لە ماوەی 10 ڕۆژدا، لە هەولێر زیاتر لە 500 تۆن کەلوپەل و پێداویستی و کۆمەک بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کۆ کراوەتەوە.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ماوەی 10 ڕۆژە کەمپینی هەولێر بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ یارمەتیدانی خوشک و برایانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان كۆ کراوەتەوە و هەردوو ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان سەر بە پارێزگای هەولێر و دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەرپەرشتی کۆی پرۆسەکەیان کردووە و لە ماوەی ئەو ڕۆژانەدا، سەرباری ئەوەی کە یەک ملیار و 695, ملیۆن و 874,000 دینار کۆ کراوەتەوە، 504 تۆنیش کەل و پەل و پێداویستی کۆ کراونەتەوە.
لەبارەی شێوازی ئەو کەلوپەلانەشی کە کۆ کراونەتەوە، 325 تۆنیان خۆراکی وشکە و هەروەها 147 تۆنیان پێداویستی ناوماڵن وەکوو دۆشەک و بەتانی و بالیف و ئەو کەرەستانەی کە پێویستن. هەرچی دەرمان کەرەستەی تەندروستیشە 32 تۆنە. کۆی گشتیشیان 126 بار هەڵگرە کە لە ڕێگای دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە ڕەوانەی ڕۆژئاوای کوردستان کراون.