لە (٣٩)ـیەمین ساڵیادی کۆچی شەهیدی هەمیشە زیندوو ئیدریس بارزانی

32

عیماد تەها
دروشم و شیعاری هەتاهەتاییمانە کە ئەگەر گوللەی دوژمن وەک باران ببارێت و لە هەر ڕەوش و قۆناغێکدا بین، پەیمانمان داوە هەموو ساڵێک یادت بکەینەوە، شەهیدی هەمیشە لەیاد.
ئەوەی کە دەینووسین تەنیا وەفایەکی کوردانە و ئەرکێکی پارتییانەیە، ئەگەر نا بە چەند دێڕ و لاپەڕەیەک ناکرێت و ناتوانین وەسفی گەورەیی و لێهاتوویی و سەرکردەیی هەمیشە لەیاد بنووسین و بکەینەوە.
ئیدریسی هەمیشە زیندوو لە هەموو قۆناغەکاندا توانیویەتی ڕۆڵ و پێگەی خۆی بۆ خزمەتکردنی گەل و نیشتمان و بەرگریکردن لە مافی ڕەوای میللەتێکی ستەمدیدە بسەلمێنێت کە کەسایەتییەکی لێهاتوو و شارەزا و سیاسەتمەدارێکی ئاشتیخواز و حەکیمانەیە، هەر بۆیە بووبووە جێگای ڕێز و متمانە و باوەڕی بارزانیی نەمر و جەماوەری کوردستان بە سەرجەم چین و توێژەکان و پێکهاتەکان و خۆشەویستی پێشمەرگە قارەمانەکان.
دوای نسکۆی (1975) کە ئاوارەی ئێران بووین، شەونخوونی و خەمخۆری جەنابیان بەرامبەر بە خەڵکی ئاوارە (پەناهەندە) ڕۆڵێکی یەکجار دیار و بەرچاو بوو بۆ ئەوەی ئاوارەکان هەست بە بێخاوەندارییەتی و نائومێدی نەکەن و بتوانن درێژە بە شۆرش و پێشمەرگایەتی و بژێوی ژیان و ماڵ و منداڵەکانیان بدەن.
هەروەها لەو قۆناغە سەخت و دژوارەدا کە پارتیمان لەژێر فشاری ئەمنی و سەختیی گوزەرانی ژیانی خەڵکی ئاوارەدا بوو و دوژمنیش هەمیشە لە کەمیندا بوو و هەوڵی دەدا کە ڕێگری بکات لە هەبوونی بیروباوەڕی پارتایەتی و کوردایەتی، هەروەها کێشەکانی ناوخۆی هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق ببووە خەم و بارێکی دیکە لەسەر شانی خواڵێخۆشبوو ئیدریس بارزانی.
هەموو ئەمانە پیلان و گوشاربوون بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی دۆزی ڕەوای میللەتێکی مافخوراو و زوڵملێکراو، بەڵام ڕۆڵی سەرکردەی مەزن و شارەزا ئیدریس بارزانی هاوتا لەگەڵ شانبەشانی سەرۆک مەسعود بارزانی و بە هاوئاهەنگی سەرکردایەتیی پارتیمان، توانییان تا ڕادەیەکی زۆر باش بەسەر کێشەکاندا زاڵ ببن و بە سیاسەتی حەکیمانە و ئاشتیخوازانە و نیشتمانپەروەرانەی خۆی توانی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە بۆ ڕزگاری و ئازادی و بەرگری لە مافی گەلی کوردستان. هەر هەمان سیاسەت و شارەزایی و دبپلۆماسییەتی بەڕێزیان بوو کە بووە جێگای باوەڕ و متمانەی دۆست و هێز و لایەنە سیاسییەکان کە بڕوایان بە کوردایەتی و پێکەوەژیان هەبوو، هەر بۆیە بە ئەندازیاری ئاشتی و تەبایی و پێکەوەژیان ناسراوە و ناوی دەبەن و بووبووە بەرگریکارێکی سەرسەخت بەرانبەر دوژمنان بۆ ئەوەی نەتوانن و زاڵ بن بەسەر دۆزی ڕەوای نەتەوەی کورد. بۆیە هەمیشە دۆست و دوژمن شاهید و گەواهیدەری ڕۆڵ و پێگە و کەسایەتی بەهێز و نیشتمانپەروەرانەی شەهیدی سەرکردە ئیدریس بارزانی دەکەن.
سڵاو و دروود و ڕێز دەنێرین بۆ تەواوی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی و ئازادیی و پاراستنی کوردستان، سەروەریان بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە لەیاد، ڕۆحیان شاد.