانی ، دەتوانم بڵێم یەكەم كاروانی هاوكاری بووین كاتێ گەیشتینە رۆژئاوای ولات و نیشتیمان وشاری حەلەب، لەوێشەوە بۆ شێخ مەقسود كە تیایدا 600 خێزانمان هاوكاریكرد و بەسەركردەوە. ئەم سەرمای زستانەش رێگر نەبوو لە خۆتێركردن و گەڕان بەشوێن تیكەیەك نان و پەناگەیەك بۆ خۆ گەرمكردنەوە، هەرئەوەشبوو وایكرد بەگەیشتنمان بۆ یەكەم وێستگەی گەیاندنی هاوكارییەكانمان كە شاری قامیشلۆ بوو لەرۆژئاوای كوردستان، ژمارەیەكی زۆری خەڵكی بەشمەینەت و لێقەوماوی ئەم بەشەی كوردستان، لە پیر و مناڵ و گەنج بە ژن و پیاویانەوە بێنە بەردەم كاروانی هاوكارییەكانمان و ببنە رێگر بۆ وەستاندن و گەیاندنی هاوكارییەكانمانپێیان. بەڵێ وەك مافێكی خۆیان، هاتنە بەردەممان و هەر 400 ئۆتۆمبێلی هاوكاریەكانیان راگرت و ئێمەش لێرەوە بەمجۆرە ئاوێتەی خەمو ناخۆشی و بەش مەینەتییەكانیان بووین:
400 بارهەڵگر، وەكوو نامەیەك بۆ هەر 4 پارچەكەی كوردستان
دوای دەربازكردنی سنووری دەستكردی نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای ولات، بەزیاتر لە 400 بارهەڵگرخۆمان كێشایە ناو شارەكانی كوردستانی رۆژئاوا، بەبێ رەچاوكردنی هیچ جیاوازییەك و بۆئەوەش خۆمان تەواو یەكلایكردبوەوە كە پێویستە بەهەر شێوە و جۆر و رێگەیەك بێت هاوكارییەكان بگەیەنینە برا و خوشكەكانمان لەم ناوە، بۆیە روومان كردە هەریەك لە شارەكانی (قامیشلۆ، دەرباسیە، عامودا، گركێ لگێ و دێریك). سەرەتا بیرمان لەوە كردەوە، هیچ شتێك بەقەد برسێتی بڕست لە مرۆڤەكان ناستێنێ و بێتاقەتیان ناكات، هەروەكوو وتراوە برسێتی رێیەكی لەهاری-یە. بۆیە هەر زوو دەستمانكرد بەدابەشكردنی بری زیاتر لە 100 هەزار ژهمه خواردەمەنی گەرم بەسەر ئەوهاولاتیانی ئەو شارانەی ئاماژەمان بۆیانكرد، بۆیە یەكەم پرۆسەی هاوكاریەكانمان بەسەركەوتوویی جێبەجێكرد.
گەرمكردنەوەی ناخە تەزیو و غەدر لێكراوەكان، لە زستان
هەنگاوی دوای دابەشكردنی خواردنە گەرمەكانمان خۆیان دەبینیەوە لە پركردنەوەی هەستی ناخ و سەرمای تاقەتپروكێنی زستانی ئەمجارە، بۆیە بیرمان كردەوە هەرچی زووە دەست بكەین بە دابەشكردنی سووتەمەنی، كە خۆی دەبینیەوە لە پێشكەشكردنی زیاتر لە 350 هەزار لیتری گاز بۆ خۆگەرمكردنەوە و بەكارخستنی رۆژانەیان. هاوكات لەگەڵ ئەوانەش دوای پێدانی خۆراكەكان و گاز، بیرمان كردەوە ئیتر بۆ شەو پێویستە پێخەف و بەتانی و كەرەستەكانی پاكەرەوەش ببەخشین بەسەریان، بۆ ئەوەی ئیشەكانمان بە رێكی برواتەرێوە. بەراستی لەوەشیان ئامانجەكەمان پێكا و سەركەوتووبووین.
ئەو برینانەی هاوكاری سارێژیان دەكات
دەشێ قسەیەكی خۆش برینی دڵێك چارەسەر بكات، هەروەك لە ئاینی پیرۆزی ئیسلام فێركراوین كە (قسەی خۆش لەبەهەشتەوە هاتووە). ئێمەش وەك دەزگای خێرخوازی بارزانی نەمر، و وەك فریادرەسێك سەرەرای خواردن و سووتەمەنی، بیرمان لەوەش كردەوە كە بێگومان بریندار و خەڵكی دڵ پر لە كول هەن كە یاخۆیان یا رۆڵەكانیان بوونەتە قوربانی و رەنگە برینداریشیان هەبێت، بۆیە لەهەولێر و دهۆكەوە تیمێكی پزیشكی خۆبەخشمان ئامادەكرد، بۆئەوەی بتوانن هاوكاری لێقەوماوان و بریندارە جەستەی و رۆحییەكان بكەن، ئەوانیش بێ دوو دڵی و سڵكردنەوە، ئەوەی لەدەستیان هات پێشكەشیان كردن.
راچلەكێنێك پێش بیركردنەوە
وەك ئەركێكی نەتەوەیی و مرۆیی، ئەوەی بۆمان كرا درێغیمان نەكرد، لەم رێگەشەوە ئەوەی بۆمان لوا پێشكەشی براوخوشكەكانمان كرد لە رۆژئاوای وڵات. ئەو كۆمەكانەش بێگومان نەك تەنها نوێنەرایەتی دەزگای خێرخوازیی بارزان دەكرد، بەڵكو هاوكاری و كۆمەكی تەواوی خەلكی كوردستان بوو لە هەر چوار پارچەكەی، كە خۆی دەبینیەوە لە خواردنی گەرم و ئامادەكراو و كەلوپەلی، خۆراك، گەرمكەرەوە، پێخەف و لۆجیستی، پیتاك و دەرمان و كەرەستەكانی پاككەرەوە.
پەیامەكەی سەرۆك مەسعود بارزانی ئەوەی پێوتین كە برایەتی لەكاتە ناخۆشەكان دوبارە دەبێتەوە و ئێمەش ئەوەمان جێبەجێكرد كەلەسەر شانمان بوو. ئەمجارەی هاوكارییەكان دەشێ كات و شوێن و سەردەمی روودانەكەی تەواو جیاواز بێت، بۆیە پەیامێكی گرنگتری بە كوردانی كوردستان دا و پێی راگەیاندن كە ئیتر كاتی ئەوەیە كە هەموو ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە هەتا بۆ دوژمنانی بسەلمێنن كە كورد لەهەر چوار پارچەكەی یەك ئامانج و یەك بریارە. بۆیە ئەم رەوشەی ئەمجارە ئەگەرچی زۆر كارەساتبار بوو بەڵام راچەلكینێكی بەخشی و زۆر كەس و لایەن و ولاتانی هێنایەوە هۆش، بەوەی كورد لەتەنگانە یەكدەگرنەوە و پشت بە خۆیان دەبەستن. سوپاس بۆ هەموو كەسایەتی و لایەنانەی بوونە دەستبارمان بۆ پێشكەشكردنی كۆمەك و هاوكاری بۆ خوشك و براكانمان لەرۆژئاوای كوردستان، كە بێگومان شوێندەستی ئەوان نەخشێكی لەبیر نەكراوە و ماڵی هەمووان ئاوا و سەركەتووبن.